.كۆمسیۆن: دەبێت 45 رۆژ پێش تەواوبوونی ماوەی ئەنجومەنی نوێنەران وادەی هەڵبژاردنی نوێ دیاریبكرێت

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، دەبێت 45 رۆژ بەر لە تەواوبوونی ماوەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران لە 25 ی مانگی 11 ی داهاتوو، وادەیەكی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبكرێت.؟ 

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،  وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە هەماهەنگی نێوان سەرۆك وەزیرانی عیراق و كۆمسیۆن دیاریدەكرێت. 

ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت 45 رۆژ پێش كۆتاییهاتنی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران، وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریبكرێت، بەو پێیەش دەبێت وادەی نوێی هەڵبژاردن لە سەرەتای مانگی 10 دیاریبكرێت. 

ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، رۆژی 13 ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقی بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژكردەوە، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران بكات.