وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەڵێت، دوو هەزار و 250 زیندانیكراوی داعش بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان بە رێگەی ئاسمانیی و وشكانی گواستراونەتەوە بۆ عیراق.

لیوا سەعد مەعن لێپرسراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق رایگەیاند، گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سوریاوە بۆ عیراق بەردەوامە و تائێستا دوو هەزار و 250 زیندانی گواستراونەتەوە.

دەشڵێت، عیراق لەبری هەموو جیهان ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەی گرتووەتە ئەستۆ، ئەوەش پێویستی بە هاوكاریی و پاڵپشتی وڵاتانی جیهان هەیە، چونكە زیندانییەكان هەڵگری رەگەزنامەی عیراقی و سوری و چەندین وڵاتی ترن.

وتیشی، لیژنەیەكی باڵا بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان پێكهێنراوە بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە زیندانیكراوەكان و دەسەڵاتی دادوەریی عیراقیش رۆڵی هەبووە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیە و پاراستنی سەروەری یاسا.