بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەردانێکی رەسمی گەیشتووەتە پارێزگای نەینەوا و ئامانجی سەردانەکەشی لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە دەستپێکردنی کارکردن لە پرۆژەی بنیاتنانی شاری غەزلانی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سودانی لەو سەردانەیدا بەشداری دەکات لەکردنەوەی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوازی و بەدواداچوون بۆ تەواوکردنی چەند پرۆژەیەکی تر لەناو شاری موسڵ و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری.
ئایان مکاری نێردەی ئەمریکا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تەلەفزیۆنی "حورە"ی ئەمریکی راگەیاند، عێراق دەوڵەتی دامەزرێنەری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بووە و سود لە ئەزموونی عێراق وەردەگرن لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، لە ئێستاشدا ھیچ پلانێک نییە بۆ کشانەوەیان لەو وڵاتە.
مکاری وتیشی، گفتوگۆی دوو قۆڵی ھەیە لەگەڵ عێراق لەپێناو دانانی چوارچێوەیەکی ھەمیشەیی بۆ ھەماھەنگی ئەمنی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا. ھەروەھا دانوستان ھەیە بۆ قایلکردنی عێراق لەسەر گرنگی بەردەوامی ھەڵمەتی ھاوپەیمانان دژی داعش و ھەردوولاش لەوبارەیەوە بیروڕای ھاوبەشیان ھەیە.
نێردەی ئەمریکا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ئەگەری ھێرشکردنە سەریان لەلایەن بریکارەکانی ئێرانەوە بەرگری لە خۆیان دەکەن، وتیشی ئێران رۆڵێکی زۆر نەرێنی ھەیە لە ناوچەکە.
لێدوانەکانی مکاری لەکاتێکدایە کە لێپرسراوانی عێراق بە تایبەت محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران جەختدەکەنەوە لەوەی دانوستانەکانیان لەگەڵ واشنتۆن بۆ دانانی خشتەیەکی زەمەنییە بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق.
پسپۆرانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا لەبارەی ئابوری عێراق رایانگەیاندووە، بەو پێیەی لە بازاڕەکانی جیھاندا ھیچ گەرەنتییەک نییە بۆ سەقامگیری نرخی نەوت و دانەبەزینی نرخەکەی یان بەردەوام بەرزبوونەوەی، پشتبەستن تەنھا بەو کەرتە بە مەبەستی بەھێزکردنی ئابووری ھەر وڵاتێک ھەڵەیە و لە ئێستادا حکومەتی عێراق ھەمان ھەڵە دەکات کە بۆ گەشەی ئابووری وڵاتەکەی تەنھا پشتی بەنەوت و داھاتەکەی بەستووە، چونکە ھەر دابەزینێکی نرخی نەوت کاریگەری زۆر خراپی لەسەر دارایی و خەرجییەکانی عێراق دەبێت.
راشیگەیاندووە، پێویستە حکومەتی عێراق گرنگی زیاتر بە گەشەپێدانی کەرتە نانەوتییەکان بدات، چونکە جگە لەوەی دەبێتە پاڵپشتێکی گرنگ بۆ گەشی ئابوورییەکەی، دەرگاش بەرووی کۆمپانیا جیھانییەکاندا دەکاتەوە کە لە عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا وەبەرھێنان بکەن و ئەوەش یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکان بۆ بەھێزکردنی ئابووری عێراق.
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، سەرۆککۆمار لە کۆڕبەندەکەدا وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی بەرھەمھێنانی غاز کرد، ھەروەھا جەختیکردەوە، پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ پڕۆژەیەکی غاز خراوەتەکار و لەئێستادا و بۆ ئەمساڵی وەزارەتی نەوت سەرقاڵی ھەوڵی گەورەترە بۆ دەستپێکردنی زیاتر لە پڕۆژەیەکی غاز لە چەندین ناوچەی عێراق.
ھەروەھا ھەڵوێستی عێراقی بۆ پشتیوانی لە خەباتی گەلی فەڵەستین دووپاتکردەوە، ھەروەک ئیدانەی ھەوڵەکانی داگیرکەرانی بۆ لەناوبردنی گەلی فەڵەستین راگەیاند، جەختی لەوەشکردەوە، ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە بەدی نایەت تا گەلی فەڵەستین مافەکانی بەدەستنەھێنێت.
لە پەراوێزی لوتکەکەدا، سەرۆک کۆمار پێشوازی لە ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران کرد و پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و رێگاکانی پەرەپێدانیان تاوتوێ کرد، سەرەڕای ئەوەی بایەخی بەڕێوەچوونی حەوتەمین لوتکەی سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتەکانی کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکاری غازیان دووپاتکردەوە.
حزبی تەقەدوم کە حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاندووە، حزبەکانی سیادە، حەسم و عەزم خۆیان بە گەورەترین لایەنی سوننی ناوبردووە، بەڵام وەک تەقەدووم رەتیدەکەنەوە ئەوان گەورەترین لایەنی سونەکانی عێراق بن.
دەشڵێت، ھەرچەندە ئەو سێ لایەنە ویستوویانە بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بە پارە لە خۆیان نزیک بکەنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێستا تەقەدوم زۆرینەی سونەکان پێکدەھێنن.
تەقەدووم داوا لە ھاوپەیمانەکانیان دەکەن کە مامەڵە لەگەڵ سیادە و حەسەم و عەزم نەکەن و داوا لە سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق و لایەنی چاودێر دەکەن رێکار بگرنەبەر بۆ وەستاندنی کڕین و فرۆشتنی پەرلەمانتاران.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیداری رافیدەین ئاماژەی بەوەکرد، زۆربەی لایەنەکانی کەرکوک بۆچونیان لەیەکەوە نزیکە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی.
لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و ئێران، سودانی باسی لەوەکرد، ئەمریکا ھاوبەشی ستراتیژی عێراقە، ئێرانیش دراوسێی عێراقە و خاڵی ھاوبەش لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە.
جەختیشیکردەوە، عێراق کاردەکات لەسەر لێکنزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان و ئاسایش و سەقامگیری عێراق کاری لە پێشینەی کارەکانیانە.
ھەروەھا لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، سودانی دەڵێت ئەو پرسە بەمانای کۆتایی ھاتنی پەیوەندییەکانیان نیە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانان.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، ھێزە سوننەکان لە کۆبونەوەدان و جەخت لەوەدەکەنەوە، سالم عیساویان کاندیدکردووە بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی حەلبوسی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سوننەکان دەیانەوێت درێژە بە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بدەن کە لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو.
دەشڵێت، سوننەکان پێیانوایە ئەگەر کۆبونەوەی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران درێژەی پێنەدرێت ئەوان لە حکومەت دەکشێنەوە.
وتیشی، دەیانەوێت خولێکی دیکەی دەنگدان بکرێت لە نێوان شەعلان کەریم و سالیم عیساوی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئانتاڵیادا ئاماژەی بەوەکرد، لەئێستادا حکومەتی وڵاتەکەی ھەنگاوی گرنگی ناوە بۆ فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات ئەویش لەرێگەی فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوریی و بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، یەکێکی دیکە لە کارنامەکانی حکومەت بریتییە لە ھەناردەکردنی غاز بۆ دەرەوە لە چەند ساڵی داھاتوودا، بۆ ئەو مەبەستەش بەگرنگی دەزانێت عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەیوەندییەکانی پتەو بکات و ھەموانیش لەبواری ئابوریدا بەدوای دەرفەتی ھاوبەشدا دەگەڕێن.
ئیان مەکاری، نوێنەری ئەمریکا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە کەناڵی حوڕەی راگەیاندووە، واشنتۆن و بەغداد گفتوگۆکانیان بۆ چۆنیەتی ھەماھەنگی درێژخایەن لەبواری ئەمنیدا دەستپێکردووە و ئەمریکا ھەوڵ دەدات باوەڕ بە عێراق بھێنێت کە مانەوەی ھاوپەیمانان لە وڵاتەکەیدا گرنگ و پێویستە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ھەردوولا روانگەیەکی ھاوبەشیان ھەیە بۆ بەردەوامی شەڕ دژی گروپی چەکدارانی داعش و پێکەوەکاردن لەبواری ئەمنیدا.
لەگەڵ گەیشتنی سەرۆککۆمار بۆ شوێنی بەڕێوەچونی کۆڕبەندەکە، لەلایەن عەبدولمەجید تەبون سەرۆکی جەزائیرەوە پێشوازی لێکرا.
لە کۆڕبەندەکەدا سەرۆککۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە تائێستا ھەوڵە جیھانییەکان بەئاراستەی گەیشتنن بە ھاوسەنگی لەنێوان ئاسایشی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەھراوی، ھەروەک زیانی کەمیی وزەش کەمتر نییە لە کاریگەرییەکانی گەرمبونی زەوی لەسەر مرۆڤ.
سەرۆککۆمار ئاماژەی بە پێشکەوتن کرد لە پرۆسەی سودوەرگرتن لە غاز و رایگەیاند، پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ پڕۆژەیەکی غازی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لەئێستاشدا و بۆ ئەمساڵ وەزارەت ھەوڵی زۆردەدات بۆئەوەی زیاتر لە یەک پڕۆژەی غاز لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا دەستپێبکات.
لەبارەی دۆزی فەڵەستینیشەوە، سەرۆککۆمار دوپاتیکردەوە، پشتیوانی تەواو لە خەباتی گەلی فەڵەستین دەکەن، کە رووبەڕووی دەستدرێژیی ناڕەوا بووەتەوە، ھەروەھا ئەو ھەوڵە دڕندانانە ئیدانە دەکەن، کە بۆ لەناوبردنی لەبەرچاوی جیھاندا رودەدەن.
دەقی وتەکەی سەرۆککۆمار:
برای بەڕێز سەرۆک عەبدولمەجید تەبون سەرۆکی حەوتەمین لوتکەی کۆڕبەندی سەرۆکی دەوڵەتان و حکومەتەکانی وڵاتانی ھەناردەکاری غاز
بەڕێزان، ئامادەبووان
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
سەرەتا دەمەوێت سوپاسی دڵسۆزانەتان بکەم بۆ بانگھێشتەکەتان بەمەبەستی بەشداریکردن لەم بۆنە گەورە جیھانییەدا، لەکاتێکدا ئەمڕۆ جیھان تووشی ململانێی کەشوھەوا و وزە بۆتەوە و سەرەتاکانی سەردەمی گۆڕینی وزە و کاردانەوەی ئەم ململانێیانە لەسەر سەقامگیری کەرتی وزەی جیھانی دەرکەوتوە، ئەوە رونبۆتەوە کە جیھان پێویستی بە سەقامگیری و متمانە ھەیە لە کەرتی وزەدا، ھەروەک چۆن پێویستی بە خودی وزە ھەیە.
تائێستا ھەوڵە جیھانییەکان بەئاراستەی گەیشتنن بە ھاوسەنگی لەنێوان ئاسایشی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەھراوی، زیانی کەمیی وزەش کەمتر نییە لە کاریگەرییەکانی گەرمبونی زەوی لەسەر مرۆڤ، ئەوەتا نزیکەی یەک ملیار مرۆڤ لە جیھاندا ھەن، کە دەستیان بە سەرچاوەکانی وزە ناگات و ژمارەکە ھێشتا لەزیادبوندایە، بەتایبەتی لەگەڵ ھەوڵە بەردەوامەکان بۆ نەھێشتنی سوتەمەنی ھەرزان کە ئاستی دەردانی گازی ژەھراوییان بەرزە، ئەمەش پاڵی بە کۆمەڵگەی مرۆییەوە ناوە، کە پێویستە کاربکات لەپێناو دانانی دیدگایەک بۆ گواستنەوەی دادپەروەرانە لە پرسی وزەدا، بەشێوەیەک کە کەشوھەوای ھەسارەکەمان بپارێزێت و کەس لەدوای خۆی بەجێنەھێڵێت.
سوتەمەنی بەردینی لە ماوەی دەیەکانی رابردودا ٨٠٪ی تێکەڵەی وزەی جیھانی پێکھێناوە و پێشبینی دەکرێت ئەم رێژەیە تا پێش ناوەڕاستی ئەم سەدەیە لە سەرووی ٦٠٪ەوە بمێنێتەوە. سەرەڕای ھەموو ئاڵنگارییەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردودا بەرھەمھێنانی دوو ھێندە زیادکردوە و گەیشتوەتە (٤.٧) ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا، ئەمەش وایکرد بە تەنھا عێراق بەشداربێت لە یەک لەسەر پێنجی زیادبوونی بەرھەمی جیھانی.
دەقی راگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانسی لایەنەکان لە (Cop٢٨) ئاماژەی بە پشتبەستن بە سوتەمەنی گۆڕدراو وەک پایەی سەرەکی گۆڕانکاری کردووە، کە پێشتر ئامادە بووە و ساڵانێکە لە دیدگای نیشتمانیمان بۆ پیشەسازی غاز ئامادەیە، چونکە ئەو رۆڵە مامناوەندییەی کە پیشەسازی غاز دەتوانێت لەڕێڕەوی گۆڕینی وزەدا بیگێڕێت، وادەکات گرنگ بێت لە چوارچێوەی پلان و ئامانجەکانی وڵاتدا سەرنج بخرێتەسەر ئەم پیشەسازییە.
رۆڵی کاریگەری غاز لە کەرتی وزەدا لە ھەردوو ماوەی نزیک و دوردا دیارە، تەنھا لەبەرئەوەنا کە ئەم سوتەمەنییە کەمتر ژینگە پیس دەکات، بەڵکو بەھۆی رۆڵی تەواوکەر و ھاوبەشیکردنیەتی لەگەڵ سەرچاوە پاکەکانی وزە و ئاسان بەکارھێنانیەتی لە کەرتی بەرھەمھێنان و لە پیشەسازییە سەرەکییەکاندا، کە لە تەکنیکە کارامەکانی بەرھەمھێنانی وزەوە سەرچاوە دەگرێت؛ وەک خولگە تێکەڵەکان بە کارایی نزیکەی ٦٥٪، یان لەبەرئەوەی مادەیەکی خاوە بۆ پیشەسازییەکانی پترۆکیمیایی، کە جیھان لە ھەموو حاڵەتێکدا پێویستی پێیەتی.
ئەمە ئەو رۆڵەیە، کە کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکاری غاز لەئێستادا دەیگێڕێت، بۆ گەیشتن بە سەقامگیری کە پاڵپشتی ھەناردەکاران و بەکاربەران دەکات، پێش ئەوەش پاڵپشتی خودی پیشەسازیی غاز دەکات، کە پێویستی بە ھەوڵ و پارەدارکردنی زۆر ھەیە لەسەرئاستی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن، باوەڕبوون بەم رۆڵەی کۆڕبەندەکەش ھاندەرێک بوو بۆ عێراق بۆ دەربڕینی خواستی خۆی لە چوونە ناو کۆڕبەندەکە وەک چاودێرێک، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەیشتن بە ئەندامێتی کارا، بەتایبەتی کە کۆڕبەندەکە سورە لەسەر رێکخستنی دیدگاکان و ھەڵوێستەکان لەگەڵ رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپێک).
لەسەرئاستی کرداری و بنەمای ئەم دیدگایە، پڕۆژەی تەواوکاریی خولی پێنجەم و خولی شەشەممان دەستپێکرد، کە زۆربەیان کێڵگەی غازیی ئومێدبەخشن. لەلایەکی دیکەوە ئەنجومەنی وەزیران راسپاردەکانی دامەزراندنی سەکۆی غازی شلی لە بەندەری گەورەی فاو پەسند کرد، کە یەکەم جۆرە لە وڵاتدا بەمەبەستی بەھێزکردنی ئاسایشی وزە و ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی.
ھەروەھا ئێمە بە ھەنگاوی دیراسەکراو بەرەوپێشدەڕۆین بۆ سودوەرگرتن لە غاز، پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ پڕۆژەیەکی غازی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لەئێستاشدا و بۆ ئەمساڵ وەزارەت ھەوڵی زۆردەدات بۆئەوەی زیاتر لە پڕۆژەیەکی غاز لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا دەستپێبکات.
دەقی راگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانسی لایەنەکان بریتیبوو لە سێ ھێندە زیادکردنی وزەی نوێبووەوە پێش ساڵی ٢٠٣٠، ئەم دیدە تازە نەبووە بۆ ستراتیژی وزەی عێراق، چونکە عێراق بە پەرۆشەوە کاردەکات لە بوارەکانی وزەی نوێبووەوە بە زیادکردنی تواناکانی بەرھەمھێنانی وزەی خۆر، ھەروەک یاداشتی لێکتێگەیشتن و گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە پسپۆڕەکان ئیمزاکردوە.
یەکەم تەندەری کەمکردنەوەمان دەستپێکردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی کەمکردنەوەی کاربۆن، کە لە قەواڵەکانی کاربۆنەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت بۆ پڕۆژەی سوتاندنی غاز لە کێڵگەیەکی خۆرھەڵاتی بەغدا. لەم بۆنەیەدا جەخت لەوە دەکەینەوە، کە وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت دەتوانن رۆڵێکی گرنگ لەم بوارەدا بگێڕن بە کارکردن بۆ باشترکردنی کارامەیی وزە، چونکە کۆتوبەندەکانی کەشوھەوا بۆ بەرەنگاربونەوەی کاریگەرییەکانی سوتەمەنی بەردینییە لەسەر کەشوھەوا نەک خودی سوتەمەنی.
لەلایەکی دیکەوە رەشنوسی یاسای وزەی نوێبووەوە ئامادەکرا بۆ دامەزراندنی ھەیکەلی بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیە گرنگە و دەرکردنی یاسای پێویست بۆ خێراکردنی کارەکان، لە ئەنجومەنی وەزاری بۆ وزەش خراوەتەڕوو.
ئەمڕۆ لەم بۆنە گەورەیەدا کۆدەبینەوە، بۆ جەختکردنەوە لەسەر رۆڵی کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکاری غاز وەک یاریزانێکی سەرەکی لە سەقامگیریی بازاڕ و دروستکردنی کاریگەری لەسەری، دەست لە دەست لەگەڵ رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپێک).
لێرەدا دەمانەوێت ستایشی رۆڵی مێژوویی جەزائیر بکەین، کە رۆڵێکی سەرەکییە لە چەسپاندنی نرخی نەوت و سەقامگیرکردنی بازاڕی جیھانی لەڕێگەی کارە پێشەنگەکانییەوە بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچونەکانی نێوان وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت لە ناوەوە و دەرەوەی ئۆپێک لەپێناو گەیشتن بە کۆدەنگی مێژوویی.
ھەروەھا شانازیی دەکەین بە ئامادەبوونمان لە جەزائیر، وڵاتی ملیۆنێک شەھید، کە دوای سەربەخۆیی، لەلایەن حکومەتە نیشتمانییەکەیەوە رێزی لە عێراق گرت و یەکەم سەردانی رەسمی بۆ رێکخرا.
لەکۆتاییدا، لەکاتێکدا خەباتی گەلی جەزائیر بیر دەھێنینەوە، پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ خەباتی گەلی فەڵەستین دوپاتدەکەینەوە، کە روبەڕوی دەستدرێژیی ناڕەوا بووەتەوە، ھەروەھا ئەو ھەوڵە دڕندانانە ئیدانە دەکەین، کە بۆ لەناوبردنی لەبەرچاوی جیھاندا رودەدەن. ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە بە بێ ئەوەی گەلی فەڵەستین مافە تەواوەکانی خۆی بەدەستبھێنێت، بەدی نایەت، لەپێشەوەدا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، کە قودسی پیرۆز پایتەختی بێت.
دوبارە سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت.
عائید ھیلالی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، ململانێکانی ناوماڵی سوننە، بەربەستن لەبەردەم یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
ئەوەشی خستەڕوو، ناوماڵی سوننە چەندین ناکۆکی تێدایە لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ھێزە سوننەکان ناتوانن کاندیدێکی جێی رەزامەندی سەرجەمیان بخەنە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو ئەندامەی ھاوپەیمانی داواشی لە ھێزە سوننییەکان کرد، بەزووترین کات بگەنە رێککەوتنێک لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و بۆ پۆستەکە پێشکەشی بکەن.
ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە محەمەد حەلبوسی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دوورخراوەتەوە و تائێستا پۆستەکەی پڕنەکراوەتەوە.
سەرچاوەیەک لە بانکی رافیدەین بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ بەنیشتیمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، لەچەند رۆژی رابردوودا رێکارەکانی کردنەوەی لقێکی بانکەکەیان لە شاری ھەولێر دەستپێکردووە و لەئێستاشدا سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانن بۆ کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە لەچەند رۆژی داھاتووشدا ھەردوو بانکی رافیدەین و رەشید لقی خۆیان لە سلێمانی بکەنەوە و رێکارەکانی دروستکردنی ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم دەستپێبکەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاشکراشیکردووە، ھەردوو بانکی رافیدەین و رەشید ئامادەییان نیشانداوە لەماوەیەکی کەمدا ھەژماری بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆرانی ھەرێم دروستبکەن و لەمانگی ئاداری ئەمساڵیشەوە مووچەکانیان لەڕێگەی کارتی بانکیەوە پێدەدرێت.
محەمەد خوزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، پێویستە ئەو وڵاتەی گۆشتەکەی لێ ھاوردە دەکرێت ئەندامی رێکخراوی تەندروستی جیھانی بێت و ھەروەھا بۆ دڵنیابوونەوەش لە تەندروستی ئەو ئاژەڵانەی ھەناردەی وڵات دەکرێن، تیمە تەندروستییەکان سەردانی ئەو وڵاتانە دەکەن تا بزانن ئاژەڵەکان ھەڵگری ھیچ جۆرە نەخۆشیەک نین.
وتیشی، جارێکی دیکە لەسەر سنوری عێراق و لە رێگەی تیمە تایبەتەکانیانەوە پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکەنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، گرتنەبەری رێکارەکان کاریگەرییان لەسەر دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور دەبێت و نرخەکان دەستیان بە دابەزین کردووە و نرخی گۆشتی مەڕ بە (٢٠) ھەزار دینار و گۆشتی گوێرەکەش بە (١٥) ھەزار دینار لە بازاڕەکاندا بە ھاووڵاتیان دەفرۆشرێت.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی، رۆژی ٤ـی ئەم مانگە دادگاکە سکاڵایەکی نەھرۆ مەحمود جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت لە ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێدەکات و تیایدا داوایکردووە بڕیارێکی حکومەتی فیدڕاڵ بە نادەستوری لە قەڵەم بدات کە تایبەتە بە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بە بڕی ٢٥٠ دینار بۆ ھەر لیترێک.
لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ھەر خێزانێک نەوتی سپی بە ١٥٠ دینار بۆ ھەر لیترێک لێ وەردەگرێت، بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقیش لە ٣١ـی ئەم مانگە بەدواوە پێدانی نەوتی سپی بە ھەرێمی کوردستان بۆ ٥٠٠ دینار بۆ ھەر لیترێک زیاد دەکرێت.
لە سکاڵاکەدا داواشکراوە دادگای فیدڕاڵی حکومەت پابەندبکات بە رەچاوکردنی بنەمای یەکسان بۆ دابینکردنی پێداویستی ھاووڵاتیان و بەھەمان نرخی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، نەوتی سپیش بە ١٥٠ دینار بۆ ھەر لیترێک بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات.
ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، ٢٠٢٤، دەبێتە ساڵی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران لە عێراق، وتیشی، دەبێت ھەموو خاوەن پڕۆژەکان لە عێراق بەڕێژەی ٥٠% پشت بە کرێکاری ناوخۆیی ببەستن.
دەشڵێت، دەستەبەری کۆمەڵایەتی دوو جۆرە، جۆریی یەکەمیان ناچارییە و کەرتی رێکخراو دەگرێتەوە وەکو کۆمپانیا و ھۆتێل و کۆمپانیای بچوک و مامناوەندەکان، دووەمیان سەرپشککردنە کە کەرتی نارێکخراو دەگرێتەوە وەکو شوێنی کاری ھاووڵاتیان و تەکسی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەت کار لەسەر جێبەجێکردنی دەستەبەری سەرپشک دەکات لە رێگەی لیژنەی پشکنین لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە.