نێردەی حەجی عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، دەستپێکردنی پڕۆسەی گەڕانەوەی پێچەوانەی حاجیانی عیراقی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە راگەیاند، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغی گەڕانەوەیان بۆ نیشتمان دوای تەواوکردنی مناسیکەکانی حەجی ئەمساڵ (1447کۆچی).

نێردەی حەج لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە: پڕۆسەی گەڕانەوەکە بەپێی خشتەیەکی کاتیی ورد و پلانێکی مەیدانی تۆکمە کە لەلایەن لێژنە تایبەتمەندەکانەوە ئامادەکراوە بەڕێوەدەچێت، بە هەماهەنگی وهاوکاری لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عیراقی، دەروازە سنوورییەکان، و لایەنە ئەمنییەکانی عیراق و سعودیە، بە شێوازێک کە گەڕانەوەی حاجیان بە ئاسانی و رێکوپێکی و بەبێ هیچ رێگرییەک لە رێگەی دەروازەی سنوریی عەرعەر و فڕۆکەخانەکانی عیراقەوە مسۆگەر بکات.

ئەوەشی رون کردەوە کە کادیرەکانیان لە مەککەی پیرۆز، مەدینەی منەوەرە، فڕۆکەخانەکان و دەروازە وشکانییەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بە شێوەی شەو و رۆژ بۆ چاودێریکردنی رێکارەکانی بەڕێکردن و پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەک بۆ حاجیان، وێڕای رێکخستنی جووڵەی گواستنەوە و ئاسانکاری گەشتەکەیان تا گەیشتنیان بە سەرجەم پارێزگاکان.

نێردەی حەج ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکەوتنی قۆناغی گەڕانەوەی حاجیان دەبێتە درێژکراوەی ئەو سەرکەوتنانەی لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا بەدەستهاتوون، کە تێیدا خزمەتگوزاریی گشتگیر لە بوارەکانی نیشتەجێکردن، گواستنەوە، بژێوی، چاودێریی تەندروستی و رێنوێنی ئایینیدا پێشکەش بە حاجیانی عیراقی کرابوو، ئەمەش یارمەتیدەربوو لە ئەنجامدانی مناسیکەکان لە کەشێکی ئارامدا.