سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، بەر لە كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد، سێ جار هەوڵی نزیككردنەوەی سوریا و توركیای داوە، بەڵام هەوڵەكان شكستیانهێنا، چونكە ئەسەد مەرجی هەبوو.

محەمەد شیاع سودانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی عیراق رایگەیاند، رووداوەكانی سوریا بەراورد بەو دۆخەی سوریای تێدابوو، لەناكاو نەبوون.

وتیشی، ئەردۆغان لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ بەغداد هاوڕای ئەوە بووە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ سوریا ئاسایی بكەنەوە و داوای لە بەشار ئەسەد كرد كۆبوونەوەیەك لە بەغدا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و توركیا و سوریا بكرێت، بەڵام مەرجی هەبوو.

دەشڵێت، توركیا مەرجی گەڕانەوەی ئاوارەی سوری هەبوو لەگەڵ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، بەڵام سوریاش مەرجەكەی ئەوەبوو كە دەبێت روبەڕوبونەوەی تیرۆر گشتگیر بێت و دژی پەكەكە و گروپە چەكدارەكانی دیكە بێت كە ئەمەش خاڵی ناكۆكیی نێوانیان بوو.

راشیگەیاند، نوێنەرایەتی عێراق لە دیمەشق كارەكانی دەستپێكردووەتەوە، عیراقیش رێز لە ئیرادە و بژاردەی گەلی سوریا دەگرێت و دەستوەردانی دەرەكی رەتدەكاتەوە و رەوشی ئەوان هاوشێوەی عیراقە لە ساڵی 2003 و هیوازخوازیشە هەمان هەڵەی ئەوان دووبارەنەكەنەوە.