لێپرسراوێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا "پنتاگۆن" هۆشداریدا لە بەرزبونەوەی تێچوی جەنگی ئێران و رایگەیاند بە گوێرەی خەمڵاندنەکانیان تێچوەکە گەیشتوەتە 29 ملیار دۆلار، ئەمە لە کاتێكدایە هەفەتەی رابردوو بە  25 ملیار دۆلار خەمڵێندرا بوو.

جۆڵز هێرستی،  جێگری وەزیری دارایی لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن)، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی پیراندا رایگەیاند، کە تێچوی جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە 29 ملیار دۆلار.

ئەم بڕە پارەیەی پنتاگۆن رایگەیاندوە، بەراورد بەو خەمڵاندنەی، کە کۆتایی مانگی رابردوو بڵاوکرایەوە، بە بڕی چوار ملیار دۆلار زیادی کردووە.

هێرست ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم زیادبونە بەهۆی تێچووە نوێکراوەکانی چاککردنەوە و گۆڕینی کەرەستە سەربازییەکان و هەروەها خەرجییەکانی ئۆپراسیۆنی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.

ناوبراو لە کاتی پێشکەشکردنی ئەم ئامارانەدا، کە پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری و ژنراڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ئامادەی بوون، جەختی کردەوە کە تیمەکانی ئەرکانی هاوبەش و دارایی بەردەوام خەریکی پێداچوونەوەن بەو خەمڵاندنانەدا.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر پنتاگۆن لە 29ی نیساندا تێچووی جەنگەکەی بە 25 ملیار دۆلار مەزەندە کردبوو، بەڵام ئێستا بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمریکا دەڵێن؛ خەمڵاندنە نوێیەکە گەیشتوەتە 29 ملیار دۆلار و ئەگەری گۆرانکاری زیاتریش هەیە.