سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە رێباز حەملان بریکاری وەزارەتی دارایی کرد و لە دیدارێکدا لایەنە دارایی و ئابوورییەکانی وڵات و پێویستی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاکسازی ئابووری تاوتوێکران.

لە سەرەتای دیدارەکەدا د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پیرۆزبایی لە رێباز حەملان کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی وەک بریکاری وەزارەتی دارایی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا.

لە کۆبوونەوەکەدا لایەنە دارایی و ئابوورییەکانی وڵات و پێویستی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاکسازی ئابووری تاوتوێکران بۆ دەستەبەرکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.

هەروەها بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ و بڕگەکانی تاوتوێکرا و گرنگی دانانی ئەولەویەت و دیدگای کارکردن بۆ زۆرترین سەرچاوە و کەمکردنەوەی خەرجیەکان باسی لێوەکرا، جەخت لە پێویستی پەرەپێدانی کەرتی بانکی و باشترکردنی ئەدای بانکە حکومی و ئەهلییەکان کرایەوە بەشێوەیەک کە سەقامگیری ئابووری بەهێز بکات.