ئەمڕۆ خانمی یەكەمی عیراق دۆزینەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە بیابانەكانی سەماوە رادەگەیەنێت، كە پێدەچێت رووفاتی ژن و منداڵی ئەنفالكراوی كوردی تێدابێت.

ئەمڕۆ، نووسینگەی راگەیاندنی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق بە ئامادەبوونی ناوبراو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دۆزینەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە بیابانی تەل شێخیەی پارێزگای سەماوە رادەگەیەنێت، كە دوای هەفتەیەك لە كاری بەردەوام و بەدواداچوونی چڕ دۆزراونەتەوە.

بەپێی راگەیەنراوی رۆژنامەوانی نووسینگەی خانمی یەكەمی عیراق، پێدەچێت گۆڕە بەكۆمەڵەكە رووفاتی ژن و منداڵی ئەنفالكراوی كوردی تێدابێت بەهۆی رەنگاورەنگی جل و بەرگەكانیانەوە، كە هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەلایەن رژێمی بەعسەوە كۆمەڵكوژ كراون.

بڕیارە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد باسی ئەو ئەركە نیشتمانی و مرۆییانە بكات، كە بۆ گێڕانەوەی رووفاتی شەهیدانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان گیراونەتەبەر، هەروەها، باس لە پرۆسەی گەڕانی بەردەوام و رێوشوێنەكانی ناسینەوەی قوربانیان و رێزلێنانیان بكرێت.