ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆدەبێتەوە
بڵند
١ی شوباتی ٢٠٢٦
بڕیارە ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبێتەوە و تێیدا پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلای بکرێتەوە و بەگوێرەی کارنامەیەک، کە پێشتر لەلایەن فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی کە بڵاوکراوەتەوە، سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆ کۆبوونەوەکە دەستپێدەکات.
وەک لە کارنامەکەدا هاتووە، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ لە دوو تەوەری سەرەکی پێکدێت و تەوەری یەکەم تایبەت کراوە بە سوێندخواردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی نوێنەران، کە تا ئێستا سوێندی یاساییان نەخواردوە.
لە تەوەری دووەمیشدا، کە مەبەستی سەرەکی پێکهێنانی حکومەتە و دانیشتنەکە لە چوارچێوەی پابەندبوونە بە ماوە دەستورییەکان بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستە سیادییەکان بە تایبەت پۆستی سەرۆک کۆمار.
گەرچی سێشەممەی رابردوو دانرابوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەڵام دواخراو و ئەگەر ئەمڕۆ رێژەی یاسایی تەواو بکرێت هەڵبژاردن بۆ ئەو پۆستە ئەنجام دەدرێت، کە لە ئێستادا 18 کەس خۆیان بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە کاندید کردەوە.



