وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، رایگەیاند وەزیری پێشمەرگە ئیمزای لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی 70، هێزەکانی پشتیوانی، فەرماندەیی بەرگریی و فریاکەوتن کرد، کە ژمارەیان 1385 ئەفسەرە، وەزیری پێشمەرگەش رایگەیاند؛ ئەم پلەبەرزکردنەوەیە، شایستەییەکی یاسایی و دەرەنجامی راستەوخۆی دڵسۆزی، ماندووبوون و شەونخونیانە.

وەزارەتی پێشمەرەگە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە  و تێیدا هاتووە؛ ئەمڕۆ دووشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیمزایی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی (فەرماندەیی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو، و فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن) کرد.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردوە، بە گوێرەی خشتەکان، ئەو ئەفسەرو پێشمەرگانەی پلەکانیان بەرز کراوەتەوە ژمارەیان هەزار و 385 کەسە.

 وەزیری پێشمەرەگە دوای ئیمزاکردنی پلەبەرزکردنەوەکەیان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ئەو ئەفسەرانە کردوە و دەڵێت؛  ئەم پلەبەرزکردنەوەیە، شایستەییەکی یاسایی و دەرەنجامی راستەوخۆی دڵسۆزی، ماندووبوون و شەونخونی ئێوەی تێکۆشەرە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانتان و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان.

هەروەها جەختیکردوەتەوە، ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی لە کات و وادەی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت و ئەم قۆناغە نوێیەی پلەبەرزبوونەوەتان دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ بەردەوامبوون و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانمان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.