چوارچێوەی هەماهەنگی داوا دەكەن رێز لە وادە دەستورییەكان بگیرێت و هیچ بیانوییەكیش نەبێت بۆ هێرشەكردنەسەر عیراق و تێكدانی سەقامگیرییەكەی.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە نوسینگەی سەرەكی رەوتی حیكمە لە بەغداد كۆبووەوە، بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش، جەختكراوەتەوە لەپێویستیی رێزگرتن و پابەندبوون بە وادە دەستوورییەكان، داواش دەكات كاندیدی سەرۆك كۆماری داهاتووی عیراق بەزووترین كات یەكلابكرێتەوە، داواش لە لایەنە كوردییەكان دەكات پێشنیازەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە هەند وەربگرن، بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و كۆتایی هێنان بە چەقبەستوویی.

دەشڵێت، لە ئەگەری نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پەرلەمانتارانیان سەرپەشك دەكەن بۆ دەنگدان بە هەر كاندیدێكی ئەو پۆستە.

چونكە بەردەوامی چەقبەستووی دامودەزگاكانی دەوڵەت لەگەڵ ئاستەنگە سیاسییە و ئابووری و ئەمنییەكانی وڵات یەكناگرێتەوە.

لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە، بەكارهێنانی خاكی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر هەر وڵاتێك رەتدەكەنەوە، داوا لە هێزە ئەمنییەكانیش دەكات رێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بگرنەبەر، بۆئەوەی هیچ پاساوێك نەبێت بۆ هێرشكردنەسەر عیراق و تێكدانی سەقامگیرییەكەی.