كەشناسیی عیراق پێشبینی دەكات بارانبارینی بەخۆڕ لە هەرێمی كوردستان و ناوەڕاستی عیراق تا كۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت.
كەشناسیی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە پارێزگاكانی باكوور و ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان، بارانی مامناوەند و بەخوڕ دەبارێت لەگەڵ دروستبوونی هەورەبروسكە، هەروەها خێرایی با زیاد دەكات و دەگاتە ٥٠ كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا، تا كۆتایی هەفتەیەش بارانبارینی بەخوڕ بەردەوام دەبێت و رەوشی كەشوهەوا بە ناجێگیریی دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە پارێزگاكانی رۆژئاوا و باشووری عیراق، كەشناسی دەڵێت، تاڕادەیەک كەشوهەوا بەرەو سەقامگیری دەگەڕێتەوە، بەڵام ناوبەناو بارانبارین بەردەوام دەبێت.
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق دەڵێت بارانبارینی دوو رۆژی رابردوو كاریگەری زۆری لەسەر وەرزی كشتوكاڵی ئەمساڵ دەبێت و ئاوی رووبارەكانیش زیاد دەكات.
عەون زیاب وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایگەیاند، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بڕێكی زۆر باشی باران لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باكور و باكوری رۆژهەڵات باریووە و لە هەندێك شوێنیش لافاو دروستبووە، كەئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی روبارەكان، چونكە سەرجەم رێڕەوەكانی ئاو كە بۆ بارانبارین دروستكراون دەچنەوە سەر روبارەكان.
وتیشی، ئەو بارانبارین و لافاوەی كە دوو رۆژە زۆربەی ناوچەكانی عیراقی گرتووەتەوە كاریگەری زۆری باشی لەسەر وەرزی كشتوكاڵی ئەمساڵ دەبێت كە ئێستادا سەرەتای وەرزی كشتوكاڵییە بەتایبەتیش بۆ بەرهەمی گەنم و سەرجەم جۆرەكانی تری دانەوێڵە.
حكومەتی عیراق بۆ چارەسەركردنی یەكجاری و كۆتایی هێنان بە كێشەی نیشتەجێبوون دوو پلانی نوێ جێبەجێ دەكات.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاند، لە چوارچێوەی كارنامەی حكومەتی عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون، دوو پلانی نوێ جێبەجێ دەكەن، یەكەمیان زەوی دەدرێت بە وەبەرهێنەر و بەڵێندەران بۆئەوەی پرۆژەی نیشتەجێبوون دروست بكەن و دوای تەوابوونیان رادەستی حكومەتی دەكەنەوە و دواتر حكومەت بە قیست و نرخی گونجاو بە هاووڵاتیانی دفرۆشێتەوە و ئەم پلانەشیان لەئێستادا لە زۆربەی یەكەكانی نیشتەجێبوون جێبەجێ دەكرێت.
وتیشی، پلانی دووەم ئەوەیە كە حكومەت زەوی بە هاوڵاتیان بدات و بەڵێندەران و وەبەرهێنانەرانیش سەرجەم تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و نەخۆشخانە و شەقام و كۆڵان بۆ ئەو شوێنانە دروست بكەن، بۆئەوەی هاووڵاتیان بتوانن زەوییەكانیان بكەن بە خانوو.
مەزهەر محەمەد ساڵح جەختیشیكردەوە، بانكی خانووبەرە سندوقی نیشتەجێكردن و بانكە حكومییەكانی تر لە رێگەی پێدانی قەرز بە هاووڵاتیان پشتیوانی جێبەجێكردنی هەردوو پلانەكە دەكەن، كە ئەو دوو پلانەش بە یەكجاری كێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر دەكات.
سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران و تەواوكردنی ئەو شایستە دەستوورییە، سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی بەهێز دەكات.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، لەگەڵ مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، تەواوكردنی ئەو شایستە دەستوورییە، سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی بەهێزتردەكات، هەروەها زیاتر دیموكراسی دەچەسپێنێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، جەختكرایەوە لە گرنگی هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان بۆ تەواوكردنی پێداویستییەكانی بەرنامەی حكومەت، بەشێوەیەك كە هاوكار بێت بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی گەلی عیراق لە بوارە جیاجیاكاندا.
ئەمریكا بە بیانووی پشكنین رێگە نادات ئەو فڕۆكانەی عیراق كە هاوكاری مرۆیی بۆ لوبنان دەبەن، لە فڕۆكەخانەی بەیروت بنیشنەوە.
رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی بڵاویكردووەتەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەیروت فشارێكی زۆری لەسەر فڕۆكەخانەكەی لوبنان دروستكردووە و دەیەوێت هەموو جۆرە زانیارییەكی لەسەر ئەو كەسانە هەبێت كە لە رێگەی گەشتە ئاسمانییەكانەوە دەچنە لوبنان یان لەو وڵاتەوە بۆ شوێنێكی تر گەشت دەكەن و تەنانەت ئەو كەسانەش كە بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنەوە لەماوەی رابردوودا لە لوبنان برینداربوون و بۆ چارەسەر دەچنە وڵاتانی تر، لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە چاودێری دەكرێن.
ئاشكراشیكردووە، تائێستا ژمارەیەك فڕۆكەی سەر بە هێڵی ئاسمانی عیراق كە هاوكاری مرۆییان پێبووە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا نەیهێشتووە لە فڕۆكەخانەی بەیروت بنیشنەوە بڕیاریداوە ئەو فڕۆكانە بچنە ئوردن و پشكنینیان بۆ بكرێت و دواتر بگەنە لوبنان.
ئیسرائیل هۆشداری دەداتە عیراق لەبارەی بەردەوامی هێرشی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر ئیسرائیل و دەڵێت، ئامانجەكانی لە عیراق دەستنیشانكردووە بۆ بۆردومانكردنیان. گروپە چەكدارەكانیش رەتیدەكەنەوە هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل رابگرن.
رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویكردەوە، تەلئەبیب هۆشداری داوەتە بەغداد لەبارەی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران، كە لەخاكی عیراقەوە هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل، هەروەها پێی راگەیاندووە، ئیسرائیل ئامانجەكانی لە عیراق دەستنیشانكردووە و لە ئەگەری بەردەوامی هێرشی گروپە چەكدارەكان، لە خاكی عیراقدا ئەو گروپانە دەكاتە ئامانج.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ئیسرائیل بە مانگی دەستكرد، گواستنەوەی مووشەكی بالیستی و كەرەستەی سەربازی لە ئێرانەوە بۆ عیراق دەستنیشانكردووە و بۆ بەكارهێنانیان لە هەر هێرشێكی ئێراندا.
هاوكات، گەورە لێپرسراوانی گروپە چەكدارەكانی عیراق بە رۆژنامەكەیان راگەیاندووە، كە هێرشەكانیان نەك تەنها بۆ سەر ئیسرائیل راناگرن، بەڵكو فراوانتریشی دەكەن.
دوای پێنج رۆژ لە دوورخستنەوەی، عومەر كروی لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دەستبەكاربووەوە و بە هێزی چەكدارەوە گەڕایەوە باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگا.
بەگوێرەی بڕیارێكی دادگای دادوەری ئیداری عیراق، دادگا بڕیاری دانیشتنی نائاسایی رۆژی ٢٩ـی مانگی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەی هەڵپەساردووە، تایبەت بە دوورخستنەوەی عومەر كروی لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەكە، تاكو دۆسییەی ناوبراو لە دادگا یەكلایی دەبێتەوە.
لەدوای بڕیارەكەی دادگای دادوەری ئیداریی، عومەر كروی بە هێزی چەكدارەوە گەڕایەوە باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە و لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دەستبەكاربووە.
رۆژی ٢٩ـی مانگی رابردوو، ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە دانیشتنێكی نائاسایی لێپرسینەوە، بە كۆی دەنگ بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی عومەر كروی لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، عومەر كرویش بڕیارەكەی رەتكردەوە و رایگەیاند، رێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە.
لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە ئەنجومەنی نوێنەران داوا دەكات، بڕی ئەو پارەی دەدرێتە ئەو ئاوارانەی كە دەگەڕێنەوە زیدی خۆیان زیادبكرێت.
شەریف سولیمان، ئەندامی لیژنەی كۆچبەران لە ئەنجومەنی نوێنەران داوا دەكات ئەو بڕ پارەی دەدرێتە ئەو ئاوارانەی كە ژێر خێمەكان جێدەهێڵین و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان كەمەو بەشی پڕكردنەوەی پێویستیەكانیان ناكات، بۆیە پێویستە ئەو بڕە پارەیە زیاتربكرێت.
راشیگەیاند، لە كۆتایی ساڵ نزیكبونەتەوە كەچی تا ئێستا بەشێك لە ئاوارەكان هەر لە ژێر خێمەكان ماونەتەوە ئەمەش لە كاتێكدایە كە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاندبوو دەبێت تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم كەمپەی ئاوارەكان دابخرێن.
سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەو یاسایانەی ناكۆكیان لەسەرە پێویستە بە گفتوگۆ و كۆدەنگی هەموولایەك تێپەرێنرێن.
مەحمود مەشهەدانی بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، ئەو یاسایانەی كە ناكۆكیان لەسەرە پێویستە بە رێككەوتن و گفتوگۆ تێپەڕێنرێن.
وتیشی، پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسا بێ رێككەوتنی پێشوەختە خزمەت بە ئەنجومەنی نوێنەران ناكات هەڵەیە.
دەشڵێت، كار لەسەر گەڕانەوەی شكۆی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن بە جۆرێك كە خزمەت بە هاوڵاتیان بكرێت و ئەو یاسانە دەرچواندنیان بۆ بكرێت كە بەرژەوەندی گشتی تێدایە.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی عیراق رایگەیاند، ئەمڕۆ باران بارینی بەخوڕ لە هەرێم و پارێزگاكانی ناوەڕاستی عیراق بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كەشی بەغداد سەقامگیر دەبێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت باران لە پارێزگاكانی ناوەڕاست ببارێت و هەورە بروسكەی لەگەڵ دەبێت.
دەشڵێت، لە پارێزگاكانی باكور و هەرێمی كوردستان بارانی مامناوەند و بەخوڕ دەبارێت لەگەڵ دروستبوونی هەورە بروسكە هەروەها رەشەبا هەڵدەكات كە خێراییەكەی ٥٠ كیلۆمەتر دەبێت لە سەعاتێكدا.
بەپێی ئاماری رەسمی كەشناسی هەرێم تا سەعات دەی شەوی رابردوو، زۆرترین باران لە كەركوك باریوە كە ١٨ ملیمەتر باریوە و كەمترین رێژەش لە ناحیەی شەمامك لە پارێزگای هەولێر بووە كە بەشێوەی دڵۆپ دڵۆپ بووە و لە سەنتەری شاری سلێمانیش نۆ ملیمەتر و لە هەولێر نزیكەی سێ ملیمەتر باران باریوە.
راوێژكاری سودانی رایگەیاند، سودانی لە مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق كردووە كە هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل رایگرن و عیراق تووشی جەنگ نەكەن.
عەبدولئەمیر تەعێبان، راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، سەرۆكوەزیران داوای لەو گروپە چەكدارانە كردووە، كە هێرشی درۆنی و موشەكی بۆ سەر ئیسرائیل رابگرن و نەچنە بەرەكانی جەنگ بۆ ئەوەی عێراق تووشی كێشەنەبێت.
لەبەرانبەردا، سەرچاوەیەك لە گروپەكانی مقاوەمە راگەیاندووە، گرووپە چەكدارەكان بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆیان داوە و حزبوڵای عێراقی و بزوتنەوەی نوجەبا پشتیوانی لە گەلی فەلەستین و لوبنان بەئەركی خۆیان دەزانن و هێرشەكانیان راناگرن.
ئیسرائیل هۆشداری دەداتە عیراق و دەڵێت هەر هێرشێكی ئێران لەناو خاكی عیراقەوە باجەكەی قورس دەبێت، خامنەییش بڕیاریدا وەڵامی ئیسرائیل بدرێتەوە.
ماڵپەری ئەكسیۆس لە سەرچاوەیەكی باڵای هەواڵگری ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە، هەموو بەڵگە و زانیارییەكیان پێگەیشتووە كە ئەمجارە ئەگەر ئێران هێرش بكاتەسەر ئیسرائیل، لەناو خاكی خۆیەوە هێرشەكە ئەنجام نادات، بەڵكو لە ناو خاكی عیراق و لە رێگەی گرووپە چەكدارەكانی هاوپەیمانییەوە هێرش دەكاتەسەر ئیسرائیل، بەڵام پەیامێكیان ئاراستەی عیراق كردووە و هۆشدارییان پێداوە ئەگەر كارێكی لەو جۆرە بكرێت باجەكەی عیراق زۆر قورس دەبێت.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكیش لە زاری سێ لێپرسراوی باڵای ئێرانەوە رایگەیاندووە، رۆژی دوو شەممەی رابردوو عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كۆبووەتەوە و فەرمانی كردووە وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل بدرێتەوە و داواشیكردووە بۆئەو مەبەستە هەموو ئامادەكارییەك بكرێت.
١١ سزادراوی لەسێدارەدان لە عیراق كە دواتر سزاكەیان بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆڕدراوە و خەڵكی فەڕەنسان داوا دەكەن بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەكەیان.
لێپرسراوێكی عیراقی لە وەزارەتی دادی عیراق بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس رایگەیاند، یاسای عیراق رێگە بە بەندكراوە بیانییەكان دەدات بۆ تەواوكردنی سزاكانیان بگوازرێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان، ئەو 11 سزادراوەی فەڕەنساش داواكاری گواستنەوەیان پێشكەش كردووە و چاوەڕێی وڵامن.
لێپرسراوێكی تر لە وەزارەتی دادی عیراق دەڵێت، فەڕەنسا داوای گەڕانەوەی ئەو كەسانەی نەكردووە و دەسەڵاتدارانی عیراقی رێگە بە گەڕانەوەی سزاداوان دەدات جگە لەو كەسانەی كە سزای لەسێدارەدانیان هەیە.
ئەو ١١ سزادراوەی فەرەنسا پێشتر ئەندامی رێكخراوی تیرۆرستی داعش بوون و لەساڵی 2019 سزای لەسێدارەدانیان لە عیراق بۆ دەركراوە و دواتر لە ساڵی ٢٠٢٣ سزاكەیان بۆ زیندانی هەتاهەتایی كەمكراوەتەوە.
لێپرسراوانی ئەمریكا دەڵێن، هێرشی بەردەوامی گروپە چەكدارەكان لە عیراقەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەگەری وەڵامی راستەوخۆی تەلئەبیب زیاتر دەكات.
ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس لە زاری چەند لێپرسراوێكی ئەمریكاوە گواستییەوە، ئەمریكا و هاوبەشەكانی ناچاربوون دەستوەردان بكەن بۆ خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانەی لەلایەن گروپە چەكدارەكانی نزیك ئێرانەوە لە عیراق ئاڕاستە دەكرێن و بەردەوامی هێرشەكان ئەگەری وەڵامی راستەوخۆی تەلئەبیب زیاتر دەكات.
هاوكات بەرپرسێكی ئەمنی هەرێمی ئاماژەی بەوەكردووە، بەشێوەیەكی گشتی رۆژانە پێنج هێرش لە عیراقەوە دەكرێنەسەر ئیسرائیل و هەفتەی رابردوو لەماوەی ٢٤ سەعاتدا نزیكەی هەشت درۆن ئاڕاستەی تەلئەبیب كراون.
لەدوای هێرشەكەی مانگی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە رێگەی ئاسمانی عیراقەوە، گروپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق هێرشەكانی بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر كردووە و رۆژی هەینی لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە شەش هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و جەخت لەبەردەوامی هێرشەكانی دەكاتەوە.
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، ئەگەرهەیە وەرزی یاسادانان مانگێك درێژ بكرێتەوە و لەمەودوا دەستەی سەرۆكایەتی بە رێككەوتن خشتەی دانیشتنەكان دادەنێت.
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن بە كوردسات نیوزی راگەیاند، هیچ رێككەوتنێك لەئارادا نەبووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك، بەڵكو لێكتێگەیشتن هەبوە بۆ ئەوەی نەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرتایی پێبهێنرێت، لەمەودوا دەستەی سەرۆكایەتی بە رێككەوتن خشتەی كاری دانیشتنەكان دادەنێت.
وتیشی، لە نۆی ئەم مانگە وەرزی یاسادانان كۆتایی دێت پشوی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەكات تا نۆی كانوونی دووەمی ٢٠٢٥، بەڵام ئەگەر هەیە مانگێك وەرزی یاسادانان درێژبكرێتەوە، لەبەرئەوەی لەم وەرزەدا كەمترین دانیشتن ئەنجامدراوە، هەروەها بۆ ئەوەی پرۆژەیاسا گرنگەكان دەنگی لەسەر بدرێت و تێپەرێنرێن.
ئەندامێكی هاوپەیمانی نەسر ناوی ئەو وەزارەتانەی عیراق ئاشكرا دەكات كە گۆڕانكاری دەیانگرێتەوە و دەڵێت، وەزارەتەكان سیادی نین.
سەلام زبێدی ئەندامی هاوپەیمانی نەسر لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان رایگەیاند، دیارترین ئەو وەزارەتانەی گۆڕانكاری دەیانگرێتەوە ئەوانەن كە سیادی نین و وەزارەتەكانی گواستنەوە و پەیوەندی و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و پەروەردە باسكراون.
بەدووریشی زانی وەزیرە نوێیەكانی ئەو وەزارەتانە ئەو كارانە تەواو بكەن كە وەزیرەكانی پێشوو ئەنجامیان نەداوە، چونكە ئەو ماوەیەی لەبەردەم حكومەتی عیراقدا ماوە كەمە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بۆ چوارەمین جار لەو كاتەوەی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بەڵێنیدا بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری وزاری لە كابینەكەیدا، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری لەوبارەیەوە نەنراوە، لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا مشتومڕ و پرسیار لەوبارەیەوە دروست بووە، بە تایبەت كە تەنها ساڵێك لەبەردەم كابینەكەیدا ماوە.