رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، کە نزیکەی 30 ئەفسەر لە یەکەی پاراستنی تایبەت و شاهانە، بە تۆمەتی پێشێلکاری و کەمتەرخەمی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

بەپێی راپۆرتەکان، تۆمەتەکان خۆیان لە جێهێشتنی پێگە ئەمنییەکان لەلایەن هەندێک لە ئەفسەرەکانەوە دەبیننەوە، لە کاتێکدا گومان دەکرێت یەکێک لە کارمەندەکان ناوی خۆی وەک ئامادەبوو لە دەوامدا تۆمار کردبێت، بەڵام نەچووبێتە ئەو شوێنەی کە لە ناو قەڵاکەدا بۆی دیاریکراوە.

مارک رۆڵی، کۆمیساری پۆلیسی لەندەن، پشتڕاستی کردەوە کە ئیدارەی پێوەرە پیشەیییەکان لە پۆلیس، لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلەی دەستپێکردووە دوای پێگەیشتنی "نیگەرانی جدی" سەبارەت بە ئەدای ژمارەیەک لەو ئەفسەرانەی کە ئەرکی پاراستنیان لە قەڵای ویندسۆر پێسپێردراوە.

رۆڵی ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکە گومانی پەیوەندیدار بە "جێهێشتنی شوێنەکانی پاسەوانی بەبێ سەرپەرشتی، و خەوتن لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا" دەگرێتەوە.

یەکەی پاراستنی شاهانەی سەر بە پۆلیسی پایتەخت (سکۆتلاند) بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی قەڵاکەی لەئەستۆیە، سەرەڕای ئەوەی قەڵاکە دەکەوێتە ناو سنووری جوگرافیی پۆلیسی دۆڵی تەیمزەوە.

راپۆرتەکان رونیان کردووەتەوە کە کۆشکی شاهانە (باکینگهام) ئاگاداری لێکۆڵینەوەکەیە، و ئەگەری هەیە تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو بڕیاری راگرتنی هەندێک لەو ئەفسەرانە لە کارەکانیان بدرێت ئەگەر سەرپێچییەکانیان بەسەردا ساغ بێتەوە.