محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازیکرد لە پاتریک دوریل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و پاریس تاوتوێکران.
ھەروەھا باڵیۆزی فەڕەنسا رایگەیاند، ماکرۆن بە زووترین کات سەردانی عێراق دەکات، سەردانەکەشی لەپێناو رێکخستنی کاری راوێژکارانی فەڕەنسییە لە ئەرکەکانیاندا بۆ ھاوکاریکردنی ھێزە عێراقییەکان.
سودانیش، تەئکیدیکردەوە لە ھەڵوێستی عێراق سەبارەت بە ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە خاکی وڵاتەکە و وتیشی، عێراق دەیەوێت بچنە قۆناغی پەیوەندی دوو لایەنەوە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، غولام حسێن موحسینی بە یاوەری وەفدێکی باڵا لەسەر داواکاری فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، سەردانی بەغداد دەکات.
وتیشی، ئامانج لە سەردانەکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە یاسایی و دادوەرییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە.
ئاژانسی ھەواڵی "میھر"یش بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لەگەڵ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و ھەروەھا چاوی بە رەوەندی ئێرانی بکەوێت کە لە عێراق دەژین، ھەماھەنگییەکانیش بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان تاوتوێ دەکرێن.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" رایگەیاند، لە ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تائێستا، ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی لە عێراق و سوریا و ئوردن برینداربوون، گەیشتووەتە ١٨٦ کەس.
وتیشی، ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی زیاتر لە ١٣٠ برینداریان کراوە و دەرکەوتووە دووچاری کێشە بوون لە مێشکیاندا، واتە لە ٧٠%ی بریندارەکان زیان بە مێشکیان کەوتووە.
لەو کاتەوەی سوپای ئیسرائیل ھێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق و ئوردن بە مووشەک و درۆن کرانە ئامانج، بەھۆیەوە سەربازانی ئەمریکی برینداربوون.
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە بەرنامەیەكی كەناڵی شەرقییە زانیاری چەواشەكارانە بڵاوكراوەتەوە كە بەهیچ شێوەیەك راستی تێدا نییە، كە گوایە سەرۆككۆمار داوایكردووە سەردانی واشنتۆن بكات.
سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند، د.لەتیف رەشید هیچ داواكارییەكی بۆ سەردانكردنی ئەمریكا پێشكەش نەكردووە، سەرۆكایەتی كۆماریش لە هەڵوێستەكانی سەبارەت بەو رووداوانەی لە ناوچەكە روودەدەن بە تایبەت دۆزی فەڵەستین و پەیوندی لەگەڵ ئەمریكا سوورە.
راشیگەیاند، سەرۆكایەتی كۆمار بە مافی خۆی دەزانێت رێگای یاسایی بگرێتەبەر بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو پڕوپاگەندە و تۆمەتانە، داواش لە پێشكەشكاری بەرنامەكە دەكەن بەڵگە یاخود نوسراوێك بخاتەڕوو، كە بانگەشە چەواشەكارییەكانی پشتڕاست بكاتەوە.
پاتریک رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن رایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن و پلانی کشانەوەیان نییە.
دەشڵێت، ئاگادارنین بەغداد بە رەسمی داوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای کردبێت و ئەوان لەسەر داوای عێراق ماونەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆکانی ١١ی ئەم مانگە لەبارەی شەڕی دژی داعش و ھەماھەنگی ئەمنی و تەکنینی نێوان واشنتۆن و بەغداد بووە.
وتیشی، گۆڕینی ئەرکەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق لەلایەن بایدنەوە پێداچونەوەی بۆ دەکرێت.
پێشتر لێپرسراوانی عێراق چەندینجار باسیان لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و تەواوی ھاوپەیمانان لە عێراق کردووە.
رۆژی ١٠ی ئەم مانگەش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر داوای ١٠٠ پەرلەمانتار کۆبوەوە و داوایانکرد، حکومەتی عێراق بڕیارێکی ئەنجومەنەکە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دەری کردووە بۆ کشانەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق جێبەجێ بکات، بەڵام سونە و بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان بەشداری کۆبونەوەکەیان نەکرد.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای ھاتووچۆ ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١٩ ئەنجامدا، ھەروەھا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای نەشتەرگەری چاندنی ئەندامانی مرۆڤ و رێگری کردن لە بازرگانی کردن پێوەی ئەنجامدا. پەرلەمانتارێکیش لەجێی پەرلەمانتارێکی دیکە سوێندی یاسایی خوارد.
ھەروەھا موحسن مەندەلاوی سەرۆکی کاتیی ئەنجومەنەکەش بڕیاریداوە بەبڕی یەک ملیۆن دینار سزای ھەر پەرلەمانتارێک بدرێت کە لە دانیشتنەکەدا ئامادەییان نەبووە، کە لە دانیشتنەکەدا ١٦٨ ئەندام ئامادەبوون.
بڕیارە سبەینێش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و شەش بڕگە تاوتوێ بکات و لە بڕگەی یەکەمدا لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراق بکات.
دواتریش خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت، کە بریتین لە پڕۆژەیاسای تۆمارکردنی گیانلەدەستدان و لەدایکبوون، ھەروەھا پڕۆژەیاسای وەرگرتنی زانیاری و ھەڵوەشانەوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و دەستەی باڵا بۆ پەرەدان بە ژنان.
لە کۆتا بڕگەشدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی کۆماری عێراق لەسەر پرۆتۆکۆلی ھەمواری ماددەی ٥٠ و ٥٦ لە رێککەوتنی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی بۆساڵی ١٩٤٤ دەکرێت.
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغداد لەگەڵ زیاد جەنابی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەوە و رایگەیاند، پێویستە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسێکانی گەندەڵی بکرێت و ھەوڵی جددیش بدرێت بە مەبەستی دانانی سنورێک بۆ رێگرتن لە بەھەدەردانی سامانی گشتی و پێویستە ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانی لیژنەکە نەھیڵدرێت بۆئەوەی رۆڵی چاودێرییەکەی لەسەر وەزارەت و دەستە و دامەزراوە جیاجیاکان بە باشی جێبەجێ بکات.
سەرۆککۆمار جەختیشکیردەوە، پێویستە کارەکانی لیژنەی دەستپاکی سەربەخۆ بێت و دوور بێت لە کاریگەرییە سیاسییەکان بۆئەوەی بنەماکانی دەستپاکی بڵاوببێتەوە و پەیوەندییەکی بەھێز لە نێوان ھاوڵاتیان و دامەزراوەکانی دەوڵەت دروست ببێت.
لای خۆیەوە، زیاد جەنابی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لیژنەکەیان بەپێی ستراتیژی پاراستنی سامانی گشتی کار دەکات و رۆڵی چاودێریکردنیش لە عێراق گەشەی کردووە بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان لە دژی ئەوانەی لە گەندەڵی تێوەدەگلێن.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سودانی ئەو سەردانەی ھەڵوەشاندووەتەوە و بەشداری لوتکەی نێودەوڵەتی حکومەتەکان لە دوبەی ناکات، کە بڕیار بووە لەو لوتکەیە ئامادە بێت و وتارێک پێشکەش بکات.
سەرچاوەکە ھۆکاری بەشداری نەکردنی سودانی روون نەکردەوە، بەڵام میدیاکان دەڵێن، بەھۆی ھەندێک پێشھاتی نوێ و رەوشی عێراقەوە داوای لێبوردنی کردووە وتویەتی ناتوانێت لەم کاتەدا عێراق بەجێبھێڵێت.
لوتکەی نێودەوڵەتی حکومەتەکان لە دوبەی ئەمڕۆ دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دوێنێ گەیشتە دوبەی بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکە و بڕیارە وتارێک پێشکەش بکات.
کەتائیبی حزبوڵا دەڵێت ئەو پەرلەمانتارانەی بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان نەکردووە بۆ گفتوگۆ لەسەر دەرکردنی ھێزە بیانییەکان کاریگەری ئەمریکایان لەسەرە.
محەمەد مەحی وتەبێژی کەتائیبی حزبوڵا رایگەیاند، پێویستە سەرجەم گەل و پێکھاتەکانی عێراق ئاگاداری وردەکاری کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بن کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە عێراق کە ئەمریکا سەرۆکایەتییان دەکات و پێویستە رۆڵی ئەو پەرلەمانتارانەش لە بەرچاو بگیرێت کە ئیمزایان کۆکردەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئامادەی کۆبوونەوەکەش بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانەش بەرز دەنرخێنن و رێزیان لێدەگرن کە بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکردووە، چونکە لێیان تێدەگەن و دەزانن کاریگەری و فشاری ئەمریکایان لەسەر کە چەندین پیلانی نەخوازراوی لە دژی عێراق ھەیە، بۆیە پێویستە ھەموو پێکھاتە و لایەنەکان ئەو راستییە بزانن و رەخنە لەو پەرلەمانتارانە نەگرن کە بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکردووە.
درەنگانی شەوی رابردوو، سەرۆکی کاتی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بانگھێشتی ئەندامانی کرد بچنە کۆبوونەوەی ئەنجومەن بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن، بەڵام بەھۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبووانەوە کۆبوونەوەکە ئەنجامنەدرا.
یەکەمین جارە کە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە رووبەڕووی دابەشبوونێکی گەورە بووەتەوە، کە ئەندامانی ئەنجومەکە بەسەر دوو تیمی ٨ کەسی و ٧ کەسی دابەشبوون و ھەردوولا رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەکە تەواو ناکەن و پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنیش لەلایەن ھاوپەیمانێتی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی و سیادە بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر کێبڕکێی توندی لەسەرە.
بەپێی کارنامەی کۆبونەوەکە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی ھەمواری یەکەمی یاسای ڕێگریکردن لە فرۆشتنی ئەندامی جەستەی مرۆڤ دەکرێت.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی دووەم دەکرێت بۆ پڕۆژەیاساکانی رێککەوتی نێوان عێراق و کۆریای باشوور بۆ پێدانی پاسپۆرتی دیبلۆماسی و ھەمواری یەکەمی یاسای ھاتوچۆ.
یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاندووە، لیژنەی ھاوبەشی نێوان بەغداد و واشنتۆن ئەمرۆ دەست بە گفتوگۆکانیان دەکەنەوە لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەوەش لەدوای ئەوەی پێشتر وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندبوو لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە چوارچێوەی لیژنەیەکی باڵای سەربازیدا بەردەوامی بە دانوستانەکان بدەن.
دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دوای ھەفتەیەک لە ئاڵۆزی توندی نێوان ئەمریکا و عێراق دێت ئەوەش بەھۆی نیگەرانیەکانی عێراق دوای کوژرانی سەرکردەیەکی حزبوڵای عێراق لە بەغداد لەلایەن ئەمریکاوە.
بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداریش، ئەمریکا مەرجی قورسی داناوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و ھیچ لایەکیش گرەنتی سەرکەوتنی دانوستانەکانیان نەداوە .
ئەوەشھاتووە، یەکێک لە مەرجەکانی ئەمریکا ئەوەیە حکومەتی عێراق گرەنتی ئەوە بداتە ئەمریکا کە ھێزەکانیان رووبەرووی ھێرش نابنەوە.
کۆمپانیای کۆگای گشتی کوەیت کە بە ئەجیلیتی ناسراوە رایگەیاندووە، بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لە بواری وەبەرھێناندا، لەساڵی ٢٠١٥ گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئیمزاکردووە و ساڵی ٢٠١٧ تیمەکانیان لەعێراق دەستیان بەکارکردووە، بەڵام لەساڵی ٢٠٢١ بەبێ ھیچ ئاگادارکردنەوەیەک حکومەتی عێراق تاکلایەنە گرێبەستەکەی ھەڵوەشاندووەتەوە و ھەر ئەو کاتەش کۆمپانیاکە لە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی وەبەرھێنان سکاڵای تۆمارکردووە بەڵام رەتکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای ساڵی ٢٠٢١ەوە تا چەند ھەفتەی رابردوو بە رەسمی ھەموو بەڵگەکانیان ھاوپێچیی داواکارییەکانیان کردووە و جارێکی تر لە لە ناوەندیی نێودەوڵەتی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی وەبەرھێنان سکاڵایان لەسەر عێراق تۆمارکردووە و قبوڵیش کراوە، کە پێویستە حکومەتی عێراق بڕی ٣٨٠ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە کۆمپانیای کۆگای گشتی کوەیت چونکە لە عێراق ئەو پارەیەی بۆ پرۆژەکان خەرجکردووە.
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی یەکشەممە لیژنەی باڵای سەربازی ھاوبەش لە عێراق، گفتوگۆکانی لەگەڵ ھاوپەیمانان دەستپێکردووەتەوە بۆ کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکاندا خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوەی ھاوپەیمانان دیاری دەکرێت و کشانەوەی ھاوپەیمانان بە پلانێکی داڕێژرا و و بەشێوەی قۆناغ بەندی دەبێت تا ئەو کاتەی کۆتای بە ئەرکی ھاوپەیمانان دەھێنرێت.
لای خۆیەوە، حسین عەلاوی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، قۆناغی دووەمی گفتوگۆکان تراتیژیی و گرنگە و پێویست بوو لەدوای کۆتایی ھاتنی داعش ئەرکی ھاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی بھاتایە.
رونیشیکردەوە، لیژنەی باڵای سەربازی ھاوبەش سێ پرس تاوتوێ دەکات، کە بریتین لە ھەڵسەنگاندنی تواناکانی داعش و ھێزە چەکدارەکانی عێراق و دانانی خشتەیەک بۆ کشانەوەی راوێژکارانی سەربازی ھاوپەیمانان.
وتیشی، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دانی بەوەداناوە، کە دۆخی عێراق لەرووی ئەمنییەوە سەقامگیر بووە.
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەکالەت یاداشتی ١٠٠ پەرلەمانتاری لەبارەی دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاڕاستەی ھەردوو لیژنەی یاسایی و ئاسایش و بەرگری کرد و رایگەیاند، داوا لە حکومەت دەکات بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران جێبەجێبکات کە تایبەتە بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتدا.
دانیشتنی ئەنجومەن نوێنەران دوای بۆردومانێکی ھێزەکانی ئەمریکا دێت بۆ سەر بەغداد لە شەوی حەوتی ئەم مانگە کە ئەبو باقی ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی فەرماندەی حزبوڵای عێراقی کوژران.
دوای بۆردومانەکەش زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئیمزایان کۆکردەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە و دەرکردنی یاسایەک بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان لە عێراق.
لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارێکی دەرکرد، کە تێیدا حکومەتی عێراق ناچاردەکات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەماھەنگی ئەمنی لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان و کۆتایی ھێنان بە ئەرکەکانیان لە عێراق.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئاڵۆزییەی ئێستا لە نێوان ئەمریکا و ئێران ھەیە، گەیشتوەتە ئاستێکی زۆر بەرز، ھیواشی خواست ئەو دوو وڵاتە کێشەکانیان لەسەر خاکی عێراق چارەسەر نەکەن و پەلاماری یەکتری نەدەن.
وتیشی گروپە چەکدارەکان پەیامێکیان پێگەیشتووە، ئەگەر لە ھێرشەکانیان بەردەوام بن عێراق رادەکشنە ناو شەڕێکەوە کە شەڕی ئەوان نییە و پەیامەکە گەیشتووەتە ئێرانیش.