هەواڵەکانهەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی "باشترین هاندەری جیهان" لە یانەی زاخۆ دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەم دەستکەوتە بەرهەمی هاوسۆزی و یەکدڵیی خەڵکی کوردستانە، هیواش دەخوازێت ئەو یەکدەنگییە بۆ ناو کایەی سیاسیش بگوازرێتەوە.

لە پەیامێکدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهان، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ، وەرزشی کوردستان و تەواوی خەڵکی کوردستان، بۆیە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە زاخۆی دەلال و هەمووان دەکات.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە، شیرینی و خۆشی بردنەوەی ئەم خەڵاتە لەوەدایە کە بەرهەمی هاوسۆزی و پاڵپشتی هەموو خەڵکی کوردستان بوو. دەشڵێت: "گەلی کورد کە بەو هەموو ستەم و سەرکوت و ئازارەی بەسەریدا هاتووە، هەر زیندووە و هەر بەرەوپێش دەچێت، بەرهەمی ئەو هاوسۆزی و یەکدڵییەی خەڵکە."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی بەراوردێک لە نێوان خۆشییەکانی زاخۆ و کارەساتە سروشتییەکەی ئەم دواییە دەکات و دەڵێت: "لەم ماوەیەدا هەمووان یەکدڵ و یەکدەنگ پشتیوانیی زاخۆ بوون و ئەمڕۆش لە جەژن و خۆشیی زاخۆییەکاندا بەشدارن، هەروەکچۆن لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە ناخۆشیشدا هەمووان هاوسۆز و پشتیوانیی خەڵکی چەمچەماڵ و گەرمیان بوون."

لە کۆتاییدا قوباد تاڵەبانی هیوا دەخوازێت ئەو هەستە پیرۆزەی هاوسۆزی و هاوچارەنووسی و یەکدەنگییەی لەناو خەڵکی کوردستاندا هەیە، بگوازرێتەوە بۆ ناو سیاسەتیش، چونکە بە وتەی ئەو "ئەمە رێگە دروستەکەیە بۆ ئەوەی گەلەکەمان بەرەو دەستکەوتی گەورەتر هەنگاو بنێت."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی، فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ هەریەک لە سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکەکانی پێشوو لە پۆستەکانیان بەخشران.

بەپێی فەرمانەکە، عەلی رەئوف وەک سەرۆکی نوێی شارەوانی چەمچەماڵ و هاوکار فازڵ وەک سەرۆکی شارەوانی شۆڕش دەستنیشانکراون و ئەمڕۆ بە رەسمی فەرمانی دەستبەکاربوونیان ئاڕاستە کراوە.

گۆڕانکارییەکان دوای رووداوی لافاوەکەی چەمچەماڵ و شۆڕش دێن، کە بەهۆیەوە بڕیاری بەخشینی هەریەک لە ئارام نەجات، سەرۆکی پێشووی شارەوانی چەمچەماڵ و بورهان ئەمین، سەرۆکی پێشووی شارەوانی شۆڕش لە پۆستەکانیان درا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی موچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغداد کراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ سێشەممە (16ی کانوونی یەکەمی 2025)، تیمی تەکنیکی وەزارەت لیستی موچەی مانگی 12ی ئامادەکردووە و رەوانەی بەغدادی کردووە.

بڕیارە سبەی چوارشەممە، لیستەکە بە رەسمی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت، تاوەکو دوای وردبینیکردن دەست بە ناردنی شایستە داراییەکان بکرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ خەڵاتی "باشترین هاندەری فیفا"یان بۆ ساڵی 2025 بەدەستهێنا، ئەوەش وەک رێزلێنانێک بۆ ئەو دەستپێشخەرییە مرۆییەی کە بۆ پشتیوانی لە منداڵانی نەخۆش ئەنجامیاندا و دەنگدانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە پاش ئەو هەوڵو بەشدارییە کارایەی کوردانی ناوە و دەرەوەی وڵات بۆ دەنگدان بە یانەی وەرزشی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی نازناوی باشترین هاندەری جیهان، یانەی زاخۆ توانی ئەو نازناوە بەدەستبهێنێت.

سایتی رەسمی فیفا نووسیوێتی: روداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ 13ی ئایاری رابردوو، کاتێک پێش دەستپێکردنی یاری نێوان زاخۆ و یانەی حدود لە خولی ئەستێرەکانی عیراق، هاندەرانی زاخۆ هەزاران بوکەڵە و یاری منداڵانیان هەڵدایە ناو یاریگاوە. ئەو یارییانە دواتر لەلایەن یانەکەوە کۆکرانەوە و بەخشرانە ئەو منداڵانەی کە بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن.

یانەی زاخۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "هەڵدانی یاری منداڵان بۆ ناو یاریگا، گیانێکی مرۆیی نموونەیی نیشاندا کە لەلایەن کۆمەڵگەی وەرزشی کوردستان، عیراق و ئاسیاوە ستایش کرا."

یانەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هاندەرانیان بڕبڕەی پشتی تیمەکەن و بەردەوام بە چالاکییە داهێنەرانەکانیان سەرنجی هەمووان رادەکێشن، هیوای خواستووە ئەو پشتیوانییە بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتر.

هاندەرانی زاخۆ دوای کێبڕکێ لەگەڵ دوو کاندیدی دیکە، توانیان خەڵاتەکە بەدەستبهێنن. خەڵاتی هاندەری فیفا لە ساڵی 2016وە دابەش دەکرێت و تایبەتە بەو هاندەر یان گرووپانەی کە پابەندبوونێکی ناوازە یان هەڵوێستێکی کاریگەر لە جیهانی تۆپی پێدا تۆمار دەکەن، بەبێ رەچاوکردنی خول، رەگەز، یان نەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گۆڤاری فۆربس ئاشکرایکرد، ئیلیۆن مەسک بووە یەکەم کەس لە مێژوودا کە سامانەکەی سنوری 600 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبێت، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پێشبینییەکان بۆ خستنەڕووی پشکەکانی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە بازاڕی بۆرسەدا.

ئەم پێشهاتە نوێیە رەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی بەهای بازاڕی کۆمپانیاکانی مەسکە لە بوارەکانی بۆشایی ئاسمان، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هۆشمەندی دەستکرد.

بەپێی راپۆرتەکەی فۆربس، پێشبینی دەکرێت بەهای بازاڕی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە کاتی خستنەڕووی پشکەکانیدا بگاتە 800 ملیار دۆلار، ئەمەش راستەوخۆ سامانەکەی مەسک بە بڕی 168 ملیار دۆلار زیاد دەکات، بەو پێیەی ناوبراو خاوەنی نزیکەی لەسەدا 42ی پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە. بەمەش پێشبینی دەکرێت کۆی سامانەکەی بگاتە 677 ملیار دۆلار.

مەسک کە لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا بۆ یەکەمجار سامانەکەی 500 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبوو، بەردەوامە لە تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی.

هاوکات کۆمپانیای تێسلا رۆڵێکی کاریگەری لەم هەڵکشانەدا هەبووە، سەرەڕای دابەزینی فرۆشی ئۆتۆمبێل، بەڵام پشکەکانی تێسلا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەسەدا 13 بەرزبوونەتەوە. مەسک خاوەنی لەسەدا 12ی پشکەکانی تێسلاینە و دوای ئەوەی کۆمپانیاکە تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێری (بەبێ شاشەی چاودێری) راگەیاند، پشکەکانی بە رێژەی لەسەدا 4ی دیکەش بەرزبوونەوە.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای (xAI)ـی تایبەت بە زیرەکی دەستکرد کە مەسک خاوەندارێتی دەکات، لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە بۆ کۆکردنەوەی 15 ملیار دۆلار، کە دەکرێت بەهای کۆمپانیاکە بگەیەنێتە 230 ملیار دۆلار و پێگەی مەسک لە کێبڕکێی جیهانیی زیرەکی دەستکرددا بەهێزتر بکات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەمێک لەمەوبەر لە پیرمام، کۆبوونەوەی باڵای نێوان وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیپێکرد، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو.

بەپێی زانیارییەکان، وەفدی یەکێتی پێکهاتوون لە قوباد تاڵەبانی، رێواز فایەق و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران. لە بەرامبەردا وەفدی پارتی لەلایەن هۆشیار زێباری و پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییەوە نوێنەرایەتی دەکرێن.

تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوە کردەییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و داڕشتنەوەی بەرنامەی حکومەت، هاوکات پرسی یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە بەغداد و پرسە هەنووکەییەکانی دیکە بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا دەبن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی رۆژی شەممەی رابردوو سەرکردەیەکی حەماس لە غەززە کوژرا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، لێکۆڵینەوە دەکەن لەوەی ئەگەر ئیسرائیل هیچ پێشێلکارییەکی ئاگربەستی لە غەززە ئەنجامدابێت، راشیگەیاند، دەستیان بە ئامادەکارییەکان بۆ پێکهێنانی هێزە نێودەوڵەتییەکەی غەززە کردووە و چاوەڕوان دەکرێت وڵاتی دیکەشی بۆ زیاد ببێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستە روو، چەند وڵاتێک هەیە بەراستی بەشدارن لە دروستکردنی هێزەکەدا و داوای چەند سەربازیان لێبکەین ئامادەن بینێرن.

ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ لەدوای هێرشێکی سوپای ئیسرائیل دێت بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە غەززە، کە بەهۆیەوە سەرکردەیەکی باڵای حەماس کوژرا و حەماسیش رایگەیاند، ئەوە پێشێلکاری ئاگربەستە و ئیسرائیل بە مەبەست ئەنجامی داوە. داواشی لە وڵاتانی نێوەندگیرکرد دەستوەردان لەو بابەتەدا بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ، وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە، تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە بەغداد.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هەنگاوە کردەییەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم تاوتوێ دەکرێن، لەگەڵ چۆنیەتی داڕشتنەوەی کارنامەی حکومەت بە شێوەیەک کە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت. هاوکات پرسی یەکخستنی دەنگی کورد لە بەغداد بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشهاتە سیاسییەکان بەشێکی دیکەی ئەجێندای کۆبوونەوەکە دەبێت.

پێکهاتەی وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا بریتییە لە قوباد تاڵەبانی، رێواز فایەق و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران.

لە بەرامبەردا، وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە لە هۆشیار زێباری و پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حزبە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەپاش زنجیرە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا و بەشێک لە پێگە سەربازییەکانی ناوچەکە، سەرچاوەکان بە کەناڵی i24ـی ئیسرائیلییان راگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لەسەر دۆسیەی سوریا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.

بەپێی زانیاری سەرچاوەکان، ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بەردەوامی خواستی ئیسرائیل بۆ کارکردن لە سوریا، هەروەها بەردەوامی دانوستانەکان لەگەڵ سوریا لەبارەی رێککەوتنی ئەمنی نێوانیان.

یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت: "ئێستا هەموو لایەک دەزانێت ئەرکی چییە." کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا باراک هێڵی سووری بۆ ناتانیاهۆ دیاریکردووە سەبارەت بە چالاکییەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی سوریادا.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا نووسیبووی: "زۆر گرنگە ئیسرائیل گفتوگۆیەکی بەهێز و راستەقینەی لەگەڵ سوریا هەبێت، نابێت هیچ شتێک رووبدات رێگری لە گەشەکردنی سوریا بکات بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی خۆشگوزەران."

ترەمپ باسی لەوەشکردبوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا بە سەختی کار دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی شتی باش روودەدات و سوریا و ئیسرائیل بەیەکەوە پەیوەندییەکی درێژخایەن و خۆشگوزەرانیان هەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشێکی نوێدا بۆ سەر چەند کەشتییەک لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمن، 8 کەسی کوشتووە، ئەوەش تەنها چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە سوپای ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی جوڵە سەربازییەکانیدا لە ئەمریکای لاتین، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلادا گرت.

فەرماندەیی باشووری سوپای ئەمریکا (SOUTHCOM) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانی پیت هەگسێت، وەزیری بەرگری، "هێرشی کوشندە"یان کردووەتە سەر سێ کەشتی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سوپا، لە ئەنجامی هێرشەکاندا 8 کەس کوژراون؛ "3 کەس لە کەشتی یەکەم، 2 لە دووەم و 3 لە سێهەم". سوپای ئەمریکا، بانگەشەی ئەوە دەکات کوژراوەکان پەیوەندییان بە بازرگانی مادە هۆشبەرەکانەوە هەبووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە مانگی ئەیلولەوە تا ئێستا، لە هێرشی هاوشێوەی ئەمریکا بۆ سەر دەیان کەشتی لە زەریای هێمن و دەریای کاریبی نزیک ڤەنزوێلا، لانی کەم 90 کەس کوژراون. شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی رەخنەی توند لەم کردەوانە دەگرن و بە "کوشتنی دەرەوەی یاسا" وەسفی دەکەن.

هاوکات یاسادانەرانی ئەمریکا پرسیار و گومانیان لەسەر رۆڵی هەگسێت لەم هێرشانە هەیە، بەتایبەت دەنگۆی ئەوەی کە ناوبراو راستەوخۆ فەرمانی بۆ هێرشی دووەم دەرکردبێت بۆ سەر بەلەمێک لە مانگی ئەیلولدا، کە دوو کەس تێیدا رزگاریان ببوو و بە پاشماوەی بەلەمەکەوە خۆیان هەڵواسیبوو.

پێنتاگۆن کەشتی جەنگی، ژێردەریایی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رەوانەی دەریای کاریبی و کەنداوی مەکسیک کردووە بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان. لە بەرامبەردا ڤەنزوێلا دەڵێت ئامانج لەم جوڵە سەربازییانە ئەوەیە "هێزە دەرەکییەکان سامانی بێشوماری نەوت و غازی ڤەنزوێلا بدزن".

هەفتەی رابردوو، دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوت هەڵگرەکە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی وت: "وا دەزانم نەوتەکە بۆ خۆمان دەهێڵینەوە."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەدەنگەوەهاتن و هاوکاریکردنی قوربانیانی کارەساتە سروشتییەکەی ئەم دواییە، گروپی کۆمپانیاکانی "ئێم جەی هۆڵدینگ" بڕی 500 ملیۆن دیناری وەک هاوکاریی بەپەلە بەخشی بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ.

زریان سەڵاح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی "ئێم جەی هۆڵدینگ" بە کوردسات نیوزی راگەیاند: "لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و ئەخلاقی بەرانبەر ئەو رەوشە نەخوازراوەی روی لە ناوچەکە کردووە، بڕیارمان دا بە بەخشینی بڕی 500 ملیۆن دینار بۆ کەسوکاری زیانلێکەوتووانی قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی شۆڕش و ناوچەکانی دەوروبەری."

 ئەم هاوکارییە وەک بەدەنگەوەهاتنێک بۆ رەوشی زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ، کە لەچەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ئەو لافاوەی قەزاکەی گرتەووە زیانێکی  بە شارەکە گەیاند.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی بوونی تەمێکی زۆرەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کاتێکی نادیار راگیرا.

پەیامنێری کوردسات نیوز: سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەهۆی ناجێگیری کەشوهەوا و بوونی تەمێکی زۆرەوە بۆ کاتێکی نادیار راگیراوە.

لە بارەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دانا محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەدنییەکانی  فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە  ئاسایییە و هیچ گەشتێک رانەگیراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کەشناسی عیراق رایگەیاندووە، لەبەرەبەیانی سبەینێوە تەمێکی زۆر سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە و بە تەواوەتی مەودای بینین کەمدەبێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی پشکنینی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ داوا دەکات، زیانلێکەوتووان سبەینێ ئۆتۆمبێلەکانیان ئامادەبکەن بۆ دیاریکردنی رێژەی زیانەکان.

لیژنەی پشکنینی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، لە راگەیەنروێکدا ئاگاداری زیانلێکەوتووان دەکاتەوە، ئەوانەی فۆڕمیان پردوەتەوە سبەینێ ئۆتۆمبێلەکانیان لەو شوێنانە ئامادەبکەن کە دیاری کراوە، بۆ ئەوەی پشکنین و دیاریکردنی رێژەی زیانەکانیان بۆ ئەنجام بدرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ سەعات 8:30 لەو شوێنانەی دیاریکراوە پشکنینەکان ئەنجامدەدرێت.

 

شوێنەکان:

چەمچەماڵ / بەردەم پەیمانگەی تەکنیکی چەمچەماڵ

ناحیەی شۆڕش / بەردەم ناحیەی شۆڕش

ناحیەی تەکیە/ بەردەم ناحیەی تەکیە

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك وەزیرانی عیراق لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ ئەوەی بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێم پێداچوونەوە بە داهاتی نا نەوتیی هەرێم.بكات

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وزاری ئابوری كرد لە بەغداد كە تایبەت بوو بە خەرجییەكانی حكومەت و زیادكردنی داهاتەكان.

نوسینگەی سودانی رایگەیاند، سودانی لە كۆبونەوەكەدا بە فەرمانێكی وزاری لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بە داهاتی نانەوتیی هەرێم بكرێت كە ئێستا بەشێوەی مانگانە ئەو داهاتە بۆ بەغداد دەنێردرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، كار لەسەر یەكخستنی دەرماڵە و موچەی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەران بكرێت و راپۆرتێك لەسەر ئەو بابەتە ئامادە بكرێت.

راشیگەیاند، هەماهەنگی لە نێوان دەستەی گومرگ  و بانكی ناوەندیی دەكرێت و كۆكردنەوەی داهاتی كارەبا و سەرجەم سێكتەرەكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی بێت بە ئامانجی یەكخستنی داهاتەكان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەم پێشوازی کرد، لە حەیدەر عەبدولوەهاب چالاکوانی مەدەنی و لە دیدارەکەدا خانمی یەکەم وێرای ستایشکردنی هەوڵەکانی حەیدەر عەبدولوەهاب، جەختیکردەوە لە گرنگی زیاتری دەستپێشخەریی کۆمەڵایەتی بە مەبەستی پاراستنی پاشخانی کەلتووری عیراق.

ئەمڕۆ دووشەممە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق لە کۆشکی سەلام، پێشوازیکرد ، لە چالاکوانی مەدەنی حەیدەر عەبدولوەهاب عەبدولئەمیر،لە سەرەتای دیدارەکەدا خانمی یەکەم ستایشی هەوڵەکانی ئەو چالاکوانە مەدەنییە و تیمەکەی کرد لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە گرنگی شوێنەوار و پەیکەر و پاراستنی کەلەپور و فەرهەنگی وڵات.

هاوکات جەختیکردەوە لە گرنگی دەستپێشخەریی کۆمەڵایەتی، کە بەشدارن لە پاراستنی پاشخانی کەلتووری عیراق وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی، کە ئەرکی  هەمووانە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی دا بە پێویستی گرنگیدان بەو شوێنەوار و پەیکەرانەی کە مێژوو و هێماکانی عیراق بەرجەستە دەکەن، هەروەها بۆ ئەو کارە هونەری و دیوارە رەنگاوڕەنگانەی کە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە دەڕازێننەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێگەی کەلتووری و شارستانی عیراقدا بگونجێت.

لای خۆیەوە، حەیدەر عەبدولوەهاب عەبدولئەمەیر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ دیداری خانمی یەکەم دەربڕی و رونیکردەوە کە خۆی و تیمەکەی کارەکانی پاککردنەوە و چاکسازییان لەسەر مۆنۆمێنتی "دەربازکردنی رۆشنبیری عیراق" تەواوکردووە، کە لەلایەن هونەرمەند و پەیکەرتاشی کۆچکردووی عیراق محەمەد غەنی حیکمەت لە بەشی کەرخی بەغداد دروستکراوە.

عەبدولئەمەیر داوای لە گەنجان و دانیشتوانی شارەکە کرد، کە بەشداری بکەن لە پاراستنی ئەم شوێنەوارە کەلەپورییە، بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی ئەوان وەک ڕەنگدانەوەی ناسنامە و مێژووی کەلتووری عیراق.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام پێشوازی لە ئیڤان فایق، وەزیری کوچ و کۆچبەران کرد، لە دیدارەکەدا پرسی ئاوارەکان وچۆنیەتی پەرەپێدانی هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی بەردەم وەزارەتەکە کرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەغداد سەرۆک کۆمار پێشوازی کرد لە وەزیری کۆچ و کۆچبەران ، لە دیادرەکەدا باسیان لەگرنگترین پرسە هەڵپەسێردراوەکانی تایبەت بەئاوارەکان و چۆنیەتی پەرەپێدانی هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی ئێستا. 

سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی هاوکاری وەزارەت لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت کردەوە بۆ پەرەپێدانی چارەسەری یەکجارەکی بۆ کێشەکانی کۆچ و دەستەبەرکردنی پاراستنی کەرامەتی هاووڵاتییان و دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان بەسەلامەتی و شێوازێکی شکۆمەندانە.

د.لەتیف جەختیشی لەپێویستی گرتنەبەری سیاسەتێکی گشتگیر کردەوە، کە رەهەندە مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەبەرچاو بگرێت.

لەلای خۆیەوە وەزیری کۆچ و کۆچبەران، پلان و بەرنامەکانی ئێستای وەزارەتەکەی خستەڕوو و تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکان و بەرچاوترین ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکان.

هەروەها پابەندبوونی وەزارەتەکەشی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانی و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییە نیشتمانییە پەیوەندیدارەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...173174175176177...1070