هەواڵەکانهەواڵەکان

چین جۆرە چەسپێکیان بەرهەمهێناوە لەماوەی سێ خولەک چارەسەری شکاوی ئێسک دەکات.

میدیاکانی چین بڵاویانکردوەتەوە، ئەو چەسپەی بەرهەمەهێندراوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو درزانەی ئێسک بەکاردێت کە بەهۆی زەبرەوە شکاون و زیانیان پێگەیشتووە.

ئاماژەیان بەوەشکرووە، ئەو بەرهەمە لەسەر 150 کەس تاقیکراوەتەوە و بە 180 چرکە توانیویەتی ئێسکەکە بەیەک بگەیەنێتەوە و سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، بەڵام تائێستا بەشێوەیەکی رەسمی بەردەست نییە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەو بەرهەمە ناوی لێنراوە "چەسپی ئێسک" هەروەها ئەو چەسپە دەتوانێت بەشێوەیەکی سروشتی لەگەڵ لەش و ئێسکی مرۆڤدا خۆی بگونجێنێت، هەروەها دوای بەیەکگەیشتنەوەی ئێسکەکە پێویست بە لابردنی چەسپەکە ناکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 کاتژمێری داهاتوودا ئاسمان ساماڵ دەبێت و لەهەندێک ناوچە پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان ساماڵ و لە ناوچەکانی باکور ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنی.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ دووشەممە پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ جگە لە ناوچەکانى رۆژهەڵات کەمێک نزمتر دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 36 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 34 پلەی سیلیزی

دهۆک : 37 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 39 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 37 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 34 پلەی سیلیزی

سۆران : 35 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 25 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 40 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خوشکی کیم جۆنگ ئون هۆشداری دەداتە ئەمریکا و کۆریای باشور و ژاپۆن، کە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەشی ئەو سێ وڵاتە کاریگەری خراپی لێدەکەوێتەوە.

میدیاکانی کۆریای باکور بڵاویانکردەوە، کیم یۆ جۆنگ راوێژکاری سەرۆکی کۆریای باکور و خوشکی کیم جۆنگ ئون هۆشداریداوە لە مانۆڕی سەربازی هاوبەشی ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشور و دەڵێت: ئەو مانۆڕە سەربازییە کاردانەوەی نەرێنی لێدەکەوێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە سوپای کۆریای باکور ئاشکرایکردووە، وڵاتەکەی و ئەمریکا و ژاپۆن، ساڵانە مەشقی سەربازی هاوبەش بە ناوی "لێواری ئازادی" ئەنجامدەدەن، کە لە 15ـی ئەیلولەوە دەستپێدەکات بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی ئۆپراسیۆنی ئاسمانی و دەریایی و ئەلکترۆنی لەبەرانبەر هەڕەشە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکور.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکور لەزاری کیمەوە رایگەیاندووە، ئەنجامدانی ئەو مانۆڕە سەربازییە ئەوەیان بیردەخاتەوە کە نیشاندانی بێباکی هێزە لەلایەن ئەو سێ وڵاتەوە لە ناوچەیەکی هەڵە، کە بێ گومان کاردانەوەی نەرێنی دەبێت.

هاوکات میدیاکانی کۆریای باشور بڵاویانکردەوە، سیئۆل و واشنتۆنیش پلانیان هەیە لەم هەفتەیەدا مەشقی ئایرۆن مایس ئەنجام بدەن، ئەمەش ھاوشێوەکردنی توانا ئاسایی و ئەتۆمییە یەکگرتووەکانی ھەردوو وڵاتە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی کۆریای باکور.

پیۆنگ یانگ بەردەوام رەخنەی لەم مەشقە هاوبەشانە گرتووە و وەک خۆئامادەکردنێک بۆ لەشکرکێشی سەیری دەکات و هەندێکجاریش بە تاقیکردنەوەی چەک وەڵامی داوەتەوە، سیئۆل و واشنتۆن پێیان وایە کە مانۆڕە سەربازییەکان تەنیا بۆ بەرگرییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زوبێر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە، لە بەرنامەی "رێی کوردستان"ی کوردسات نیوزدا چەند لێدوانێکی گرنگی دا و تێیدا رایگەیاند کە دەبوو تا ئێستا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ئازاد بکرایە و لە پەرلەمانی تورکیادا قسەی بکردایە.

هاوکات، زوبێر ئایدار رەخنەی توندی لە ناوی "تورکیای بێ تیرۆر" گرت و بە دژی خودی پڕۆسەی ئاشتی زانی، رونیشیکردەوە کە ئەم دەستەواژەیە زیان بە ئاشتی دەگەیەنێت.

ئایدار ئاماژەی بەوەشدا کە "کەسانێک لەناو دەوڵەتی تورکیادا هەن کە دەیانەوێت کێشەی کورد چارەسەر بێت و پڕۆسەکە سەرکەوتوو بێت."

زوبەیر ئایدار، وتیشی: تێکەڵبوونەوەی کورد لە دەوڵەتی تورکیادا بە واتای دەستبەرداربوون لە ماف و ناسنامەی کورد نییە

لەلایەکی دیکەوە، زوبێر ئایدار باسی لە لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و گوتی: "هاکان فیدان بە توندوتیژی قسە دەکات و لێدوانەکانی دژی کوردن." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "هەر ئەویشە ناهێڵێت حکومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەر (لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) بگەنە رێککەوتن."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند کە سەرکردەکانی حەماس "گەورەترین رێگرن" لەبەردەم ئاشتی و لەناوبردنیان دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کەرتی غەززە. ئەم لێدوانە دوای چەند ڕۆژێک دێت لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحەی پایتەختی قەتەر.

ناتانیاهۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: "سەرکردە تیرۆریستەکانی حەماس کە لە قەتەر دەژین، هیچ بایەخێک بە دانیشتووانی غەززە نادەن."

ناوبراو هەروەها وتیشی: "ئەوان هەموو هەوڵێکیان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست رەتکردووەتەوە تا شەڕەکە بۆ ماوەیەکی بێ کۆتا درێژبکەنەوە. لەناوبردنیان گەورەترین رێگری بەردەم ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانمان و کۆتاییهێنانی شەڕ لادەبات."

ئەم هەڕەشانە دوای هێرشەکەی رۆژی سێشەممە، 9ی ئەیلوول، دێت کە هێزەکانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی حەماسیان لە دۆحە کردە ئامانج، کە خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە کەرتی غەززە، و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای دیکەی تێدا ئامادەبوون.

تاکو ئێستا کوژرانی هیچ کام لەو سەرکردانەی لە دۆحە کرابوونە ئامانج پشتڕاست نەکراوەتەوە. لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس کوژرانی هومام خەلیل حەییە، کوڕی خەلیل حەییە، و چەند کەسێکی دیکەی لەو هێرشەدا پشتڕاست کردووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی ئەمریکا یەکێک لە کارمەندەکانی بەهۆی نووسینی کۆمێنتێکەوە لە کارەکەی دوورخستەوە.

بەپێی وتەی دوو بەرپرسی ئەمریکی، کارمەندەکە کە ناوی "ئەنتۆنی بوف"ە، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک نووسیبووی کە کییەرک "لە بەرنامەکانیدا وتاری کینە و رەگەزپەرستی بڵاودەکردەوە."بوف هەروەها نووسیبووی: "مرۆڤ لە کۆتاییدا لەبەردەم خودا وەڵام دەداتەوە... و ناتوانێت لە چارەنووس دەرباز بێت،" وەک ئاماژەیەک بەوەی کە کییەرک شایەنی ئەو چارەنووسە بووە.

لە بەرامبەردا، شۆن کۆران، بەڕێوەبەری دەزگاکە، لە یاداشتێکی ناوخۆییدا جەختی لەوە کردەوە کە "هێرشە سیاسییەکان لە ئەمریکا نزیکەی رۆژانە لە زیادبووندان" و هۆشداریی دایە کارمەندەکانی کە "لەبری ئەوەی ببنە هۆی زیاتر گەورەکردنی گرفتەکە ببنە هۆی چارەسەر."

کۆران هەروەها وتی: "ئێمە سوێند دەخۆین کە پابەندی بەرزترین ستانداردەکانی رەفتار بین لەناو دەزگا و لە دەرەوەیدا. کاتێک کردارەکانمان سەرنجی نەرێنی رادەکێشن، ئەوا ئێمە لە ئەرکەکەماندا شکست دەهێنین و ئەو متمانەیە کە بۆ کارەکەمان پێویستە، لەدەست دەدەین."

وتەبێژی دەزگاکە لە راگەیەندراوەکەدا رایگەیاند کە "دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی هیچ جۆرە رەفتارێک قبوڵ ناکات کە پێچەوانەی پەیمانی شەرەفی دەزگاکە بێت،" و دووپاتی کردەوە کە کارمەندەکە دەستبەجێ لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەستیپێکردووە.

لە کۆتایی نامەکەیدا، کۆران دەڵێت: "پێویستە هەموو رۆژێک بەبێ هیچ لایەنگیرییەکی سیاسی کاربکەین. ئێمە ئەمە قەرزاری خۆمان و ئەو کەسانەین کە سوێندمان خواردووە بیانپارێزین. هیچ لادانێک لەم پابەندبوونە رێگەی پێنادرێت."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرپرسێکی روسی رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لەسەر یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگە نەوتییەکانی ناوەڕاستی روسیا کەوتەخوارەوە، کە بووە هۆی دروستبوونی ئاگر و زیانێکی کەم.

رادی خابیرۆڤ، پارێزگاری ناوچەی باشقۆرتۆستان، لە پۆستێکدا لە تێلیگرام نووسیویەتی: "ئەمڕۆ (شەممە) دامەزراوەی باشنیفت روبەروی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەوە و بەهۆیەوە ئاگرێک کەوتەوە."

خابیرۆڤ رونی کردەوە کە یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەسەر شوێنێکی بەرهەمهێنان خرایە خوارەوە، کە بووە هۆی دروستبوونی ئاگر و کار بۆ کوژاندنەوەی دەکرێت. ناوبراو وتیشی کە زیانەکانی دامەزراوەکە کەم بوون و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەپێی ئەوەی ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاوی کردووەتەوە.

شاری ئۆفا، کە دامەزراوە نەوتییەکەی تێدایە، نزیکەی 1400 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئۆکرانیاوە دوورە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگی روسیا و ئۆکراین لە شوباتی 2022ەوە، کیێڤ وەڵامی هێرشەکانی روسیای داوەتەوە بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی روسیا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی توانای کرێملین بۆ دابینکردنی بودجەی جەنگەکە.

کرێملین لە ساڵی 2016دا کۆمەڵگەی نەوتی ئۆفای وەک "یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵگەکان لە وڵاتەکەدا" وەسف کردبوو، ئاماژەی بەوەشدا بوو کە زیاتر لە 150 جۆر لە بەرهەمە نەوتییەکان بەرهەم دەهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دیدارێکدا لە مۆزەخانەی زاموا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، لەگەڵ دکتۆر تۆماس لییەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگەی گۆتە لە هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە و تیایدا تاوتوێی شێوازەکانی بوژاندنەوە و پەرەپێدانی هەوڵەکانی پاراستنی کلتوور، کەلەپوور و شوێنەوارەکانیان کرد.

کۆبوونەوەکە، کە بە ئامادەبوونی خاتوو هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد، سەرپەرشتیاری مۆزەخانەکە بەڕێوەچوو، تەرخان کرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی پتەوکردنی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی میراتی شارستانی.

لە میانی دیدارەکەدا، خانمی یەکەم دەستخۆشی لە هەوڵ و هەنگاوەکانی پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عیراق کرد و رۆڵی پەیمانگەکەی لە رەخساندنی دەرفەتی ئاڵوگۆڕی زانیاری، شارەزایی کلتووری 

و پتەوکردنی لێکتێگەیشتن بەرز نرخاند.

لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر تۆماس لییەر سەرسامیی خۆی بە مۆزەخانەی زاموا و ئەو خزمەتە گەورەیەی بە هونەری شێوەکاریی کردووە، دەربڕی. هەروەها دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەکە کرد بۆ گرنگیدان بەم لایەنە شارستانییە و ستایشی شێوازی پاراستنی ئەو خانوە مێژووییەی کرد کە "بە جوانی لە نێوجەرگەی بازاڕدا پارێزگاریی لێ کراوە."




 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، کێشەی نەشتەرگەری، دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی لە پارێزگای سلێمانی تا کۆتایی ساڵی 2025 چارەسەر کرا.

ئەمڕۆ شەممە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی؛ د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی؛ و د. ماکوان، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی بانکی هەرێم، کێشە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی سلێمانی تا کۆتایی ئەمساڵ چارەسەر کران.

ئامادەبووان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ئەو بەرپرسانە دەربڕی کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە داوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە لەندەن زیاتر لە 100 هەزار كەس رێپێوانێكی فراوانیان دەستپێكردووە دژی پەنابەران لە وڵاتەكەیان و داوای ناردنەوەیان دەكەن، لە بەشێكی تری ئەو شارەش خۆپیشاندانێكی هەزاران كەسی دژی ئەو رێپێوانە بەڕێوەدەچێت.

رێپێوانەكە لەلایەن تۆمی رۆبنسن چالاكوانی دیاری راستڕەوەكانەوە رێكخراوە و  لەناوەڕاستی لەندەن بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەندین دروشم دژی كۆچبەران دەوترێـتەوە و چالاكوانە راستڕەوەكانیش وتار پێشكەش دەكەن.

هاوكات، لە بەشێكی تری لەندەن و بە دیاریكراوی لەنزیك باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیا ، هەزاران كەس دژی ئەو رێپێوانەی راستڕەوەكان گردبوونەوە، هەروەها دروشمی  "بەخێربێن پەنابەرەكان"یان بەرزكردووەتەوە. 

رێپێوانی راستڕەوەكان لەدژی پەنابەران  و خۆپیشاندان دژی رەگەزپەرستی لە لەندەن  تەنها چەند سەد مەترێك دووری نێوانیانە و  بۆكۆنترۆڵكردنی دۆخەكەش نزیكەی هەزار و 500 پۆلیسی لە سەرتاسەری شارەكە بڵاوەیان پێكراوە  و پشتێنەیەكی ئەمنیشی لەنێوان هەردوولا دروستكراوە.

شەقامەکانی ناوەڕاستی لەندەن پڕ بوون لە ئاڵاکانی بەریتانیا، ئینگلتەرا، سکۆتلەندا و وێڵز. دروشمەکانی سەر ئاڵاکان بریتی بوون لە "بیاننێرنەوە ماڵەوە" و "شانشینی یەکگرتوو یەکبخەن". هەروەها، ژمارەیەک لە چالاکوانانی دژە-ترانسجێندەریش لەنێویاندا ئامادەبوون..

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كەشناسیی عیراق پێشبینی دەكات زستانی داهاتوو چەند شەپۆلێكی بارانبارینی بەخوڕ وڵاتەكە بگرێتەوە، هۆشداریش دەدات لەبارەی دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەك.

عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق رایگەیاند، بەپێی پێشبینیەكانیان كەشی وەرزەكانی پایز و زستانی 2025 بۆ 2026 لە ئەنجامی دروستبوونی شەپۆلێكی پەستان لە زەریای هێمنەوە ناجێگیر دەبێت و ئەگەری زۆرە بارانبارینی نائاسایی و ناوچەیی لە عیراق روبدات.

عامر جابری هۆشداریشیدا، لەبەر ئەوەی عیراق بە هاوینێكی وشكدا تێپەڕیوە، ئەگەری هەیە شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ و لەناكاو چەند ناوچەیەك بگرێتەوە و لافاو دروست ببێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، شێواز و رێژەی دابارین لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر دەگۆڕێت، بەجۆرێك ناوچەكانی هەرێمی كوردستان زۆرترین رێژەی دابارینیان تێدا دەبێت و ناوچەكانی ناوەڕاست و خواروو ئاستێكی مامناوەندی داباریانیان بەردەكەوێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای هەڵمەتێکی بەرفراوانی گەڕان کە هەزاران ئەمریکی تیایدا بەشداربوون، گەنجێکی تەمەن22 ساڵ بە ناوی تایلەر رۆبنسن وەک تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی چالاکوانی سیاسیی، چارلی کییەرک، دەستگیرکرا. کلیلی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە باوکی خۆی بوو، کە لە رێگەی وێنە و ڤیدیۆی بڵاوکراوەوە کوڕەکەی ناسییەوە و دەسەڵاتدارانی ئاگادارکردەوە.

وەک هەزاران هاوڵاتی دیکە، باوکێک لە ویلایەتی یوتا وێنە و ڤیدیۆی ئەو تۆمەتبارەی بینیبوو کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بڵاوکرابووەوە، کە تێیدا گەنجێک بە تی شێرتێکی رەشەوە کە وێنەی هەڵۆ و ئاڵای ئەمریکای لەسەر بوو، دوای تەقەکردنەکە لە سەربانی زانکۆیەکەوە باز دەدات و بەرەو ناوچەیەکی دارستانی هەڵدێت.

هەرچەندە دەموچاوی تۆمەتبارەکە بەهۆی چاویلکەیەکی رەش و کڵاوێکەوە بە باشی دەرنەدەکەوت، بەڵام باوکەکە کوڕەکەی خۆی ناسییەوە.

بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی پۆلیس، باوکەکە پرسیاری لە کوڕەکەی کردووە: "تایلەر، ئایا ئەمە تۆیت؟ زۆر لە تۆ دەچێت." دواتر کوڕەکەی، تایلەر رۆبنسنی تەمەن 22 ساڵ، دانی بەوەدا ناوە کە ئەو چارلی کێرکی کوشتووە.

کاتێک باوکی داوای لێکردووە خۆی رادەستی پۆلیس بکات، رۆبنسن لە وەڵامدا وتوویەتی: "پێم باشترە خۆم بکوژم وەک لەوەی خۆم رادەست بکەم."



سەرەڕای ئەمەش، باوکەکە توانیویەتی کوڕەکەی رازی بکات کە متمانە بە قەشەیەکی گەنج بکات کە هاوکاریی لەگەڵ نووسینگەی شێریفی واشنتن کاونتی و پۆلیسی فیدراڵی (US Marshal's Service) دەکرد. لە کۆتاییدا، هاوڕێیەکی خێزانەکە پەیوەندیی بە پۆلیسەوە کردووە و زانیارییەکانی پێداون.

ئەمە لە کاتێکدا بوو کە چەند کاتژمێرێک پێشتر، دەسەڵاتداران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاندبوو کە "هیچ زانیارییەکیان نییە" لەبارەی شوێنی تۆمەتبارەکەوە. بەڵام بەهۆی ئەو زانیارییەوە، رۆبنسن کاتژمێر 10ـی شەوی پێنجشەممە دەستگیرکرا.

سپێنسەر کۆکس، پارێزگاری یوتا، بەیانیی رۆژی هەینی رایگەیاند: "دەستگیرمان کرد." ئەو ئاشکرای کرد کە FBI لەسەر ئەم پرسە، زیاتر لە 7,000 زانیاری و سەرەداوی پێگەیشتووە، کە بە زۆرترین ژمارە دادەنرێت لەدوای تەقینەوەکانی ماراسۆنی بۆستن لە ساڵی 2013، بەڵام تەنها یەک زانیاری لەلایەن باوکی رۆبنسنەوە بووە هۆی کۆتایی هێنان بە کەیسەکە.

دەسەڵاتداران زیاتر لە 30 سەعاتیان پێچوو بۆ دۆزینەوەی رۆبنسن، کە تۆمەتبارە بەوەی لە دووریی نزیکەی 150 یارداوە لە سەربانی بینایەکەوە تەقەی لە کییەرک کردووە و لە ملی داوە، لە کاتێکدا کییەرک بەشداریی لە بۆنەیەکدا دەکرد کە 3,000 کەس ئامادەی بوون.

دوای ئەنجامدانی نزیکەی 200 چاوپێکەوتن و بە هاوکاریی 20 ئاژانسی ئەمنی، دواجار FBI و بەشی ئاسایشی گشتیی یوتا توانیان بکەری ئەو "هێرشە ئامانجدارە" دەستگیر بکەن.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە چارلی کییەرکی بە هۆکاری کۆکردنەوەی دەنگی گەنجان بۆ خۆی دەزانی، رایگەیاندبوو کە لێکۆڵەران "پێشکەوتنی گەورەیان" لە کەیسەکەدا بەدەستهێناوە.

چەندین سەرەداوی دیکەش ئاماژەیان بۆ رۆبنسن دەکرد، لەوانە: جلوبەرگەکانی، گفتوگۆیەک کە لە کاتی نانخواردنی ئێوارەدا لەگەڵ خزمێکی کردبووی، و هەروەها چەند کۆمێنتێک کە لەسەر پلاتفۆرمی "دیسکۆرد" نووسیبووی.

سپێنسەر کۆکس، پارێزگاری یوتا، بە پشتبەستن بەو گرتە ڤیدیۆییانەی کامێرای چاودێریی زانکۆکە، رایگەیاند، کەمتر لە چوار سەعات پێش دەستپێکردنی بۆنەکە کە چارلی کییەرک قسەی تێدا دەکرد، رۆبنسن(بکوژەکە) بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "دۆج چاڵنجەر"ی رەساسی گەیشتووەتە زانکۆی یوتا ڤالی (UVU) و لەو کاتەدا تی شێرتێکی مۆر، شۆرتێکی رەنگ کاڵ، کڵاوێکی رەش و پێڵاوێکی رەنگ کاڵی لەپێدا بووە.

بەپێی بەڵگەنامەیەکی پۆلیس، دواتر لەسەر سەربانی بیناکە جلەکانی گۆڕیوە و پاشان بازی داوەتە خوارەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی بەجێمانی شوێنپەنجەی لەپ، پەڵە (کە دەسەڵاتداران هیوادارن DNAـی لێوەربگرن) و شوێنپێی پێڵاو. لە کاتێکی دواتردا، رۆبنسن هەمان ئەو جلانەی پۆشیوەتەوە کە پێی گەیشتبووە زانکۆ.

بەپێی زانیارییەکان، رۆبنسن خوێندکاری ساڵی سێیەمی بەرنامەیەکی راهێنانی کارەبایی بووە و لە شارۆچکەی واشنتن لە یوتا گەورە بووە. یەکێک لە خزمەکانی بە لێکۆڵەرانی وتووە کە ناوبراو لە ساڵانی رابردوودا زیاتر تێکەڵی بابەتی سیاسی بووبوو.

یەکێک لە خزمەکانی ئاشکرای کردووە کە لە کاتی نانخواردنی ئێوارەی خێزانەکەیاندا، رۆبنسن باسی لەوە کردووە کە چارلی کییەرک لە زانکۆی UVU وتارێکی دەبێت و ئەو لەگەڵ بۆچوونەکانیدا نییە. بەپێی تۆمارەکانی دەنگدەران، رۆبنسن سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی نەبووە و لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا دەنگی نەداوە.


بکوژەکە لەسەر فیشەکەکان چی نووسیبو؟

بەپێی بەڵگەنامەکان، چەند نامەیەک کە وا بڕوا دەکرێت رۆبنسن لەسەر پلاتفۆرمی "دیسکۆرد" ناردبێتی، ئاماژە بە پێویستیی هێنانەوەی تفەنگێک لە شوێنێکی دیاریکراو، شاردنەوەی لەنێو دەوەنێک، چاودێریکردنی شوێنەکە، و پێچانەوەی تفەنگەکە بە خاولییەک دەکەن.

هاوژوورەکەی رۆبنسن ئەم نامانەی پیشانی لێکۆڵەران داوە، کە تێیدا ئاماژە بە هەڵکۆڵین لەسەر فیشەک و ناوازەبوونی تفەنگ و دووربینەکەی کراوە. لە نامەیەکی دیکەشدا باسی لەوە کردووە کە جلەکانی گۆڕیوە.

دواتر لێکۆڵەران تفەنگێکی جۆری "بۆڵت-ئاکشن"یان دۆزییەوە کە بە خاولییەک پێچرابووەوە. لەسەر قەوانی فیشەکە نەتەقیوەکان نووسرابوو: "هەی فاشیست! بیگرە!" و "ئەگەر ئەمە دەخوێنیتەوە، ئەوا تۆ هاوڕەگەزبازیت. Lmao".

تۆمەتبارەکە قسە بۆ لێکۆڵەران ناکات:

رۆبنسن ئێستا لە زیندانی یوتا کاونتی راگیراوە و روبەروی چەندین تۆمەتی سەرەتایی بووەتەوە، لەوانە کوشتنی (بە ئەنقەست)، تاوانی تەقەکردن بە چەک، و رێگریکردن لە دادپەروەری. بڕیارە رۆژی سێشەممە بە رەسمی تۆمەتەکانی ئاڕاستە بکرێت و یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی بەڕێوەبچێت.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە CNNـیان راگەیاندووە کە دوای دەستگیرکردنی، رۆبنسن سەرەتا هەندێک قسەی بۆ پۆلیس کردووە، بەڵام بەیانیی رۆژی هەینی دوای گرتنی پارێزەرێک، بەخێرایی بێدەنگ بووە.

رۆژی چوارشەممە، پارێزگار کۆکس رایگەیاندبوو کە داوای سزای لەسێدارەدان بۆ تۆمەتباری تەقەکردنەکە دەکەن. ئەو وتی: "تەنها یەک کەس بەرپرسیارە لەوەی لێرە رویدا، ئەو کەسەش ئێستا لە زیندانە و بەم زووانە تۆمەتبار دەکرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."

لە کاتی دەستگیرکردنیدا، رۆبنسن هەمان ئەو جلانەی لەبەردا بوو کە لە کامێراکانی چاودێریدا پێش ئەنجامدانی تاوانەکە دەرکەوتبوون، هەروەها یەکێک لە خزمەکانیشی پشتڕاستی کردەوە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "دۆج چاڵنجەر"ی رەساسیی هەیە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکی شارەوانیی بایرا پاشا و 47 بەرپرسی دیکەیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرد، ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتێکی فراوان دژی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە دێت.

نووسینگەی داواکاری گشتی لە ئەستەنبوڵ فەرمانی دەستگیرکردنەکانی دەرکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە پەیوەستە بە تۆمەتەکانی "داواکردنی پارە بە زۆر (باج)، بەرتیل، گەندەڵی دارایی، و دەستکاریکردنی گرێبەستەکان" لە شارەوانیی "بایرام پاشا".

لەلایەن خۆیەوە، حەسەن موتڵو، سەرۆکی شارەوانیی بایرام پاشا، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە و نووسیویەتی: "ئەوەی رودەدات تەنها پڕۆسەیەکی سیاسی و بوختانی بێ بنەمایە." هەروەها روی لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە و دەڵێت: "دانیشتووانی خۆشەویستی بایرام پاشا، دڵنیابن کە پێکەوە بەسەر ئەم بوختان و چەواشەکارییانەدا سەردەکەوین."

لەم چەند مانگەی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 10 سەرۆک شارەوانیی سەر بە پارتی گەلی کۆماری (CHP)، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن، و سەدان بەرپرسی شارەوانییەکانیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکردووە، کە یەکێک لەوانە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ بوو کە دەستگیرکردنەکەی ناڕەزایەتیی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

ئیمامئۆغڵو وەک بەهێزترین رکابەری رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتوو سەیر دەکرێت.

پارتی گەلی کۆماری (CHP) رایگەیاندووە کە ئەم دەستگیرکردن و تۆمەتانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی حکومەت کە ئامانج لێی لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن و خۆشکردنی رێگایە بۆ ئەردۆغان تاکو بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. لە بەرامبەردا، حکومەت ئەم بانگەشانە رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دادگاکانی تورکیا سەربەخۆن.

لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دادگا لەسەر کەیسێکی گرنگ بڕیار بدات، کە چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکانی کۆنگرەی گشتیی پارتی گەلی کۆماری لە ساڵی 2023 هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی گۆڕینی سەرکردایەتیی پارتەکە و دروستبوونی پشێوی لەنێویدا.

جێی باسە پارتی گەلی کۆماری لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی رابردوودا لە تورکیا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا. "بایرام پاشا" یەکێکە لە قەزاکانی ئەستەنبوڵ و دەکەوێتە بەشی ئەوروپیی شارەکە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 دوو کەس بەتۆمەتی وەرگرتنەوەی زیادەی پارە، بە بڕی دوو هەزار دۆلار و دزینی ئەو پارەیە لە دوکاندارێک دەستگیرکران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رزگاری سکاڵای لە دژی دووکەس تۆمارکرد، کەچونەتە دوکانەکەیی بەناوی کڕینی شتومەک و وەرگرتنەوەی زیادەی پارە، بە بڕی دوو هەزاریان لە سکاڵاکارەکە دزیبوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر بڕیاری دادوەر، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان، هەروەها دوای ئەوەی تۆمەتباران چوبوونە شارێکی دیکەی هەرێم، سەرئەنجام توانرا تۆمەتباران دەسگیربکرێن.

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتباران كە هاوسەری یەكترن و خەڵكی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن ، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا .

بۆ بینینی ساتی چۆنییەتی وەرگرتنی زیادەی پارەکە کلیک لێرە بکە...

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بەرزدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ یەکشەممە پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، هەروەها خێرایی با لەسەرخۆ- مامناوەند دەبێت .

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی.......

هەولێر : 38 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 36 پلەی سیلیزی

دهۆک : 37 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 40 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 38 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 37 پلەی سیلیزی

سۆران : 35 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 27 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 41 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی كاتی سوریا رایگەیاند، بیرۆكەی دابەشكردنی سوریا قبوڵ ناكەن و دانوستانەكان لەگەڵ هەسەدە وەستاون.

ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتی سوریا لە چاوپێككەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی سوریا رایگەیاند، هەر بیرۆكەیەك بۆ دابەشكردن ئەستەمە و سوریا قبوڵی ناكات.

دەشڵێت، هەسەدە نوێنەرایەتی تەواوی پێكهاتەی كورد ناكات و پێكهاتەی عەرەب لە ناوچەكدا زیاتر لە 70٪ی پێكدەهێنن و دانوستانەكان لەگەڵ هەسەدە تا رادەیەك وەستاوە و هەوڵی ئەوەیان داوە هەسەدە ببێتە بەشێك لە سوپای سوریا و چاوەڕوانی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەن تا كۆتایی ئەمساڵ و هەوڵی دورخستنەوەی شەڕیان لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریاداوە.

وتیشی، هەر هەوڵێك بۆ جیابونەوە و دابەشكاری قبوڵ ناكەن و چەند هەرێمێكی تریش لە جیهاندا ویستویانە جیاببنەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون و دانوستانەكان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ رێككەوتنی ئەمنی لە ئارادایە و دوای روخانی ئەسەد ئیسرائیل دەیوست لە سوریا ململانێ لەگەڵ ئێران یەكلابكاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...174175176177178...986