سودانی و فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆبوونەوە
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
لە كۆبوونەوەیەكی نێوان سەرۆك وەزیرانی عیراق و فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا ، بەردەوامیی هاوپەیمانان لەسەر پابەندبوونەكانی لەبەرامبەر عیراق دوپاتكرایەوە .
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی ، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ "كیڤن لیهی" فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش لە عیراق و سوریا كۆبۆتەوە و لە كۆبونەوەكەدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە و بەردەوامیی هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان هێزە ئەمنییەكانی عیراق و راوێژكارانی هاوپەیمانیەكە تاوتوێكراوە.
سودانی جەختیكردووەتەوە لەوەی كە عیراق بەردەوام دەبێت لە كۆتاییهێنان بە گروپە تیرۆریستیەكان و لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا بەرەو پێشچونی زۆر باش هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی سنورەكان و ئەو ناوچانەی پێشتر دەروازەی تێپەربونی تیرۆریستان بون هەر لەو كۆبونەوەیەدا جەخت لە بەردەوامیی پابەندبونەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرامبەر عیراق و بەردەوامیی پرۆگرامە هاوبەشەكان كراوەتەوە و توانای هێزە چەكدارەكانی عیراق و توانا هەواڵگرییەكان خراوەتە روو .