ئێران پێنج مەرجی قورس بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دیاری دەکات
بڵند
١٢ی ئایاری ٢٠٢٦
ئاژانسی فارسی ئێران بڵاویکردوەتەوە، وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا، پێنج مەرجی سەرەکی داناوە و بە بێ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە ناچێتە دانوستانەوە.
ئاژانسەکە لە زاری لێپرسراوێکی وڵاتەکەیەوە ئەوەی خستوەتەڕوو، ئەو پێنج مەرجەی تاران وەک کەمترین گەرەنتی متمانەبەخشینە بۆ دەستپێکردنی هەر جۆرە دانوستانێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکادا وئەمەشیان بە دەسەڵاتدارانی پاکستان راگەیاندوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، مەرجەکانی تاران بریتین لە؛ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان بەتایبەت لە لوبنان، هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکان، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ و ددانپێدانان و قبوڵکردنی سەروەری ئێران لە گەروی هورمزدا.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئێران لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە هۆشداری داوەتە لایەنی ئەمریکی، کە بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکان لە لایەن هێزی ئەمریکاوە تەنانەت دوای ئاگربەستیش بێ متمانەیی تاران بەرانبەر بە واشنتۆن زیاتر دەکات.
ئاژانسی فارس باسی لەوەشکردوە، کە ئەو پێنج مەرجەی تاران لە وەڵامی پێشنیازێکی 14 خاڵی ئەمریکادا هاتووە و تاران پێیوایە بێ جێبەجێکردنی کردەیی ئەو مەرجانەی کە دایناوە، هیچ زەمینەیەک بۆ دانوستانی نوێ لەئارادا نییە و پرۆسەی متمانەسازی دەست پێ ناکات.



