خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی بڵاوکردەوە
١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە 51 ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ پیرۆزبایی یادی 51 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی لە هەموو ئەو ئازیزانە ئەکەم، کە لە شەوەزەنگا بە دامەزراندنی یەکێتی بوونە تروسکایی ئومێد بۆ گەلە بەشمەینەتەکەمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارم یەکێتیەکەی ئەمڕۆ خوێن و رەنجی پەنجا و یەک ساڵەی شەهیدان و کەسوکارە سەربەرزەکانیان و شۆڕشگێران و زیندانیانی سیاسی و شەهیدانی زیندوو و پێشمەرگە و رێکخستنە دێرینەکان و ژنانی ماندوو و کادیر و ئەندامانی بە ئەمەکی خۆی لەیاد نەکات.
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد؛
پیرۆزبایی یادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی لە هەموو ئەو ئازیزانە ئەکەم کە لە شەوەزەنگا بە دامەزراندنی یەکێتی بوونە تروسکایی ئومێد بۆ گەلە بەشمەینەتەکەمان، ئەوانەی یەکێتیان گەیاندە لوتکە، ئەوانەی لە ئاشتیا کۆتری سپی و شنەی با بوون و ئەوانەی لە شەڕیشدا پڵنگ و رەشەبا، ئەوانەی کە بە فیداکاری و چاونەترسی و قوربانیدان و خوێن یەکێتیان کردە حزبی شەهیدان، ئەوانەی کە لەتە نان و خانووە قوڕەکانیان پێشکەش بە پێشمەرگەکانی یەکێتی کرد ئەوانەی لە ژێر ئەشکەنجەدا ورتەیان نەکرد، ئەوانەی ئەو مێژووە پڕ سەروەرییەیان بۆ یەکێتی تۆمار کرد…
هیوادارم یەکێتیەکەی ئەمڕۆ خوێن و رەنجی پەنجا و یەک ساڵەی شەهیدان و کەسوکارە سەربەرزەکانیان و شۆڕشگێران و زیندانیانی سیاسی و شەهیدانی زیندوو و پێشمەرگە و رێکخستنە دێرینەکان و ژنانی ماندوو و کادیر و ئەندامانی بە ئەمەکی خۆی لەیاد نەکات، هیوادارم کە بیرێکی جدی لە کارا کردنەوەی ئەو پەرلەمان و حکومەتە بکاتەوە کە بە خوێنی هەزاران شەهیدی یەکێتی هاتە ئاراوە، هیوادارم رەنجی پەنجاو یەک ساڵەمان بەبادا نەبات و لە ئاست خواست و داواکاری و چاوەڕوانی خۆم و خەڵکە چاوەڕوانەکەیدا بێت و رێز لە مێژووە پڕ سەروەرییەکەی حزبەکەی بگرێت ..
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد



