پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیانابی تەل ئەلشێخیەی پارێزگای سەماوە راگەیەنرا، کە لێکۆڵینەوە لە دی ئێن ئەی ئێسکەکانیان دەستی پێکردووە.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان وا دەردەکەوێت کە ئەو کەسانەی لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا زیندەبەچاڵ کراون کورد بن، بەوپێیەی جلوبەرگەکانیان رەنگاورەنگە و لە جلوبەرگی کوردی دەچێت.

لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا چەندین روفاتی ژن و منداڵی تێدایە، تەنانەت ژنی تێدایە دووگیان بووە و هەر بە دووگیانی زیندەبەچاڵ کراوە.

لەوبارەیەوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەم تاوانە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە دوژمنی گەلی كورد گوێی بە هیچ شتێك نەداوە و كاری بەردەوامی كردووە بۆ سڕینەوەی كورد.

وتیشی، "بەداخەوە ئێستاش گەلی كورد بە یەكچاو سەیری یەكتر ناكات و پەند لە رابردوو وەرناگیرێت".

 

تاوانی ئەنفال:

حکومەتی بەعس بە چەندین شێواز هەوڵی تەعریبکردنی ناوچە کوردییەکانی داوە و لە سەرەتاشدا لە گوندەکانی کەرکوک و دەوروبەری دەستیپێکرد لە ساڵی ١٩٦٣، جگە لە راگواستن و بێسەروشوێنکردنی کوردانی فەیلی لە ساڵانی ٧٠ و ٨٠کاندا. دواتر ئەنفالکردنی هەشت هەزار کەس 'ئەنفالی بارزانییەکان' لە ساڵی ١٩٨٣ و بەکارهێنانی چەکی کیمایی لە چەندین ناوچە، کە دیارترینیان هەڵەبجە بوو.

ئەوە جگە لەوەی نزیکەی پێنج هەزار گوند لەنێوان ساڵآنی ٧٠ بۆ کۆتایی ٨٠کاندا خاپورکراون.

ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەی لە سەماوە دۆزراوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٨، کە لە ساڵی ١٩٨٨ و بە دواوە، حکومەتی بەعس لەژێر ناوی سورەتی "الأنفال"دا بە شەش قۆناغ تاوانی ئەنفالی دژ بە کورد ئەنجامدا، لەو پڕۆسەیەدا حکومەتی بەعس بە سەرکردایەتی عەلی حەسەن مەجید، ١٨٢ هەزار هاووڵاتی مەدەنیان زیندەبەچاڵ کرد.

لەبارەی بەکارهێنانی ناوی ئەو سورەتەی قورئان، ماڵپەڕی رەسمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا نووسیویەتی، "ناوی ئەو سوورەتە بۆ ئەو پرۆسەیە لەلایەن حزبی بەعسەوە بە هەڵە بەکارهاتووە".

هـ.ئـ