د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەفدی هاوڕێی کەتیایدا د.فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە ئامادەی دیدارەکە بوو.

لە کۆبونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاریکاری لەبوارە جیاجیاکاندا باسکرا و سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە عیراق هەر دەستێوەردانێک کاریگەری لەسەر خاکەکەی هەبێت رەتدەکاتەوەو پێویستە رێز لە سەروەری و ئاسایشی نیشتیمانی و سەربەخۆیی عیراق بگرێت.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی پابەندبوونی هەردوو وڵات کرد بەوەی کە هیچ کامیان سەکۆی بازدان نین بۆ هەڕەشە کردن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ئەوی تریان و ئاماژەی بەوەدا کە عیراق بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عیراق.

هەروەها پەرەسەندنەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە تاوتوێکران و جەختیان لەسەر گرنگی پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گرتنەبەری دیالۆگی بنیاتنەر بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.

سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە عیراق بەپەرۆشە بۆ دامەزراندنی پەیوەندییە پێشکەوتووەکان لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش و ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێویستە ئەو یاداشتنامەیەی لێکتێگەیشتنە کە لە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا ساڵی رابردوودا بۆ عیراق لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا کرابوو بەمەبەستی خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی عیراق و تورکیا جێبەجێبکرێت.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامی کاری هاوبەش و هاوکاری ناوچەیی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا، هیوای خواست ئیدارەی نوێ لە سوریا کار بکات بۆ پاراستنی فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و پێکهێنانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتی هەمووان بکات و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بەدی بهێنێت و پارێزگارییان لێ بکات و مافەکانیان بۆ بەشداری سیاسی بپارێزێت بەشێوەیەک کە ئاشتی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی بۆ برایانی سوریا بەدی بهێنێت.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتیوانی حکومەتەکەی بۆ سەقامگیری عیراق و پاراستنی ئاسایش و سەربەخۆیی و گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دووپاتکردەوە و داوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی کرد کە عیراق و سوریا و ئوردن و تورکیا لەخۆبگرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و لەناوبردنی خاڵە گەرمەکانیان و وشککردنی سەرچاوەی دارایییان بەشێوەیەک کە سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە مسۆگەر بکات.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرۆشی تورکیا بۆ پشتیوانیکردن لە دەرفەتەکانی هاوکاری و هاوبەشی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان و ئاو و ژینگە کرد و هیوای خواست ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەکان بەرەو ئاسۆیەکی فراوانتر بەرز بکاتەوە.