رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كوردسات نیوزكەوتوون، هەسەدە و توركیا بەنێوەندگری ئەمریكا، رێككەوتنیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست ئیمزا كرد.

سەرچاوەیەك لە رۆژئاوای كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاند، هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە و توركیا، بە نێوەندگیری ئەمریكا رێككەوتنێكی نهێنییان  ئیمزا كردووە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و كۆتاییهێنان بە هێرشەكانی سەربازانی توركیا و گرووپە چەكدارە سورییەكانی هاوپەیمانی توركیا، بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ئەوەش لەكاتێكدایە تا ئێستا نە هەسەدە و نە توركیا بە رەسمی هیچ لێدوانێكیان لەو بارەیەوە بڵاونەكردووەتەوە، لە هەمانكاتیشدا هەواڵەكەیان رەتنەكردووەتەوە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینی لە تورکیا، ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە کە سبەینێ یەکشەممە، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە، ئەمەش جیاوازە لەگەڵ کاتی دەستپێکردنی جەژن لە زۆربەی وڵاتانی دیکە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، نوێژی جەژن لە ئەنقەرەی پایتەخت کاتژمێر 7:07ـی بەیانیی سبەینێ بەڕێوە دەچێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەنتەری نێودەوڵەتیی فەلەکناسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند کە لە مالیزیا و برونای، خۆر ئاوابووە و ئەمڕۆ 28ـەمین رۆژی رەمەزانە لەو وڵاتانە، بۆیە جەژنی رەمەزان لەو وڵاتانە رۆژی دووشەممە دەبێت.

هاوکات، ئەندەنوسیا و بەنگلادیش و پاکستان رۆژی دووشەممەیان وەک یەکەم رۆژی جەژن دیاری کردووە.

لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی فەتوای ئوسترالیا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، کە کۆتا رۆژی رەمەزان سبەینێ یەکشەممە دەبێت و دووشەممە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە لەو وڵاتە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجوومەنی فەتوای ئیمارات رایگەیاند کە بۆ بینینی مانگ و دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان، درۆنی پێشکەوتوو لە رێگەی زیرەکی دەستکردەوە بەکاردەهێنێت.

بەپێی راگەیەندراوی ئەو ئەنجوومەنە، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە بەکاردەهێنرێت و بەمەش ئەنجوومەنی فەتوای ئیمارات دەبێتە یەکەم لایەن لەسەر ئاستی جیهان کە ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە بۆ بینینی مانگ و دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بەکاردەهێنێت.

ئەنجوومەنی فەتوای ئیمارات وردەکاری بەکارهێنانی درۆنەکانی لە پرۆسەی بینینی مانگ ئاشکرا کرد و ڕاگەیەنرا کە "چەند درۆنێک بۆ بینینی مانگ بەکاردەهێنرێن کە چەند دووربینێکی کوالێتی و خەسڵەتی زۆر بەرزیان پێوەیە."

بەپێی میدیاکان، ئەم درۆنانە "300 مەتر لەسەر روی دەریا بەرەو روی شوێنی دەرکەوتنی مانگ لە ئاسمان بەرزدەکرێنەوە" و ئەم پرۆسەیەش "بەپێی توێژینەوە فەلەکناسی و ئەستێرەناسییەکان کە زۆر بە وردی ئەنجام دەدرێن" جێبەجێ دەکرێت.

شارەزایان پێیانوایە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە دەبێتە هۆی زیادکردنی وردی دیاریکردنی کاتی دەستپێکی جەژن و کەمکردنەوەی جیاوازییەکان لە نێوان وڵاتاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە رایدەگەیەنێت، لەدوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل 921 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون.

وەزارەتی تەندروستی غەززە لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردوە،  لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا 25 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون، هاوکات لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی هێرشە بەرفراونەکانی ئیسرائیل لە 18ی ئازاری ئەمساڵەوە 921 کەس کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی فەلەستین بڵاویکردەوە، لە بۆردومانێکی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، شەش کەس کوژراون.

بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە، کۆی گشتی کوژراوان گەیشتووەتە 50 هەزار و 277 کەس، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 114 هەزار و 95 کەس.

ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر و میسر بەردەوامە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئاگربەست.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەسەڵاتدارانی میسر زانیاری نوێیان لەبارەی تێکشکانی ژێردەریاییەکەی دەریای سورەوە بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکەن، هێشتا چوار گەشتیار لەژێر چاودێری چڕدان.

دوای ئەوەی دوێنێ میدیاکان بڵاویان کردەوە، بەهۆی تێکشکانی ژێردەریایی گەشتیاریی "سندباد" لە دەریای سور لە نزیک شاری غوردقە شەش کەس گیانیان لەدەستدا، لەئێستادا زانیاری ورد لەبارەی سەرنشینەکانەوە بڵاوکراوەتەوە.

عەمرو حەنفی پارێزگاری دەریای سور رایگەیاندووە، ژێردەریاییەکە 50 گەشتیاریی هەڵگرتووە و ماوەی زیاتر لە 40 خولەک گەشتیان کردووە.

باسی لەوەشکردووە، پێنج لە سەرنشینەکان تیمی ژێردەریاییەکە بوون، 45 کەسەکەی دیکەش گەشتیاری جیاواز بوون لە هەریەک لە روسیا و هیندستان و نەرویج و سویدەوە سەردانی میسریان کردبوو.

وتیشی، لە روداوەکەدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە، کە سەرجەمیان روسی بوون، پێنجی دیکەشیان لە ئێستادا لە نەخۆشخانەن کە گرفتی هەناسەدان، یان شکان و برینی جەستەیان هەیە. جگە لەوەش چوار گەشتیاریی دیکە لەژێر چاودێری چڕدان و تەندروستییان ناجێگیرە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەشتیارەکانی دیکە سەرجەمیان گەڕێندراونەتەوە بۆ هۆتێل و تەندروستییان جێگیرە، هیچ کەسێکیش ون نەبووە.

ئەو پارێزگارە ئەوەشی خستووەتە روو، ژێردەریایی سندباد تاکە ژێردەریایی ئەو ناوچەیەیە، کە ماوەی چەند ساڵێکە بە بەردەوامی لەو شوێنەدا کار دەکات و تیمەکەشی بڕوانامەی بڕواپێکراویان هەیە، بۆیە گومانیان لە تیم و کۆمپانیاکە نییە و رابردوویەکی باشیان هەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام لێکۆڵینەوەی تیمەکان بۆ دیاریکردنی هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە و پێویستە بە روونی گرفتەکە دیاری بکرێت، پاشان ئەنجامەکان بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکەن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە پێنج کەس و سێ کۆمپانیای سەر بە حزبوڵڵا خراونەتە بەر سزا، هاوکات پاداشتێکی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو کەسانە دیاری کردووە کە زانیاریان لەسەر ئەم رێکخراوە دەدەنێ.

تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی ئاشکرای کرد، کە ئەمریکا هەوڵی هاوکاریکردنی لوبنان دەدات بۆ رێگریکردن لە چالاکییەکانی حزبوڵڵا. ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوانە کۆنترۆڵکردنی دەستتێوەردانی ئەم رێکخراوە و ئێرانە لە ناوچەکەدا.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەرفراوانی بۆ پێنج کەس و سێ کۆمپانیای پەیوەست بە تۆڕی قاچاخچییەتی نەوت سەپاندووە. ئەم کۆمپانیایانە بە هاوکاریکردن لە زیادکردنی داهاتی حزبوڵڵا تۆمەتبار کراون.

برووس جەختی کردەوە کە ئەم سزایانە بەردەوام دەبن تاوەکوو حزبوڵڵا نەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر هاوڵاتییانی لوبنان. هاوکات وەزارەتەکەی بڕی 10 ملیۆن دۆلار پاداشت بۆ هەر کەسێک دیاری کردووە کە زانیاری پێویست لەسەر ئەم ڕێکخراوە بدات بەوان.

لە هەمان کاتدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە هەماهەنگیی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی فیدراڵی (ئێف بی ئای)، سێ بەرپرسی باڵای وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستووەتە بەر سزا، بە تۆمەتی بەشداربوون لە رفاندن و مردنی ڕۆبەرت لوینسۆن، کارمەندی پێشووی دامەزراوە فیدراڵییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، رایگەیاند کە نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەی تێدا بووە.

عێراقچی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: "نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا بەدەست گەیشت و بە وردی تاوتوێ کرا. نامەکە رەهەندگەلی جیاوازی هەیە و هەڕەشە لە بەشێکیدا هەیە، بەڵام رێگە نادەین کەس بە زمانی هەڕەشە لەگەڵ خەڵکی ئێران قسە بکات."

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە نامەکە هەوڵ دەدات پەنجەرەیەک بۆ دیپلۆماسیەت لە نێوانیاندا بکاتەوە. ئەو وتی: "بە وردی نامەکەمان تاوتوێ کرد و هەڵسەنگاندنمان بۆ لایەنە جیاوازەکانی کرد، بە شێوەیەکی گونجاویش وەڵامی خۆمان بۆ لایەنی ئەمریکی نووسیوە."

عێراقچی باسی لە دۆخی هەستیاری ناوچەکە کرد و گوتی: "لە هەموو سووچێکی ناوچەکەدا ململانێ هەیە." سەبارەت بە هۆکاری وەڵامدانەوەی نامەکە لە رێگەی عومانەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە عومان لە رابردوودا رۆڵی نێوبژیوانی لە دانوستاندنەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی گێڕاوە.

ئەو وتیشی: "ئەزموونێکی باشمان لەگەڵ عومان هەیە؛ متمانەمان بە نیازپاکی عومان هەیە و پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەردوو وڵات هەیە."

پێشتر ئەمریکا نامەکەی لە رێگەی ئیماراتەوە گەیاندبووە دەستی بەرپرسانی ئێران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە مەراسیمی رۆژی قودس، هەڕەشەی وەڵامێکی توندی لە ئەمریکا کرد لە ئەگەری بەردەوامبوونی هەڕەشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی.

ئەم هەڕەشانە هاوکاتە لەگەڵ وەڵامدانەوەی نامەکەی ئەمریکا لەلایەن وڵاتەکەیەوە.

قالیباف رایگەیاند؛ ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر «سەروەریی خاکی ئێران یان بنکە ئەتۆمییەکان»، ئێران هێرش دەکاتە سەر هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەڵیان دەکێشێت لە ئاگر.

ئەو ئاماژەی بەوەدا؛ کە تەنانەت هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە، لە هێرشەکانی ئێران پارێزراو نابن.

قالیباف، نامەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای بە "کەڵەگایی" وەسف کرد و وتی: "هیچ باسێکی گرنگ لە سزاکانی سەر ئێران نەکراوە، بەڵکو خەیاڵی خۆیان خستووەتە روو"

قالیباف، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران لە ژێر "فشار" ناچێتە نێو هیچ دانوستانێکەوە و وتی: "دانوستان لەم بارودۆخەدا خۆبەدەستەوەدانە". 
ئەم وتارە هاوڕایی رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیییە، کە پێشتر پشتگیری لە ستراتیژی "مقاومەت" کردبوو
.

عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوێنێ رایگەیاند کە "وەڵامی نامەی ترەمپ بە شێوەیەکی گونجاو و لە رێگەی عومانەوە دەدرێتەوە".


هەڕەشەکانی ئێران لە کاتێکدا دێت کە هەندێک لە شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەمریکا بەهۆی پەرەسەندنی پێکهاتەکانی ئەتۆمی ئێرانەوە هەوڵی لەناوبردنی رێککەوتنەکانی «JCPOA» دەدات. لە هەمان کاتدا، هەندێک راپۆرتی میدیایی ئاماژەیان بە پلانی ئەمریکاداوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی توانای ئەتۆمی ئێران.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سوریا (ئەنەکەسە) ئەمڕۆ هەڵوێستی خۆی دەربارەی بانگهێشتنامەی بەشداریی لە رێوڕەسمی راگەیاندنی حکوومەتی راگوزەری سوریا ئاشکرا کرد.

لە راگەیەنراوێکدا کە لە رێگەی گوتەبێژی ئەنەکەسە، فەیسەڵ یووسف، بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کرا، کە سەرەڕای وەرگرتنی بانگهێشتنامە، بڕیاریان داوە بەشداری لەو رێوڕەسمەدا نەکەن.

هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە سەرکردایەتی نوێی سوریا هەماهەنگی پێویستی لەگەڵ هێزە کوردییەکان نەکردووە و راوێژیان پێ نەکردوون. ئەنەکەسە جەخت دەکاتەوە کە هێزە سیاسییە کوردییەکان نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی کورد دەکەن و بەرگریکاری راستەقینەن.

ئەو ئەنجوومەنە هیوای خواستووە بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سوریا گرنگی بە مافەکانی کورد بدات، وەک دووەم گەورەترین نەتەوەی ئەو وڵاتە. هاوکات داوای کردووە دان بە مافەکانیاندا بنرێت و بواری بەشداریی لە بونیاتنانەوەی وڵاتدا پێ بدرێت.

سەرچاوەکان ئاماژە دەدەن، کە ئەنەکەسە رونی کردووەتەوە هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی سوریای نوێ سەبارەت بە ئاستی بەشداریی نوێنەرایەتیی کورد و دەستەبەرکردنی مافەکانیان نەکراوە.

رێوڕەسمی راگەیاندنی حکوومەتی راگوزەر بڕیار وایە سبەی شەممە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەر، بەڕێوە بچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غــەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ەوە بەردەوامن و ژمارەی کوژراوانی ئەو هێرشانە تا ئێستا بۆ 50هەزار و 251 کەس بەرزبووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی غەزە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت هاتووە، کە لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 41 هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە. جگە لەوەش تەرمی 2 کەسیتر لە ژێر داروپەردووی ئەو بینایانەدا دەرهێنران کە لە هێرشەکانی پێشوودا وێران بوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 115فەلەستینی لە هێرشەکاندا بریندار بوون.  وەزارەتەکە ڕایگەیاند، لە 18ـی ئازارەوە کە ئیسرائیل ئاگربەستی شکاند، تا ئێستا 896 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 984 کەسیش برینداربوون.


 بەگوێرەی بەیاننامەکە، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 50 هەزار و 251کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 114 هەزار و258کەس.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، لە کاتی پێشوازیکردن لە سەرۆکی لوبنان پشتیوانی خۆی بۆ سەروەری لوبنان دووپات کردەوە.

ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “پشتیوانی خۆمان بۆ سەروەری لوبنان دوپاتدەکەینەوە و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان جێگای قبوڵکردن نییە”.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی فەرەنسا جەختی کردەوە، کە پێشێلکردنی رێکەوتنی ئاگربەست، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، مایەی نیگەرانییە.

لەلای خۆیەوە، جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، ڕەخنەی توندی لە بۆردومانی ئیسرائیل گرت. ناوبراو گوتی: “بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی بەیروت و باشووری لوبنان شتێکی ناڕەوایە”.

عەون داوای لە دۆستانی کرد بە خێرایی هەنگاو بنێن بۆ:
• ڕاگرتنی هێرش و گرژییەکان

• یارمەتیدانی لوبنان

• جێبەجێکردنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆزیف عەون، سەرۆکی لوبنان، ئەمڕۆ هەڵوێستی حکوومەتەکەی دەربارەی دەست پێ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی لی فیگارۆی فەرەنسی، عەون رایگەیاند: "لە ئێستادا گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران دەست پێ ناکەینەوە، بەڵام رەنگە رۆژێک دەست پێبکەینەوە".

سەرۆکی لوبنان جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بە تەواوی پابەندە بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701. هاوکات رەخنەی لە ئیسرائیل گرت و گوتی: "ئیسرائیل رێکەوتنی ئاگربەست پێشێل دەکات، ئەمەش جێگەی داخە."

عەون ئاماژەی بەوەش کرد، کە لوبنان کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیدارن بە، سنوورە وشکانی و دەریاییەکان لەگەڵ سووریا و کێشەی پەنابەرانی سووری لە لوبنان، وتیشی، بوونی پەنابەرانی سوری لە لوبنان تەنیا بارگرانییە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئیرنای ئێران رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە لە رێی وڵاتی عومانەوە بەشێوەیەكی شیاو و لە نامەیەكی رەسمیدا دیدگای خۆیان سەبارەت بە رەوشی ئێستا روونكردووەتەوە و وەڵامی نامەكەی سەرۆكی ئەمریكایان داوەتەوە.

دووپاتیشی كردەوە سیاسەتیان نەگۆڕە و لەژێر هەلومەرجی زۆرترین فشار و هەڕەشەی سەربازیدا، خۆیان لە دانوستانی راستەوخۆ دەپارێزن.

عراقچی نەیشاردەوە، رێی تێدەچێت دانوستانی ناڕاستەوخۆ، وەك ئەوەی لە رابردووشدا هەبووە، بە نێوەندگیری لایەنی سێیەم بەردەوام بێت.

پیشتر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە رێی راوێژكارێكی دیپلۆماسی سەرۆكی ئیماراتەوە نامەیەكی بۆ رێبەری باڵای ئێران نارد و تێیدا جەختی كردەوە لە ئامادەیی واشنتۆن بۆ دانوستان و گەیشتن بە رێكەوتن لەگەڵ ئێران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تورکیا: دەزگای باڵای ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی تورکیا (RTÜK) بڕیاری سەپاندنی سزای قورسی دارایی بەسەر چوار کەناڵی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆندا دا، بە تۆمەتی گواستنەوەی ناڕەزاییەکانی شەقام.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی گواستنەوەی روداوەکانی خۆپیشاندان، کەناڵەکان روبەروی داخستن دەبنەوە.

لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لە كۆتایی لوتكەی پاریسدا رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی توركیا گرت و دەستگیركردنەكانی بە هێرش بۆ سەر دیموكراسی لە قەڵەمدا. هەروەها ماكرۆن ئەو رێكارانەی توركیای بە پێشێلكاری و قبوڵ نەكراو ناوبرد و ئیدانەی كرد.

ئەمە لە کاتێکدایە کە 25بۆ30 ساڵ لەمەوبەر، دەسەڵآتدارانی تورکیا داوای لە ئەوروپا کردبوو چەندین کەناڵی کوردی دابخرێن، و ئێستا هەمان سیناریۆ لە ناوخۆی تورکیا دووبارە دەبێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز نامەیەکی ئاشکرا کرد کە لەم دواییانەدا لە لایەن سێ نێردەی ئەورووپاوە گەیاندرایە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا. لە نامەکەدا لایەنە ئەوروپییەکان هۆشداریان بەرانبەر بەروداوەکانی ئەمدواییەی سوریا داوە و وتویانە، ئەگەر روداوەکان لە کۆنتڕۆڵ دەربچن، رەنگە پشتیوانی نێودەوڵەتیی بۆ سوریا ببێت بە هەڵم. 

لە نامەکەدا داواکراوە، هێزە ئەمنییەکان پاکبکرێنەوە لەو کەسانەی کە بەشداری کۆمەڵکوژییان کردووە لە کەناراوەکانی سوریا. 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا پشتڕاستی کردەوە، کە ئەوەی لە کەناراوەکانی سوریا ڕوویدا کردەوەگەلێکن کە شایەنی پشتگیری نین، داواش لە حکومەت دەکات لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەشێکبوون لەو دەستدرێژییە.

بە پێی ئاژانسی رۆیتەرز گرفتی بەردەم ئیدارەی نوێی سوریا ئەوەیە، پێش هەڵوەشاندنەوەی، حەیعەت تەحریر شام تەنها نزیکەی 20 هەزار چەکداری هەبوو، ئەمەش دەسەڵات ناچار دەکات بۆ زیادکردنی هێزەکانی، پشت بە هەزاران چەکداری دیکە ببەستێت، لەنێویاندا چەکدارانی بیانی و کوتلە توندڕەوەکان.

بەگوێرەی سەرچاوە دبلۆماسییەکان، رەنگە هەر کردەوەیەک لەدژی ئەو چەکدارە توندڕەوانە ببێتە هۆی گەڕانەوەی سوریا بۆ بازنەی توندوتیژی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وشكەساڵیی روی لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا كردووە و دەستەی كشتوكاڵیش رایگەیاند، زیان بە 90٪ی كشتوكاڵ گەیشتووە.

دەستەی كشتوكاڵی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، ئەمساڵ لەو ناوچەكانیان تەنها 100 ملیم باران باریوە، لە كاتێكدا كشتوكاڵی ئەو ناوچەیە پێویستی بە لانیكەم 440 ملیم بارانبارین هەیە لە ساڵێكدا.

بەپێی ئامارەكانی دەستەی كشتوكاڵ، ئەمساڵ روبەری ملیۆنێك و 18 هەزار دۆنم لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا كراوەتە گەنم و 100 هەزار دۆنمیش كراوە بە جۆ و دانەوێڵەكانی دیكە، بەڵام بەهۆی وشكەساڵییەوە زیانی گەورە بە بەروبومە كشتوكاڵییەكان گەیشتووە.

لە ساڵانی رابردوودا زۆرترین بەرهەمی كشتوكاڵی و دانەوێڵە لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا بەرهەم دەهێنرا و شەڕ و وشكەساڵی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان كەم كردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...8889909192...104