لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی کۆمار پیرۆزبایی لە نەقیبی نوێی رۆژنامەنوسان و جێگرەکانی دەکات بە بۆنەی هەڵبژاردنیان و داواشیان لێدەکات کاربکەن بۆ ئەوەی ئازادی و پیشەییبوون بکرێنە کارنامەی سەرەکی کارەکانیان، بە جۆرێک لە خزمەت خواستەکانی گەلی عیراقدا بێت.

سەرۆکایەتی کۆمار پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی نەقیبی نوێی ڕۆژنامەنووسان و هەردوو جێگرەکەی و ئەندامانی ئەنجومەن دەکەین، کە لە هەڵبژاردنەکانی سەندیکادا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و  هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە راپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییە پیشەییەکانیاندا.

سەرۆکایەتی کۆمار،دەڵێت سەندیکای رۆژنامەنووسان رۆڵێکی دیار و گرنگی لەئەستۆدایە بۆ چەسپاندنی بەهاکانی پیشەییبوون و بەرپرسیارێتی، هەروەها بەرگریکردن لە مافی رۆژنامەنووسان و دەستەبەرکردنی ئازادیی  دەربڕین، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە پاڵپشتیکردنی رێڕەوی دیموکراسی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی دەوڵەتی دامەزراوەیی و یاسا.

هەروەها جەختیشیان کردوەتەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبونی کارەکان بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و ئازاد بۆ کاری رۆژنامەوانی، پاراستنی کەرامەتی رۆژنامەنووسان و پەرەپێدانی تواناکانیان  بۆ ئەنجامدانی پەیامە نیشتمانییەکەیان بە هەموو پیشەییبوون و سەربەخۆییەکەوە. 

سەرۆکایەتی کۆمار داواشدەکات کاربکرێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەییبوونی میدیای ئازاد، دور لە شاردنەوە و شێواندنی راستییەکان و کاربکرێت بۆ چەسپاندنی چەمکە نیشتمانییەکان و خزمەتکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان، بە شێوەیەک، کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکات و رەنگدانەوەی خواستەکانی گەلی عیراق بێت.