ئالدار خەلیل رایگەیاند، "سیستمی بەرگریی ئێمە کە لە هەسەدەدا خۆی دەبینێتەوە، هێڵی سورە و هەڕەشەکان هیچ گۆڕانکارییەک دروست ناکەن."
وتیشی، "هێرشەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقصود و ئەشرەفیە، پێویستیی مانەوەی چەکی بەدەست هەسەدەوە سەلماند، وەک گەرەنتییەک بۆ بەرگریکردن لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا."
ئەو بەرپرسەی پەیەدە جەختیکردەوە، "حکومەتی سوریا ناتوانێت رووبەڕووی هێزەکانی سوریای دیموکرات ببێتەوە، چونکە هەسەدە گەورەترین جەماوەری لە سوریا هەیە."
خەلیل ئاشکرایکرد کە پێشتر هەسەدە و حکومەتی سوریا بە ئامادەبوونی نێوەندگیری ئەمریکی لەسەر میکانیزمێک بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) رێککەوتوون. بەپێی رێککەوتنەکە، بڕیاربووە ئەو هێزانە لە چوارچێوەی "تیپ، لیوا، هێزی تایبەت و پاسەوانی سنور"دا تێکەڵ بکرێن.
وتیشی، "هەسەدە لیستی ناوی فەرماندەکانی پێشکەشکرد بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەکە، بەڵام تا ئێستا حکومەت وەڵامی نەداوەتەوە."
ئالدار خەلیل لێدوانەکانی وەزیری بەرگریی سوریا سەبارەت بە پێشنیازی پێشکەشکراو بە هەسەدەی بە "کاتکوشتن" ناوبرد و رایگەیاند، "ئەو لێدوانانە دوای رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەت دێن لەسەر پرۆسەی تێکەڵکردنەوەکە."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا، ئالدار خەلیل وتی، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ شەرع سۆزدارانە نین تا لە دڵ و چاودا بین، ئێمە دەمانەوێت لە دەستور و سوپادا بین، دەمانەوێت لەگەڵ عەلەوی و دروز و مەسیحییەکاندا هاوبەش بین لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا."
وتیشی، "ناوەندێتیی حکومەتی سوریا پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی سوریای دابەشکردووە و لامەرکەزییەت بژاردەی ئێمەیە."
ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە رەخنەی لە سیاسەتەکانی حکومەتی نوێ گرت و رایگەیاند، "تورکیا بڕیارەکانی دیمەشقی وەک دەوڵەت زەوتکردووە و حکومەتەکەی شەرع پەیڕەوی سیاسەتی حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی دەکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر حکومەتی سوریا سوپایەکی نیشتمانیی دەوێت، ئەوا هەسەدە سوپایەکی رێکخراوە، بەڵام پێویستی بە گڵۆپی سەوزی تورکیایە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئالدار خەلیل ئاشکرایکرد کە عەبدوڵا ئۆجەلان داوای لێکردوون کە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و رێککەوتن. وتیشی، "گفتوگۆکانی بەڕێز ئۆجەلان لەگەڵ تورکیا، دوژمنایەتیی دەوڵەتی تورکیای بەرامبەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کەمکردەوە و بنەمای چارەسەریی کێشەی سوریا بەستراوەتەوە بە ئاشتی لە تورکیا."
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە ئوسترالیا، ناسنامەی یەکێک لەو دوو گومانلێکراوەی ئاشکراکرد کە ئەمڕۆ یەکشەممە، هێرشیانکردە سەر ئاهەنگێکی جولەکەکان لە کەناراوێکی بەناوبانگی نزیک شاری سیدنی.
بەرپرسەکە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەزگای میدیایی ئوسترالیای راگەیاندووە، یەکێک لە چەکدارەکان ناوی "نەوید ئەکرەم"ە و تەمەنی 24 ساڵە و دانیشتووی ناوچەی بونیریگە لە دەوروبەری سیدنی.
وتیشی، لە ئێستادا ماڵی گومانلێکراوەکە لەلایەن پۆلیسەوە پشکێنراوە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، هێرشەکە لەلایەن دوو کەسەوە ئەنجامدراوە، یەکێکیان دەستبەجێ کوژراوە و ئەوی دیکەیان بریندارکراوە و بە سەختی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.
پۆلیس رایگەیاندووە، هێرشەکەی کەناری بۆندی لانیکەم 10 کوژراوی لێکەوتۆتەوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکانیش هەیە. هەروەها 11 کەسی دیکەش برینداربوون کە دووانیان پۆلیسن.
ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، روداوەکەی بە "شۆکهێنەر و ترسناک" وەسفکرد و رایگەیاند، "تیمەکانی فریاگوزاری لە شوێنی روداوەکەن و هەوڵی رزگارکردنی گیانی بریندارەکان دەدەن."
ئەلێکس ریڤیچین، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاریی جولەکەکانی ئوسترالیا رایگەیاند، تەقەکردنەکە لە کاتی ئاهەنگێکی جەژنی "حەنوکا"ی جولەکەکاندا رویداوە کە لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا دەستیپێکردبوو.
کەناری بۆندی یەکێکە لە بەناوبانگترین کەناراوەکانی جیهان و بەردەوام قەرەباڵغە بە گەشتیار و سەردانیکەران.
دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەندکرد.
ناوەندی راگەیاندنی دادگاکە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن و بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی، کۆبونەوەیەکی داخراوی ئەنجامدا بۆ وردبینیکردنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ ساڵی 2025 (خولی شەشەم)."
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەنجامەکان لە رۆژی 8ی 12ی 2025 لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە رەوانەی دادگاکە کرابوون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای وردبینی و گفتوگۆ، بۆ دادگاکە دەرکەوت کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە مەرجە دەستوری و یاساییەکانی تێدابووە و هیچ شتێک نییە کە زیان بە دروستیی پرۆسەکە بگەیەنێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، دادگای فیدراڵی بە پشتبەستن بە بڕگەی (حەوتەم) لە مادەی (93)ی دەستوری عیراقی ساڵی 2005، بڕیاریدا بە پەسەندکردنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنەکە.
دادگاکە جەختیکردۆتەوە کە بڕیارەکە "کۆتایی و پابەندکەرە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان" و هەرسێ دەسەڵاتەکەی وڵات (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری) لە بڕیارەکە ئاگادار دەکاتەوە.
پۆلیسی ئوسترالیا رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی روداوی تەقەکردنەکەی کەناری بۆندی بۆ 10 کەس بەرزبووەتەوە و یەکێک لە کوژراوەکانیش یەکێک لە تەقەکەرەکانە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین گرتەی ڤیدیۆیی روداوەکە بڵاوکراونەتەوە. لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییە پشتڕاستکراوەکاندا، دوو چەکدار دەردەکەون کە لەسەر پردێکی بچوکەوە تەقە دەکەن کە نزیکە لە پارکێکی یاریی منداڵانەوە.
لە گرتەیەکی دیکەدا، چەند پۆلیسێک لەسەر هەمان پرد دەبینرێن و یەکێکیان هەوڵی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ پیاوێک دەدات کە لەسەر زەوی کەوتووە و هیچ جوڵەیەکی نییە، لەکاتێکدا کەسێک هاواردەکات "مردووە، مردووە." پاشماوەی خوێن و زیاتر لە 8 قاوانی فیشەک لە شوێنەکەدا بەدیکراون. تا ئێستا رون نییە ئەو کەسانەی لەسەر زەوی کەوتوون هەمان ئەو چەکدارانەن کە لە گرتەی یەکەمدا دەرکەوتوون.
گرتە ڤیدیۆییەکانی دیکە نیشانی دەدەن کە سەدان کەس لە کەناراوەکە بە هاوار و ترسەوە رادەکەن لەکاتێکدا دەنگی تەقە بەردەوامە.
پەیامنێرێک لە کەناری بۆندی رایگەیاند، قسەی لەگەڵ شایەتحاڵێک کردووە کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دوو چەکدارەکەی تۆمارکردووە. شایەتحاڵەکە وتویەتی، "سەرەتا وامزانی یاریی ئاگرینە، بەڵام دواتر پێیان وتم بچمە ژورەوە چونکە مەترسی هەیە."
ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بەوەشکردووە کە بە چەکدارەکانی وتووە چەکەکانیان دابنێن، بەڵام ئەوان گوێیان لێ نەگرتووە.
پۆلیسی ئوسترالیا رایگەیاند، لە کەناری بۆندی لە سیدنی، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین کەناراوەکانی وڵاتەکەیە، روداوێکی ئەمنی لە ئارادایە و دوو کەسیان دەستگیرکردووە.
ئەمڕۆ، 14ـی 12ـی 2025، پۆلیسی ویلایەتی نیو ساوس وێڵز لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتیان کرد لە ناوچەکە نزیک نەکەونەوە و ئەوانەی لە نزیکن خۆیان بپارێزن.
میدیاکانی ئوسترالیا بڵاویانکردەوە کە دەنگی تەقە لە ناوچەکە بیستراوە و سەدان کەس لە کەناراوەکە هەڵاتوون. رۆژنامەی "سیدنی مۆرنینگ هێراڵد" ئاماژەی بەوەکردووە کە چەندینجار تەقە کراوە، بەڵام تا ئێستا رون نییە کەس بریندار بووە یان نا.
دانیشتوانی ناوچەکە رایانگەیاندووە کە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی پۆلیس بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون.
هاوکات وتەبێژێکی نوسینگەی ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، رایگەیاند، "ئاگاداری دۆخێکی ئەمنی لە بۆندیین. داوا لە خەڵک دەکەین لەو ناوچەیەدا پابەندی رێنماییەکانی پۆلیسی نیو ساوس وێڵز بن".
پۆلیس جەختیکردۆتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەیان بەردەوامە و داوایان لە هاووڵاتیان کردووە پابەندی رێنماییەکان بن و هێڵەکانی پۆلیس نەبەزێنن.
حکومەتی عیراق گوژمەیەکی دیکەی شایستەی دارایی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی رەوانە کرد و بڕیارە دوای تەواوبوونی رێکارەکان بەسەر جوتیاراندا دابەشبکرێت.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی عیراق سێهەمین گوژمەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی رەوانە کردووە کە بڕەکەی 24 ملیار و 250 ملیۆن دینارە.
وتیشی، "پارەکە نێردراوە، تەنها رێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان ماون بۆ ئەوەی بەسەر جوتیاراندا دابەشبکرێت."
بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بڕە پارەیە:
9 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ جوتیارانی سلێمانییە.
7 ملیار و 750 ملیۆن دینار بۆ جوتیارانی هەولێرە.
7 ملیار دینار بۆ جوتیارانی دهۆکە.
حکومەتی عیراق تا ئێستا سێ گوژمە پارەی گەنمی جوتیارانی رەوانەی هەرێم کردووە، بەڵام هێشتا زیاتر لە 250 ملیار دیناری دیکەی شایستەی دارایی جوتیاران ماوە کە لەلایەن بەغدادەوە رەوانە بکرێت.
ئەمساڵ حکومەتی عیراق 400 هەزار تۆن گەنمی لە جوتیارانی هەرێم وەرگرت و نرخی هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار دیاریکردبوو.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم، پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە و سبەینێش پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی کەشناسی، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچە جیاجیاکاندا تەم دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەدوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە هەندێک ناوچەی شاخاویی سنوریی ئەگەری بەفربارین و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش ئەگەری نمەباران هەیە.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە، پێشبینی دەکرێت ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور بێت و لە کاتەکانی بەیانیدا ئەگەری دروستبوونی تەم لە ناوچە شاخاوییەکاندا هەیە.
هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بە (1 بۆ 2) پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەبن:
هەولێر: 13 پلە
سلێمانی: 12 پلە
دهۆک: 11 پلە
کەرکوک: 14 پلە
هەڵەبجە: 12 پلە
گەرمیان: 15 پلە
سۆران: 9 پلە
زاخۆ: 13 پلە
ئاکرێ: 13 پلە
ئامێدی: 8 پلە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، نوێترین ئاماری بارانبارینی لە سنوری پارێزگاکەدا بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ لە زۆربەی ناوچەکاندا لەچاو ساڵی رابردوو زیادیکردووە.
بەپێی ئەو خشتەیەی کە ئەمڕۆ، لەلایەن هۆبەی کەشناسیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا لە تەواوی ناوچەکانی هەڵەبجە، سیروان، خورماڵ، بیارە و تەوێڵە باران باریوە.
ئاماری بارانبارین لە 24 سەعاتی رابردودا:
بیارە: 5.7 ملم
هەڵەبجە: 5.5 ملم
خورماڵ: 5.5 ملم
سیروان: 5.0 ملم
تەوێڵە: 4.6 ملم
کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ:
ئامارەکە دەریدەخات کە کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ تا ئەم بەروارە، لە ناوچەکانی هەڵەبجە، سیروان و بیارە زیاتر بووە بەراورد بە هەمان کات لە ساڵی رابردودا. زۆرترین رێژەی بارانبارینی ئەمساڵیش لە سیروان تۆمارکراوە کە 263.1 ملم بووە.
سیروان: ئەمساڵ 263.1 ملم | پارساڵ 188.2 ملم
بیارە: ئەمساڵ 259.0 ملم | پارساڵ 253.3 mلم
هەڵەبجە: ئەمساڵ 239.4 ملم | پارساڵ 213.4 ملم
خورماڵ: ئەمساڵ 220.5 ملم | پارساڵ 227.1 ملم
تەوێڵە: ئەمساڵ 211.3 ملم | پارساڵ 247.9 ملم
لە بەرانبەردا، لە هەردوو ناوچەی خوڕماڵ و تەوێڵە، رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە.
بەرپرسانی ئەمنی رایانگەیاند، رۆژی شەممە، چەکدارێک کە جلی رەشی لەبەردابوو، لە زانکۆی براون لە ویلایەتی رۆد ئایلەندی ئەمریکا دەستڕێژی گوللەی کرد و بەهۆیەوە لانیکەم 2 کەس کوژران و 8 کەسی دیکە برینداربون. روداوەکە لەکاتێکدا بوو کە خوێندکاران سەرقاڵی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بوون لە زانکۆکەدا.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس، گومانلێکراوەکە تا ئێستا دەستگیرنەکراوە و زیاتر لە سێ سەعات دوای روداوەکە، هێزەکانی پۆلیس هێشتا سەرقاڵی پشکنینی باڵەخانەکانی زانکۆکە و دەوروبەری بوون.
تیمۆسی ئۆهارا، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیس رایگەیاند، گومانلێکراوەکە پیاوێکە جلی رەشی لەبەردابووە و دواجار لەکاتی چوونەدەرەوەی لە باڵەخانەی ئەندازیاری بینراوە کە هێرشەکەی تێدا رویداوە. لەلایەکی دیکەوە، برێت سمایلی، سەرۆکی شارەوانیی پرۆڤیدنس رایگەیاند، رێکاری قەدەغەی هاتووچۆ لە ناوچەکەدا راگەیەندراوە و داوای لە دانیشتوانی نزیک زانکۆکە کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە تاوەکو رێکارەکە هەڵدەگیرێت.
سەرۆکی شارەوانی وتیشی، هەموو توانایەکیان خستۆتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی گومانلێکراوەکە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو 8 کەسەی برینداربوون لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و دۆخیان سەقامگیرە، بەڵام رەتی کردەوە زانیاری لەبارەی ئەوەی قوربانییەکان خوێندکارن یان نا، ئاشکرا بکات.
بەپێی ماڵپەڕە ئەمریکییەکان؛ تەقەکردنەکەی ئەمڕۆ شەممە لە باڵەخانەی "باروس و هۆلی" رویدا کە کۆلێژی ئەندازیاری و بەشی فیزیای تێدایە. لەو کاتەدا تاقیکردنەوەی دیزاینی ئەندازیاری بەڕێوەدەچوو.
خوێندکارێک کە لە بەشە ناوخۆییەکەی خۆی سەرقاڵی پرۆژەیەک بووە، بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی وتووە، "کاتێک گوێم لە دەنگی ئۆتۆمبێلی پۆلیس بوو و نامەیەکم پێگەیشت سەبارەت بە تەقەکەرێک، هەموو لەشم کەوتە لەرزین و بەزۆر خۆم کۆنتڕۆڵکرد".
خوێندکارێکی دیکەش کە کەمێک لە شوێنی روداوەکە دوور بووە، رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لە روداوەکە، خوێندکاران لە تاقیگەیەکی نزیک باڵەخانەکە خۆیان لەژێر مێزەکاندا شاردۆتەوە و گڵۆپەکانیان کوژاندۆتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگاداری روداوی تەقەکردنەکە کراوەتەوە.لە لێدوانێکی کورتدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ وتی، "ئەوەی لە ئێستادا دەتوانین بیکەین تەنها نزا کردنە بۆ قوربانییەکان".
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ"، ترەمپ رایگەیاند، "ئاگادارکراومەتەوە لە تەقەکردنەکە کە لە زانکۆی براون لە رۆد ئایلەند رویداوە. ئێف بی ئای لە شوێنی روداوەکەیە". سەرەتا سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە گومانلێکراوەکە دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر بە پشتبەستن بە پۆلیسی زانکۆکە، ئەو قسەیەی راستکردەوە و رایگەیاند کە گومانلێکراوەکە دەستگیر نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، "هەواڵێکی ناخۆش لە رۆد ئایلەند. هەموومان چاودێریی دۆخەکە دەکەین و ئێف بی ئای ئامادەیە بۆ هەر هاوکارییەک. هەموومان بیر و نزامان لەلای قوربانییەکانە".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای کوژرانی سێ هاوڵاتی وڵاتەکەی لە سوریا رایگەیاند، ئەمریکا وەڵامی داعش دەداتەوە و بێدەنگ نابێت.
ترەمپ لە پەیامێکدا هۆشداریدا و وتی: "وەڵامی داعش دەدەینەوە و ئەگەر جارێکی دیکە هێزەکانی ئەمریکا رووبەڕووی هێرش ببنەوە، ئەوا وەڵامی توندیان دەدەینەوە".
ئەم هەڕەشەیەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە سوریا بۆسەیەک بۆ هێزێکی ئەمریکی دانرا و بەهۆیەوە سێ ئەمریکی (دوو سەرباز و مەدەنییەک) کوژران و سێ سەربازی دیکەش برینداربوون.
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەخت لە یەكڕیزیی لایەنە كوردییەكان دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، كلیلی بەدەستهێنانی مافەكان بوونی پرۆژەیەكی هاوبەشە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، بە ئامادەكردنی پرۆژەی هاوبەش و یەكگرتووی كورد لە هەولێر و بەغداد، دەتوانن زۆرترین دەستكەوت بۆ بەدەست بهێنن و پێگەی كورد بەهێزتر بكەن.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی هۆشداریشیدا، ئەگەر كورد یەكگرتوو نەبێت و بە یەك پرۆژەوە نەچێتە بەغداد ئەوا مەترسیی ئەوە هەیە زۆرێك لە دەستكەوت و مافەكانی كورد هەرێم و عیراقیش لەدەستبچن.
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە ئاکامی بۆسەیەکدا کە لەلایەن چەکدارێکی داعشەوە لە سوریا دانرابوو، سێ هاوڵاتی ئەمریکی کوژران کە یەکێکیان مەدەنییە، هاوکات سێ سەربازی دیکەش برینداربوون.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ، چەکدارێکی داعش بە تەنها بۆسەی بۆ هێزەکانیان داناوە، بەهۆیەوە دوو سەرباز و هاووڵاتییەکی مەدەنی کە لەگەڵیاندا بووە کوژراون، سێ سەربازی دیکەش برینداربوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، هێزەکانی ئەمریکا دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و لە ئەنجامدا چەکدارەکەی داعش کوژراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بەمەبەستی رێزگرتن لە خێزانەکانیان و بەپێی پەیڕەوی وەزارەتی بەرگری، ناسنامەی کوژراوەکان تا 24 سەعات دوای ئاگادارکردنەوەی کەسوکاریان بڵاوناکرێتەوە.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە تەواوی کرێی خوێندنی خوێندکارانی چەمچەماڵ و دەوروبەری بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026، ئەوەش وەک هاوخەمییەک بۆ زیانلێکەوتووانی ناوچەکە.
د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئیمزای خۆی بڕیارەکەی دەرکردووە و ئاماژەی بەوەداوە، لەپێناو بەشداریکردن لە خەمی خەڵکی چەمچەماڵ و بەدەنگەوەهاتنی خوێندکارەکانیان بەهۆی ئەو کارەساتە سروشتییەی روویکردووەتە ناوچەکە، بڕیاردراوە بە لێخۆشبوون لە پارەی کرێی خوێندن بۆ دانیشتووانی قەزاکە.
بەپێی بڕیارەکە، لێخۆشبوونەکە سەرجەم ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە دانیشتووی چەمچەماڵن و لە سیستمی پارالێل یان خوێندنی ئێواران لە زانکۆکان وەرگیراون.
بڕیارەکە گشتگیرە و هەردوو قۆناغی خوێندنی بەرایی (دبلۆم و بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆر) دەگرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا مەرجی ئەوەی داناوە، کە پێویستە خوێندکاران بە بەڵگەنامەی رەسمی و یاسایی بیسەلمێنن کە دانیشتووی قەزای چەمچەماڵن یان ئەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە، بۆ ئەوەی بڕیارەکە بیانگرێتەوە.
سوپای ئیسرائیل بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک)، کوشتنی رائد سەعد، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی کەتیبەکانی قەسامی لە شاری غەززە راگەیاند، حەماسیش دەڵێت ئامانجی ئیسرائیل هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئاگربەستە.
بەپێی راگەیەندراوێکی هاوبەشی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیران و ییسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بڕیاری کوشتنی رائد سەعد وەک وەڵامێک بووە بۆ تەقینەوەی بۆمبێک بە هێزێکی سوپادا.
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل رائد سەعد بە "پیاوی دووەم"ی قەسام و ئەندازیاری پلانی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر ناودەبەن و ئاماژە بەوە دەکەن، ناوبراو لە ماوەی رابردوودا سەرقاڵی رێکخستنەوەی ریزەکانی حەماس و بەرهەمهێنانی چەک بووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە جەنگدا لە چەندین هەوڵی تیرۆرکردن رزگاری ببوو.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، نەتەنیاهۆ بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمریکا فەرمانی جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنەکەی داوە.
لە بەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا هێرشەکەی بە "پێشێلکارییەکی تاوانکاری" بۆ سەر رێککەوتنی ئاگربەست وەسفکرد و رایگەیاند: "ئەم تاوانە دەیسەلمێنێت کە ئیسرائیل بە ئەنقەست هەوڵی شکستپێهێنانی ئاگربەستەکە دەدات".
حەماس داواشی لە وڵاتانی نێوەندگیر و دەستەبەرکار (زامن) کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و سنورێک بۆ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دابنێن.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەپاش روداوەکەی تدمر، نیگەرانی خۆی بۆ برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمریکا لە بیابانی سوریا دەربڕی و داوای هەوڵی هاوبەش دەکات.
مەزڵوم کۆبانێ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەداخەوەن بۆ برینداربوونی ژمارەیەک لە هێزەکانی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمریکا کە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا لە بیابانی سوریا (بادیە) روبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە.
فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە: "زیادبوونی ئەم هێرشانە پێویستی بە ئیرادەی زیاتر و خستنەگەڕی هەوڵی هاوبەش هەیە لەسەر ئاستی نیشتمانی، بۆ ئۆپراسیۆنەکانی روبەڕووبوونەوەی تیرۆر و شانەکانیان".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵوم کۆبانێ هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکانی ئەو رووداوە خواستووە.