دەستەی دەستپاكی عیراق تۆڕێكی لە دەستەی نیشتمانی خانەنشینانی كەركوك دەستگیر كرد، كە زیاتر لە 720 ملیۆن دیناریان بە پاساوی خەرجی خانەنشینان دزیووە.

دەستەی دەستپاكی عیراق رایگەیاند، تۆڕەكە لە سێ ئەندام پێكهاتووە و سەرجەمیان لێپرسراون لە دەستەی نیشتمانی خانەنشینی كەركوك.

روونیشیكردەوە، تۆڕەكە بە هاوكاری لایەنی دەرەكی هەستاون بە هاككردن و دەستكاریكردنی تۆماری هەژماری بانكی نزیكەی 80 خانەنشین پارەیان بۆ هەژمارەكەیان گواستوەتەوە و دواتریش پارەكە دیار نەماوە.

دەستەی دەستپاكی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لەئێستادا هەر سێ تۆمەتبارەكە بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی كەركوك راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.