پێش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، چوارچێوەی هەماهەنگی گۆڕانکاری لە وەزارەتەکان دەکات
بڵند
١٣ی ئایاری ٢٠٢٦
ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای دەکات، کە گۆڕانکاری نوێ لە دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکاندا هاتوەتە ئاراوە و پێشبینی دەکرێت نەخشەی چەند وەزارەتێک پێش دانیشتنی رۆژی پێنجشەممە بگۆڕدرێت.
عەدی عەبدولهادی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە میدیاکانی عیراقی راگەیاندوە، کە کۆبوونەوە بەردەوامەکانی چەند سەعاتی رابردوو بوونەتە هۆی گۆڕینی هاوکێشەکان سەبارەت بە دوو وەزارەت، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەری هەیە سێ وەزارەتی دیکەش بکەونە ژێر کاریگەری ئەم تێگەیشتنە نوێیانە و لایەنی بەڕێوەبەریان بگۆڕدرێت.
ئەم جوڵە سیاسییە خێرایە لە کاتێکدایە، کە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ تەواوی رێککەوتنەکان کۆتاییان بێت بۆ ئەوەی وێنەی کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی ڕوون بێتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە رەسمی رایگەیاندوە کە سبەینێ پێنجشەممە، دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان لەسەر کارنامەی وەزاری و پێکهاتەی حکومەتەکەی زەیدی بەڕێوە دەچێت.



