پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر پرسی سەقامگیریی دراو کۆبویەوە
بڵند
٥ی شوباتی ٢٠٢٦
عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عیراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ جۆش هارس، کاربەڕێوەبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبوەوە و پەرەپێدانی هاوبەشی ستراتیژی و گرنگیی پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی نەقدی و ئابوریی عیراقیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی عیراق، راگەیەندراویکی بڵاوکردوەتەوە تێیدا هاتووە، لەسەر پرسی سەقامگیری دراو لە عیراقدا،عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمیکا کۆبوەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی ئەمریکی دەستخۆشی لە چاکسازییەکانی بانکی ناوەندی و پەرەسەندنی پرۆسەی گواستنەوەی دەرەکی و رێکخستنی فرۆشتنی دۆلار بەپێی ستانداردە جیهانییەکان کرد، هاوکات جەختی لە بەردەوامیی هەماهەنگییە بەرهەمدارەکانی نێوان وەزارەتی خزێنەی ئەمریکا وبانکی فیدراڵیی عیراق کردەوە.
لە بەرانبەردا پارێزگاری بانکی ناوەندی سوپاسی پاڵپشتییە بەردەوامەکانی ئەمریکای کرد و جەختی لەسەر پلانی چاکسازیی بانکی کردەوە بە ئامانجی بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی، کە لەگەڵ پێویستییەکانی ئاسایش و سیاسیی وڵاتدا بگونجێت.



