سەرۆکایەتی کۆماری عیراق: بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە دەکەین کە نوێژخوێنانی لەناو مزگەوتێکی پاکستان کردە ئامانج
دیلان
٦ی شوباتی ٢٠٢٦
سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، پەیامێکی هاوخەمی ئاڕاستەی حکومەت و گەلی پاکستان کرد بەهۆی ئەو هێرشە تیرۆرستییەوە کە کرایە سەر مزگەوتێکی نوێژخوێنانی وڵاتەکە و دەڵێت: هەڵوێستی نەگۆڕمان بۆ پەرپەرچدانەوەی هەموو جۆرەکانی تیرۆر و توندوتیژی و توندڕەوی دووپاتدەکەینەوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار:
سەرۆکایەتی کۆمار بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە قێزەونە دەکات کە نوێژخوێنانی لە ناو مزگەوتێکی پاکستان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە کە پەلامارەکە پێچەوانەی هەموو بەهایەکی مرۆیی بوو.
وێڕای هاوخەمی قووڵ و دڵسۆزانەمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ حکومەت و گەلی دۆستی پاکستان دووپاتدەکەینەوە و هاوکات هەڵوێستی نەگۆڕمان بۆ پەرپەرچدانەوەی هەموو جۆرەکانی تیرۆر و توندوتیژی و توندڕەوی دووپاتدەکەینەوە.
هەروەها داوای بەهێزکردنی هاریکاری نێودەوڵەتی و ئیقلیمی دەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم بەڵا مەترسیدارە، چەسپاندنی بەهاکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی مافی مرۆڤ بۆ ژیان و ئاسایش و ئازادی رادەربرین دوپات دەکەینەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق
٦ی شوباتی ٢٠٢٦



