بە بۆنەی 51 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە هەڵگرساندنی شۆڕشی نوێ و سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی تێکۆشان و خۆڕاگری دژی رژێمی فاشیستی بەعس جارێکی دی بوو بە تروسکەی هیوا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

 کەجەکە ئەماژەی بەوەشکردوە، یەکێتی بە پێشەنگایەتی سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی، لە هاوکاری و پشتیوانی بۆ خەبات و تێکۆشان لە بەشەکانی‌ تری کوردستان و هەروەها هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد لەم بەشانەدا خاوەن رۆڵ و کاریگەریی بووە

 

دەقی پەیامەکەی کەجەکە

"بەڕێز/ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان

بەڕێزان/ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی

بە بۆنەی ٥١ـەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز، هەموو کادیر و ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی دەکەین و هیوای تەندروستی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

بەڕێزان،

دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خاوەن گرنگییەکی مێژووییە. لە کاتێکدا کە بێهیوایی باڵی بە سەر باشووری کوردستاندا کشاندبوو، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە هەڵگرساندنی شۆڕشی نوێ و سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی تێکۆشان و خۆڕاگری دژی ڕژێمی فاشیستی بەعس جارێکی دی بوو بە تروسکەی هیوا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. لەو سەردەمەوە تا ئێستا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە مسۆگەرکردنی دەسکەوتە نەتەوەیی و دیموکراتییەکان لە باشووری کوردستاندا. هەروەها یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بە پێشەنگایەتی سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی، لە هاوکاری و پشتیوانی بۆ خەبات و تێکۆشان لە بەشەکانی‌ تری کوردستان و هەروەها هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد لەم بەشانەدا خاوەن ڕۆڵ و کاریگەریی بووە. پەیوەندی هاوڕێتی و دۆستایەتی لە نێوان سەرۆک مام جەلال، ڕێبەر ئاپۆ و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. ئەم پەیوەندییە لە هەمانکاتدا، هەوێن و بزوێنەری یەکێتی نەتەویی و دیمۆکراتییە لە نێوان کوردی هەر چوار بەشی کوردستان. لەو بڕوایەداین کە وەک وەفادارییەک بۆ ئەم میراتە مێژووییە پێویست دەکات زیاتر گوڕ بە خەبات و تێکۆشان بدەین لە پێناو مسۆگەرکردنی یەکێتیی نەتەوەیی و دیموکراتی کورد بە بەشداری هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی سەرتاسەری کوردستان.

جارێکی دی ئەم یادە مەزنە لە ئێوەی بەڕێز، خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان و هەموو گەلی کوردستان پیرۆز دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان دادەنەوێنین و هیواخوازین سەرکەوتوو و سەرفراز بن".