بە نوێنەرایەتی سەرۆککۆمار، بەڕێز د.کامل دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و پیرۆزبایی و سڵاوی سەرۆککۆماری بەبۆنەی رۆژی جیھانییەوە، بە ژنانی عێراق راگەیاند.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، رۆڵی ژنانی عێراق لە مێژووی شارستانییەتدا شتێکی دەگمەن بووە و بەردەوامیشە، بەوپێیەی روبەڕوی توندترین ھێرشی تیرۆریستی دەبنەوە لە مێژووی ھاوچەرخدا، وەک چۆن بەرگەی کارە دڕندەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان گرت، کە دەیانویست ژنان بکاتە کۆیلە بۆئەوەی لە بازاڕە قێزەونەکانی کۆیلەدا بکڕدرێن و بفرۆشرێن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەمڕۆ لە قۆناغێکی نوێداین، کە پێویستی بەوەیە دەستی یەکبگرین و ھاوکاربین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی شارستانی مۆدێرن، دوور لە نەخۆشییەکانی سەردەم، کۆمەڵگەیەکی بەھێز کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاری نامۆی دیکەی ھەبێت، بە ھەموو پتەویییەکەوە بوەستین دژی نەخۆشیەکانی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی و ڕووبەڕووبوونەوەی ھەوڵەکانی بڵاوکردنەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکان لەناو گەنجەکانماندا بۆ لەناوبردنی داھاتوویان و نەھێشتنی ھیواکانیان.
سەرۆکی دیوان جەختی لەوەکردەوە، کە رۆڵی پێشەنگانەی ژنانی عێراق وای لێدەکات جارێکی دیکە خێزان و کۆمەڵگاکەی بپارێزێت، ھەروەک داوای کرد کچان و کوڕان لە خوێندنی دروست بەردەوام بن و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی وێرانکەر و توندوتیژی خێزانی و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بکەن و کار بکەن بە ھەموو ھێز و ئیرادەیەکەوە بۆ بەھێزکردنی ماڵ و خێزان کە بەڕاستی شایەنی ئەم ئەرکە گەورەیەن.
لەبەشێکی دیکەی ئاھەنگەکەدا، ھەنا ئیمانوێل گۆرگیس بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری ژنان لە سەرۆکایەتی کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و جەختیکردەوە لەسەر رۆڵی کارا و پێشەنگی ژنانی عێراق لەپای بەدواداچوونی جددییان بۆ مافەکانیان و پێداگرییان لەسەر بەشداریکردن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگا و بەشداریکردن لە زۆر بواردا بە ھەموو لێھاتوویی و توانایانەوە.
ھەنا گۆرگیس رونیکردەوە، کە ژنانی عێراق لە زۆر بواردا ھاتونەتە پێشەوەو بە دڵسۆزی و سەرکەوتنەوە ئەو رۆڵەی پێیانسپێردراوە جێبەجێیانکردوە، جێپەنجەی خۆیان لە سیاسەت و راگەیاندن و تەندروستی و ھونەر و رۆشنبیری و ئەدەبدا بەجێھێشتووە، ھاوکات زامنی یەکگرتوویی پەیوەندییە خێزانییەکانن. ھەروەک لەنێوان شکۆمەندی و قوربانیدان، لەنێوان جوانی و داھێنان، لەنێوان پەروەردە و خەمخۆری، لەنێوان ئیرادە و ھۆشیاری، لەنێوان بیرکردنەوە و وردبینیدا سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری ژنان ئاماژەی بە ھەوڵەکانی سەرۆکایەتی کۆمار کرد بۆ دەستەبەرکردنی رێگاکانی پشتیوانی لە ژنانی عێراق بۆئەوەی رۆڵی راستەقینە و خوازراویان لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی وڵاتەکەماندا ببینن، روینیشیکردەوە، فەرمانگەی کاروباری ژنان پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی ھەیە تا بتوانێت لە کارەکانی بەردەوام بێت لەپێناو پێشخستنی پێگەی ژنانی عێراقدا.
ھەروەھا خاتوو نەورەس ئەلعیسا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لە واقیعی ژنانی عێراق و ئەو بارودۆخ و سەختییانەی کرد کە روبەڕویان دەبێتەوە. جەختی لەوەشکردەوە، کە بەھێزکردنی توانای ژنان و پتەوکردنی رۆڵی کۆمەڵایەتییان پێویستی بە پلانی راستەقینە ھەیە بەپێی قۆناغ و کاتی دیاریکراو بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانیان.
پاشان چالاکیی ھونەری و شیعری لەئاھەنگەکەدا پێشکەشکران، کە ستایشی رۆڵی ژنان و ئەو بەشدارییە بەردەوامەی کرد، کە لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا پێشکەشی دەکەن، ھەروەھا یەکێک لە کچە خاوەن ئیرادەکان لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری ژنانەوە رێزی لێنرا.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستی خێزانە ئاوارەکانی شنگال، کە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بڕیاردراوە بە بڕینەوەی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ ٨٤٨ خێزانی ئاوارەی شنگال، مووچەکەش لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە تەرخانکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی سەرەکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئاسانکارییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و داخستنی تەواوەتی دۆسییەی ئاوارەکان لە عێراق.
رەحیم عۆدە وتەبێژی پۆلیسی دیوانیە رایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان بەشێک لە بازرگانەکان نرخی کاڵا و شمەک و خواردەمەنییەکان بەرزدەکەنەوە، بەو ھۆیەشەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتییەوە ئاگادارکراونەتەوە کە چاودێری بازاڕەکان بکەن و ئەو کەسانەی بەبێ ھۆکار نرخ بەرزدەکەنەوە دەستگیریان بکەن.
دەشڵێت، لە ئۆپڕاسیۆنێکدا ٢٣ بازرگانی گۆشتیان دەستگیرکردووە کە نرخی گۆشتیان بەرزکردووەتەوە و رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، داوا لە ھاووڵاتیانیش دەکات ھەر بازرگان و دوکاندارێک بەبێ ھۆکار نرخی کاڵا و شمەکی بەرزکردەوە ئاگاداری ھێزە ئەمنییەکان و چاودێریکارانی بازاڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی روبەڕوی یاسایان بکەنەوە.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھێرشی زۆر دەکرێتەسەر ئاژانسی ئونراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ھاوکاریەکانی ئەو ئاژانسە لەلایەن چەند وڵاتێکی ئەوروپیەوە بڕاوە.
داواشی لە وڵاتە عەرەبی و وڵاتانی دیکەش کرد کە بەردەوام بن لە ھاوکاریکردنی ئاژانسەکە و کەمبوونەوەی کارەکانیان بە واتای کەمکردنەوەی پاڵپشتی ئاوارەکانی فەڵەستینە و زیان بە دۆزی فەڵەستین دەگەیەنێت.
دەشڵێت، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلار ھاوکاری پێشکەشی ئاژانسەکە بکات و ئەو بڕیارەیان بە گرنگ زانی و بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی دۆزی فەڵەستین.
نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی عێراق رایگەیاند، ھیچ بڕیارێک لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگی نییە بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، بەڵکو بیرۆکە خراوەتەڕوو گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین داواکاریی بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن رەوتی سەدرەوەیە، لەگەڵئەوەشدا زانیاری ھەیە لەبارەی ئاڕاستە و کارکردنی رەوتی سەدر بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی داھاتوو.
دەشڵێت، کارکردن بەردەوامە بۆ ھێورکردنەوەی دۆخی عێراق لە لایەن گرووپە چەکدارەکان و راگرتنی ھێرشەکانیان، لەپێناو دەرفەتدان بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ دانانی خشتەی کاتی کشانەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گۆڕینی ئەرکەکانیان.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارەدارکردنی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەردەوامە و کێشەکانیش لەگەڵ ھەرێم ئەوەندەی ھونەرین ھێندەی ئەوە سیاسی نین و سەرجەم کێشەکانیش لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەرەو چارەسەر ھەنگاو دەنێن، وتیشی، بەراورد بە ساڵانی رابردوو لەئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد زۆر باشە و متمانەیەک لە نێوانیاندا دروستکردووە کە پێشتر نەبووە.
سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان قبوڵنەکراوە و پێشێلکردنی سەروەری عێراقە، ھەموو ھەڵسوکەوتێکی تاکەلایەنەش رەتدەکەنەوە ئەگەر ئێران یان ھەر لایەنێکی تر بێت.
دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، ئەرکی دادگای فیدراڵی تەنھا جێبەجێکردنی دەستوور نییە، بەڵکو بەدەستھێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتیمان و پاراستنی یەکپارچەیی عێراقە بەشێوەیەک ھەموو ھاوڵاتیان ماف و ئازادییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان بەرجەستە بکەن کە ئەمەش ئەرکێکی ئاسان نییە.
وتیشی، دادگای فیدراڵی جەختیکردووەتەوە کە نەوت و غاز موڵکی گەلی عێراقە و پێویستە داھاتەکانیشیان ھەر بۆ گەلی عێراق بێت و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە سەرجەم مووچەخۆران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان ھەمان ئەو ماف و شایستانەیان ھەبێت کە ھەموو عێراقییەک ھەیەتی.
ئەو وتانەی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا بوو، لەگەڵ محەمەد مەحادین سەرۆکی دادگای دەستووری ئوردن کە لە شاری عەمان بەڕێوەچوو و تیایدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ ھاوکاری لە نێوان عێراق و ئوردن ئیمزا کرد.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا ھاتووە، محەمەد تەمیم جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ پارێزگارە نوێیەکان کردووە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان و نیشتەجێبوون لە عێراق.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لەمساڵدا دوو جۆر سەرژمێری ئەنجامدەدرێت، سەرژمێری یەکەم کە سەرەتایی و ئەزموونییە، لە مانگی ئایاری داھاتوو ئەنجامدەدرێت، سەرژمێری دووەمیش لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێت.
لەو چوارچێوەیەدا وەزیری پلاندانان پارێزگارەکانی راسپارد پێداویستییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەرژمێری لە پارێزگاکانیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بتوانن سەرکەوتنی پرۆسەکە مسۆگەر بکەن.
محەمەد خفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، زیاتر لە چوار مانگە رەوانەکردنی ھەمواری یاسای بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دواکەوتووە، بەوھۆیەشەوە خەرجییەکان راگیراون و تەنیا مووچەی فەرمانبەران دابەشدەکرێت.
راشیگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت ئەنجوومەنی وەزیران تاوەکو مانگی نیسانی داھاتوو، ھەمواری یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران نەکات، تا ئەوکاتەش عێراق بەبێ بودجە دەمێنێتەوە.
جاسم عمیری، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی راگەیاندووە، فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەچەند مانگی رابردوودا لەکاتی خۆیدا مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە دادگای فیدڕاڵی لە بڕیارێکیدا وەزارەتی دارایی عێراق و ھەرێم پابەندکرد بە بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر وەزارەتی دارایی ھەرێم سەرنجی لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ھەبێت، ئەوکاتە فەرمانگەکانی ھەرێم دەتوانن راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ مامەڵە بکەن بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانیان.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و سەیفوڵا موفتی ئۆغلۆ ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەتەوە و دوایین پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمی تاوتوێکراوە و باس لە رێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغداد کراوە لەسەرجەم ئاستەکاندا.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیەکانی ئاسایش و ئاو و رێکخستنی سنورەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گۆڕینەوەی زانیاری تاوتوێکراوە و ھەردوولا دوپاتیانکردووەتەوە کە دەبێت ھاوکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بەردەوامبێت بۆ بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا.
ھاوکات راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دووپاتیکردووەتەوە کە عێراق رێگەنادات خاکەکەی بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربھێنرێت بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ.
موحسین مەندەلاوی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەوەکالەت لەگەڵ دادوەر جاسم محەمەد سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی کۆبووەوە و لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا ھاتووە، ھەردولا رێککەوتون لەسەر پەلەکردن لە تەواوکردنی شایستە دەستورییەکان و یەکلاییکردنەوەی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران.
ئەوەش خراوەتەڕو، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە بەردەوامی ھەماھەنگی و پێکەوەکردن لەنێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری و پشتیوانیکردن لە ھەوڵەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی و بەدیھێنانی خواستەکانی گەلی عێراق.
ئەوەش لەکاتێکدایە دادگای فیدڕاڵی، یەکلاییکردنەوەی سکاڵایەکی لەسەر دەستوریبوونی دانیشتنی تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ١ـی نیسان دواخستووە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە میانی بەشداریکردنی کۆڕبەندی رافیدەین ٢٠٢٤ وتی، گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی ھەرێم سەبارەت بە یاسای نەوت و غاز چەند قۆناغێکی باشی بڕیووە، بەڵام بەھۆی چەند رووداوێکەوە لە ئێستادا وەستاوە.
وتیشی حکومەت وەبەرھێنانی لە غازی دەردراو کردووەتە پێشینەی کارەکانی و پێشبینی دەکرێت لە پێنج ساڵی داھاتوودا بەھەدەردانی غازی دەردراو لە عێراق کۆتایی پێبێت، ھاوکات بەھۆی کەوتنەوەکاری پاڵاوگەکانی باکوور و باشوور، پێشبینی دەکرێت لە دوای ساڵی ٢٠٢٥ عێراق بگاتە ئاستی خۆبژێوی لە بەرھەمەکانی سووتەمەنی و ھاوردەکردنی بەنزین رابگرێت.
وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لەو کۆمپانیا بیانییانەی لە بواری نەوتدا لە عێراق وەبەرھێنانیان کردووە و ئێستا کشاونەتەوە، ھەندێکیان بەھۆی گۆڕانی سیاسەتی کۆمپانیاکەوە کشاونەتەوە و ھەندێکیشیان گرێبەستی باشتریان پێشکەشکراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەردانێکی رەسمی گەیشتووەتە پارێزگای نەینەوا و ئامانجی سەردانەکەشی لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە دەستپێکردنی کارکردن لە پرۆژەی بنیاتنانی شاری غەزلانی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سودانی لەو سەردانەیدا بەشداری دەکات لەکردنەوەی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوازی و بەدواداچوون بۆ تەواوکردنی چەند پرۆژەیەکی تر لەناو شاری موسڵ و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری.
ئایان مکاری نێردەی ئەمریکا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تەلەفزیۆنی "حورە"ی ئەمریکی راگەیاند، عێراق دەوڵەتی دامەزرێنەری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بووە و سود لە ئەزموونی عێراق وەردەگرن لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، لە ئێستاشدا ھیچ پلانێک نییە بۆ کشانەوەیان لەو وڵاتە.
مکاری وتیشی، گفتوگۆی دوو قۆڵی ھەیە لەگەڵ عێراق لەپێناو دانانی چوارچێوەیەکی ھەمیشەیی بۆ ھەماھەنگی ئەمنی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا. ھەروەھا دانوستان ھەیە بۆ قایلکردنی عێراق لەسەر گرنگی بەردەوامی ھەڵمەتی ھاوپەیمانان دژی داعش و ھەردوولاش لەوبارەیەوە بیروڕای ھاوبەشیان ھەیە.
نێردەی ئەمریکا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ئەگەری ھێرشکردنە سەریان لەلایەن بریکارەکانی ئێرانەوە بەرگری لە خۆیان دەکەن، وتیشی ئێران رۆڵێکی زۆر نەرێنی ھەیە لە ناوچەکە.
لێدوانەکانی مکاری لەکاتێکدایە کە لێپرسراوانی عێراق بە تایبەت محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران جەختدەکەنەوە لەوەی دانوستانەکانیان لەگەڵ واشنتۆن بۆ دانانی خشتەیەکی زەمەنییە بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق.