پلاندانانی عیراق: كۆمەڵێك پڕۆژەی نوێ بۆ كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری جێبەجێ دەكەین
کەژان
١٣ی ئایاری ٢٠٢٦
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، كۆمەڵێك پڕۆژەی نوێی بۆ كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.
عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاند، كۆمەڵێك پڕۆژەی نوێی وەك بەشێك لە سێیەمین ستراتیژیی كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری لەلایەن وەزارەتەكەیانەوە جێبەجێ دەكرێن، بەڵام دەستپێكردنی ئەو پڕۆژانە پەیوەستە بە پەسەندكردنیان لەلایەن حكومەتی نوێوە لە قۆناغی داهاتوودا.
عەبدولزەهرە وتیشی: ئامانجی ئەنجامدانی ئەو پرۆژانە بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری و دابینكردنی هەلی كار و باشتركردنی گوزەران وبەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە لە گوند و ناوچە دوورەدەستەكان.
راشیگەیاند، ستراتیژییە نوێیەكە لایەنی ئابوری، پاراستنی كۆمەڵایەتی و باشتركردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لەو پارێزگایانەی زۆرترین پێویستییان پێیەتی، لەخۆدەگرێت.



