سبەینێ دووەم دانیشتنی دادگایکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی بەڕێوەدەچێت
بڵند
١٣ی ئایاری ٢٠٢٦
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، لە دادگای رەسافەی بەغداد دووەم دانیشتنی دادگایکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی ، بە ئامادەبونی دەیان شایەتحاڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان بەڕێوەبچێت.
دوای كۆكردنەوەی سەدان بەڵگە و وەرگرتنی سكاڵا لە شایەتحاڵانی ئەنفال، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بە ئامادەبونی دەیان شایەتحاڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی ناسراو بە جەلادەكەی نوگرەسەلمان لە دادگای باڵای تاوانەكان لە بەغداد ئەنجامدرا.
سەبەینێ پێنجشەممە، بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و بیستنی وتەی شایەتحاڵەکانی تر، بڕیارە دووەم دانیشتنى دادگاییەکە بەڕێوەبچێت.
لە دانیشتنەکەی پێنج شەممەى رابردودا، زیاتر لە 250 سكاڵا لەلایەن كەسوكاری ئەنفالەوە لەسەر عەجاج تۆماركرا بوون و 17 شایەتحاڵ و ژمارەیەك لە كەسوكاری ئەنفال لە دانیشتنەكەدا ئامادەبوون وتەیان لێ وەردەگیرا.
تاوانبار "عەجاج ئەحمەد حەردان" یەكێك بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە لە باشوری عیراق.
رۆژی 31ـی 7ـی2025، هەواڵی دەستگیركردنی لەلایەن نوسینگەی خانمی یەكەمی پێشووى عیراقەوە راگەیەندرا و داواش لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكان كرا پەیوەندیان پێوەبكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو تاوانبارە.



