سەرۆک کۆماری عیراق سەردانی باڵەخانەی نوێی دادگای فیدڕاڵی کرد و رایگەیاند: ئەزموونی دیموکراسی لە عیراقدا سەرەڕای تەمەنی کورت ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە کە ئێمە شانازی پێوە دەکەین.

ئەمڕۆ چوارشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق سەردانی باڵەخانەی نوێی دادگای فیدڕاڵی عیراقی کرد و پیرۆزبایی باڵەخانە نوێیەکەی لێکردن، لە کۆبوونەوەی لەگەڵیاندا جەختی کردەوە لەسەر گرنگی رۆڵی دادگا لە چوارچێوەی کاری دەستووری و بەهێزکردنی هاوکاری هاوبەش لەنێوان دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتدا لەپێناو چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەری یاسا.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەزموونی دیموکراسی لە عیراقدا سەرەڕای تەمەنی کورت ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە، کە ئێمە شانازی پێوە دەکەین، بەهێزکردنی دیموکراسی پێویستییەکی بەپەلەیە بۆ رێگریکردن لەتاکڕەوی لەبڕیاردان و ڕێبازە دیکتاتۆرییەکاندا".

لە راگەیانراوی دوای سەردانەکەدا ئەوە خراوەتە روو، "سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە کارەکانی سەرۆکایەتی کۆمار کرد و پەرۆشی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و پابەندبوون بە بڕگەکانی نیشان دا کە وەک بەڵگەنامەیەکی گەلی عێراقە و مافەکانیان مسۆگەر دەکات".

سەرۆک کۆمار ئەوەشی روونکردەوە، پێشێلکردنی دەستوور پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکە.

هاوکات، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لەسەر پێویستی کاری یەکخراوی نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت کردەوە بۆ بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی بەرنامەی کارەکانیان و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان لەڕێگەی سوودوەرگرتن لە پسپۆڕی لە بوارەکانی یاسادانان و جێبەجێکردندا، هەروەها دڵنیابوون لەوەی کە یاسا سەروەری ڕەهای هەبێت لە هەموو کارەکاندا بەتایبەت لە بواری پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانی و لە هەر لایەکەوە بێت.

لای خۆیەوە دادوەر ئەلعمەیری  تەئکیدی لەسەر پابەندبوونی دادگا بە ڕاپەڕاندنی ئەرک و ئەرکە دەستوورییەکانی بەوپەڕی پرۆفیشناڵیی و سەربەخۆییەوە کردەوە و ستایشی رۆڵی سەرۆک کۆماری کرد وەک پارێزەری دەستوور و پەرۆشی بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان .