لە عیراق سیستمی ئەلیكترۆنی بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی پارە بۆ بەندكراوان جێبەجێدەكرێت و دەتوانن لەو رێگەیەوە پارە لە كەسوكاریان وەربگرن و بە پێچەوانەشەوە.

وەزارەتی دادی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، فەرمانگەی چاكسازی سەر بە وەزارەتی داد گرێبەستێكی لەگەڵ بانكی كشتوكاڵیی هاریكاری ئیمزاكردووە، بە مەبەستی دروستكردنی كارتی بانكی بۆ سەرجەم بەندكراوانی ناو گرتوخانەكانی عیراق.

دەشڵێت، وەزارەتەكەیان سەرجەم تێچووی دروستكردنی كارتە بانكییەكان لە ئەستۆ دەگرێت، هیچ بڕە پارەیەكیش لە بەندكراوان وەرناگیرێت و لەماوەیەكی دیاریكراودا بانكی كشتوكاڵیی هاریكاری سەرجەم كارتە بانكییەكان بۆ هەموو بەندكراوەكان تەواو دەكات.

راشیگەیاندووە، لەگەڵ تەواوبوونی كارتە بانكییەكان سیستمەكە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە گرەنتی سەرجەم حەوڵە داراییەكانی بەندكراوان دەكات و دەتوانن لەو رێگەیەوە پارە لە كەسوكاریان وەربگرن و بە پێچەوانەشەوە.