کەشناسی روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو زنجیرە بوومەلەرزانەوە بڵاوکردەوە کە عیراقی گرتووەتەوە
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی عیراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو زنجیرە بوومەلەرزانەوە بڵاوکردەوە کە چەند ناوچەیەکی عیراق و پارێزگای سەڵاحەدینی گرتووەتەوە و دەڵێت، پێویست بە نیگەرانی ناکات.
دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی عیراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، ئەو زنجیرە بوومەلەرزانەی کە لە ناوچەی شەرقاتی پارێزگای سەڵاحەدین و چەند ناوچەیەکی دراوسێی روویاندا و لە بەشێکی زۆری شارەکانی دیکەش هەستیان پێکرا، بەهۆی جیاوازی لە بۆشایی نێوان چینە تەکتۆنییەکانی زەوی و رووکاری بڵاوبوونەوەیەتی لەو ناوچەیەدا کە بە هەڵەی رووکار ناو دەبرێن و بە ملیۆنان ساڵە لەو ناوچەیەدا بەو جۆرە بڵاوبوونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو رووکارانە بەشێوەی کتوپڕ بخزێن و وزەی نێوانیان دەربدەن و ئەو بومەلەرزانە دروست بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری دەردانی وزەی نێوان ئەو رووکارانە سروشتییە، بەهۆی فشاری ئەو چینە تاکتۆنییانەوەیە کە لە بەریەککەوتنی پلێتەکانی عەرەبی و ئێرانیدا دروست دەبن و هیچ پێویستی بە نیگەرانی نییە.
دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی عێراق ئەوەشی خستووەتە روو، ناوچەکە لە ساڵی ٢٠٠٩دا بوومەلەرزەیەکی بە گوڕی ٥.١ پلە بە پێوەری رێختەر بەخۆوە بینی، دواتر لە ساڵی ٢٠١٧دا هەمان شت دووبارە بووەوە.
ئەوەش خراوەتە روو، بەشێوەیەکی گشتی لەدوای بوومەلەرزەی لەو جۆرەوە چەند پاشەلەرزەیەک بە گوڕی کەمتر روودەدەن، تاوەکو ئەو رووکارانە دەچنە دۆخێکی جێگیرەوە و لە شوێنەکانیاندا جێگیر دەبن.
دەستەی کەشناسی دەشڵێت، ئەوە دیاردەیەکی سروشتییە و هیچ پێویست بە نیگەرانی ناکات، پێویستە هاوڵاتیان خۆیان لە هەواڵە ناڕاستەکانی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاودەکرێتەوە بەدووربگرن و تەنها لە سەرچاوە راستەکانەوە زانیاری وەربگرن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا چەند بوومەلەرزەیەکی بەدوای یەک لە پارێزگای سەڵاحەدین روویاندا و لە ناوچەکانی دیکە و هەرێمی کوردستانیشدا هەستیان پێکرا.