وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار کەس ناویان تۆمارکرد بۆ دامەزراندنی ٥٠ ھەزار پلەی وەزیفی بە شێوەی گرێبەست، لە ئێستادا جیاکردنەوەی ناوەکان بەردەوامە.
ئاماژەیە بەوەشکرد، ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تا دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و دواتر ناوی وەرگیراوەکان رادەگەیەنن.
روونیشیکردەوە، دوورخستنەوەی پرۆسەی دامەزراندن لە سیاسەت و نەقۆستنەوەی لەلایەن کاندیدەکانەوە ئامانجی سەرەکیانە و رێگا بەو کارە نادەن.
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس باسی لەوەشکردوە، لەنزیکەوە چاودێری خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگای سلێمانی دەکات و ھاوسۆزی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دەردەبڕێت، داواش لە حکومەتی ھەرێم دەکات شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکات.
داواش لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکات ھەوڵەکانی بۆ پشتیوانی داواکارییەکانی مامۆستایانی ناڕازی بەردەوام بێت و بەھاوبەشی لەگەڵ حکومەتی ھەرێم چاودێری دابینکردنی ماف و شایستەکانیان بکات.
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی داواش دەکات حکومەتی فیدڕاڵ کاربکات بۆ ئەوەی وانەبێژانی بەغداد دابمەزرێندرێن کە چەندین ساڵ خزمەتیان بە کەرتی پەروەردە کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسە سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە لەلایەن سێ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێم تۆمارکراوە و تێیدا داواکراوە بڕیارێک دەربکرێت بۆ ناردنی شایستەداراییەکانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگەکانی تەمووز و ئاب و جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پابەندکردن بە ناردنی موچەی فەرمانبەران ھەرێم ھاوشێوەی عێراق لە داھاتودا.
لە ھەمان رۆژدا، دادگای فیدڕالی لەسەر سکاڵایەکی ئەمینداری گشتی حزبی ئومەی عەرەبی کۆدەبێتەوە کە لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داوایکردوە شایستەداراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم کە لە بودجەی ٢٠٢٣ی فیدڕالیدا ھاتوە خەرج بکرێت و موچەی ھەرێمیش ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق دابەشبکرێت.
پێشتر و لە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگی داھاتوو دواخست.
لەمساڵدا دادگای فیدڕاڵی ١٩ سکاڵای پەیوەست بە ھەرێمی کوردستانی یەکلاکردووەتەوە کە شەشیان دەربارەی موچە و شایستەداراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم بوون و پێنجیان رەتکراونەتەوە کە تایبەت بوون بە گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچە و پلە بەرزکردنەوە و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێبڕینی موچە.
لیوا یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، پێنجەمین کاروانی ھاوکاری مرۆیی کە ٢٠ تۆن ھاوکاری لە خۆگرتووە، بە سەرپەرشتی مانگی سوری عێراقی لە رێگەی ھێزی ئاسمانییەوە دەنێردرێتە فڕۆکەخانەی عەریشی میسر. و دواتر رادەستی خاچی سور دەکرێت بۆ ئەوەی بەسەر گەلی فەڵەستین لە غەززە دابەش بکرێت.
یەحیا رەسول دەشڵێت، لە داھاتوودا کاروانی تری خۆراک و دەرمان پێشکەش بە فەڵەستینییەکان دەکەن.
نبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆمیسیۆن لە کۆی زیاتر لە ١٧ ملیۆن کارتی دەنگدان لە سەرانسەری عێراق، ١٣ ملیۆن کارتی وەرگرتووەوە و دابەشی کردووە.
وتیشی، دوو کاروانی نوێی کارت گەیشتووەتە عێراق کە ژمارەیان ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزارە و چاوەڕوانی گەیشتنی نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کارتی تریش دەکەن کە بڕیارە بەم نزیکانە بگات.
یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆن راشیگەیاند، کارتە کۆنەکانی دەنگدان بەکارایی دەمێننەوە ئەگەر گۆڕانکاریی بەسەر زانیارییەکانیدا نەھاتبێت.
سبەینێ سێشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسە سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە لەلایەن سێ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر ھەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و ھەرێم تۆمارکراوە، تێیدا داواکراوە بڕیارێک دەربکرێت بۆ ناردنی شایستەداراییەکانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگەکانی تەموز و ئاب و جێبەجێکردنی یاسای بودجە.
لە ھەمان رۆژدا، دادگای فیدڕالی لەسەر سکاڵایەکی ئەمینداری گشتی حزبی ئومەی عەرەبی کۆدەبێتەوە کە لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داوایکردووە شایستەداراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم کە لە بودجەی ٢٠٢٣ی فیدڕالیدا ھاتووە خەرج بکرێت، موچەی ھەرێمیش ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق دابەشبکرێت.
پێشتر و لە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگی داھاتوو دواخست.
لەمساڵدا دادگای فیدڕاڵی ١٩ سکاڵای پەیوەست بە ھەرێمی کوردستانی یەکلاکردووەتەوە کە شەشیان دەربارەی مووچە و شایستەداراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم بوون، پێنجیان رەتکراونەتەوە کە تایبەت بوون بە گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە و پلە بەرزکردنەوە و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێبڕینی مووچە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە مانگی تشرینی رابردودا بڕی ١٠٩ ملیۆن و ٥٤٥ ھەزار و ٥٨٩ بەرمیل ھەناردەکراوە و داھاتەکەی نۆ ملیار و ٥٩٣ ملیۆن و ٦٤٣ ھەزار دۆلار بووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کێڵگە نەوتییەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بڕی ١٠٨ ملیۆن و ٥٠ ھەزار و ٣٦٠ بەرمیل و لە کێڵگەی نەوتی گەیارەش یەک ملیۆن و ٣٠ ھەزار و ٥٠١ بەرمیل ھەناردەکراوە، بڕی ٤٦٤ ھەزار و ٧٢٨ بەرمیلیش رەوانەی ئوردون کراوە.
وەزارەتی نەوت راشیگەیاند، تێکڕای نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی رابردودا ٨٧ دۆلار و ٥٧ سەنت بووە و لەلایەن ٣٨ کۆمپانیای جیھانییەوە بارکراوە.
موسەننا فرێجی وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی یارمەتیدانی لایەنی ئابوری ھاووڵاتیان و رێگرتن لە بازرگانان بۆ زیادکردنی نرخی خۆراک، وەزارەتەکەیان دەستیکردووە بە دابەشکردنی سەبەتەیەکی دیکەی خۆراک، وتیشی، لە کۆتایی ئەمساڵیشدا سەبەتەیەکی دیکەی خۆراک دابەش دەکرێت.
راشیگەیاند، ھەوڵدراوە لە سەرەتای ساڵی داھاتووداشدا پێشنیازی زیادکردنی ئاردی سفر و پەنیر و شیر بۆ گەورە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشکردنی بەردەوامی بەشەخۆراکی مانگانە تا رادەیەکی زۆر کاریگەریی ھەبووە لەسەر سەقامگیری نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا.
حەیدەر تەویر، وتەبێژی راگەیاندنی نوسینگەی ھەڵبژاردنەکان لە نەجەف رایگەیاند، ئەنجومەنی کۆمیسیاران رێنمایی نوێی دیاریکردووە لەبارەی خەرجی ھەڵمەتەکانی بانگەشە، رێنماییەکانیش حزب و ھاوپەیمانییە سیاسییەکان و کاندیدەکان پابەند دەکات بە دامەزراندنی ژمێریارێکی درایی کە ئەرکی بریتی دەبێت لە پێشکەشکردنی راپۆرتی دارایی سەبارەت بە پارە خەرجکراوەکان لە ھەڵمەتەکانی بانگەشەدا، سەرجەم قەوارە سیاسییەکانیشی پابەند کردووە بە سەقفی خەرجی دیاریکراو، سەرباری ئەوەش ھێشتا ھاووڵاتیان پێیانوایە جیاوازی ھەیە لە ھەڵمەتی بانگەشەی حزبە گەورەکان بەراورد بە حزبە بچووک و تازە دروستبووەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمیسیۆن لیژنەی پێکھێناوە بۆ تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان لە ھەڵمەتەکانی بانگەشە لە تەواوی پارێزگاکان.
کەریم سەید وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە لە دوو ملیۆن قوتابی و خوێندکار لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن، لە وەرگرتنی دەرماڵەی ھاوکاریی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ سوودمەند دەبن و لەگەڵ وەزارەتی کار لەسەر ھێڵن بۆ تەواوکردنی داتاکانی ئەو خوێندکارانەی سوودمەند دەبن.
راشیگەیاند، لە دابەشکردنی دەرماڵەدا رەچاوی باری دەروونی سوودەمەندەکان دەکرێت و ھەر کەسێکیان لە رێگەی ماستەر کارتی تایبەت بە خێزانەکەیان، دەرماڵەکەیان لە رێگەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دابین دەکرێت.
حزبوڵای عێراقی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، بەشدارییان لە چالاکییەکانی مقاوەمەی ئیسلامی کردوە لەسەر ھەمان رێگەش بەردەوام دەبن دژی داگیرکاری و دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستاداو بەھۆی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس چالاکیی و ھێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کەمدەکەنەوە، ھەروەھا ھێرش بۆ سەر قەوارەی ئیسرائیل و شەڕ لە فەڵەستین و سنوری لوبنان دەوەستێنن تا کۆتایی ئاگربەستی غەززە.
دەشڵێت، جەخت دەکەینەوە کە رووبەڕووبونەوەمان دژی ھێزی ئەمریکا لە عێراق ناوەستێت تا ئازادکردنی عێراق و بڕیارێکە و پاشگەزنابینەوە چەندێک قوربانی بوێت.
مالکی لە وتەیەکیدا رایگەیاند، سندوقەکانی دەنگدان و بەشداری فراوان لە ھەڵبژاردنەکان ئیرادەی خەڵک دیاری دەکەن، وتیشی، بانگەوازکردن بۆ بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردنەکان، رێگەخۆش دەکات بۆ گەندەڵکاران کە بگەنە پۆستی باڵا لە ئەنجومەنی پارێزگاکان یاخود پەرلەمان.
جەختیشی لەوەکردەوە، گۆڕانکاری و چاکسازی لەڕێی ھەڵبژاردنەوە دەکرێت، بەشدارینەکردنیش ھیچ چاکسازییەک بەدیناھێنێت و ناھاوسەنگی لە نێوان پێکھاتەکان دروست دەکات، ھەر کەسێکیش رێگری لە خەڵک بکات، رێگری دەکات لە داڕشتنی داھاتوویان.
ئەو وتانەی مالیکی لە وەڵامی داواکارییەکی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دێت، کە داوای لە سەدرییەکان کردبوو بایکۆتی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن و شەرعیەتپێدان بەو ھەڵبژاردنە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کەمبکەنەوە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگایاند، بڕیاردراوە لە ساڵی ٢٠٢٤دا سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەستییان بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی سەرجەم پێویستییە دارایی و لۆجستییەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە دابین بکەن.
سودانی دەشڵێت، لە ساڵی یەکەمی حکومەتدا رێژەی ھەژاری و بێکاری کەمیکردوە لە ڕێگەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و باشکردنی سەبەتەی خۆراک و گرنگیدان بە پڕۆژەی تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاری و کارکردن لەسەر دروستکردنی سندوقی پاڵپشتی بۆ ئەو ناوچانەی کە ھەژارنشینن.
نەجم جبوری پارێزگای نەینەوا، نوسراوی دەست لەکارکێشانەوەی ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یاسای لێپرسینەوە و دادوەری گرتوویەتییەوە و لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەنگنەدراوە لەسەرئەوەی تایبەتمەندیی بە نەجم جبوری بدرێت، دەست لە پۆستەکەی دەکێشێتەوە و داوا لە سودانی دەکات دەست لەکارکێشانەوەکەی پەسەند بکات.
محەمەد شیاع سودانی دەست لەکارکێشانەوەی نەجم جبوریی پەسەند کرد و عەبدولقادر دەخیلی بە وەکالەت راسپارد بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی پارێزگاری نەینەوا.
نەجم جبوری لە ساڵی ٢٠١٩وە بووەتە پارێزگاری نەینەوا، مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، دادگای پێداچوونەوەی عێراق بڕیاریدا بەپێی یاسای لێپرسینەوە و دادوەری کە تایبەتە بە ریشەکێشکردنی حزبی بەعس، نەجم جبوری لە کێبڕکێی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دووربخاتەوە.
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک بەشێوەیەکی یاسایی نوێکراوەتەوە کە سەرجەم دەنگدەران بەپێی تۆماری ساڵی ١٩٥٧ لە خۆدەگرێت و لەگەڵ ھەموو ئەوانەی ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە و پێش ساڵی ٢٠٠٣ کۆبوونی خۆراکی کەرکوکیان ھەبووە، ٨٠ ھەزار دەنگدەریش نوێش بۆ پارێزگاکە زیادکراون کە یەکەمجارە دەنگ دەدەن.
وتیشی، پێشتر تۆماری دەگدەرانی کەرکوک ئاراستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە و ھیچ لایەنێک ناڕەزایی و تانەی نەبووە، بۆیە بەپێی یاسای پارێزگاکان، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش لەگەڵ سەرجەم پارێزگاکانی تری عێراق بەڕێوەدەچێت و بەھیچ شێوەیەک دواناخرێت.
وتەکانی سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆن لەکاتێکدایە ژمارەیەک لە لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان ھەوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکوک، بەپاساوی ئەوەی وردبینی لە تۆماری دەنگدەران نەکراوە.