کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع کۆتایی هات
هەساو ئەمیر
١٤ی ئایاری ٢٠٢٥
کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع کۆتایی هات و میدیاکان باس لەوە دەکەن، محەمەد بن سەلمان و ئەردۆغانیش بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە.
میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرعی سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا کۆتایی هات و لە کۆبوونەوەکەشدا محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە بەشدار بووە، هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لەرێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە بەشداری کۆبوونەوەکەی کردووە.
بەپێی هەواڵی میدیاکان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئەمنی و ئاسایشی خاکی سوریا کراوە، کە هەریەک لە گروپی تیرۆرستی داعش و ئەو گروپانەی دیکەش دەگرێتەوە ئەمریکا وەک تیرۆرست ناویان دەهێنێت.
جگە لەوەش ترەمپ و شەرع باسیان لە پەرەپێدان و بونیادنانەوەی سوریا کردووە لە رووی ئابوری و بازرگانییەوە.
هەروەها پرسی بەشداریکردنی سوریا لە بەرقەرارکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە بووە.
دوای ئەوەی دوێنێ دۆناڵد ترەمپ بەمەبەستی لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو- ئەمریکا گەیشتە سعودیە، هەوڵەکان بۆئەوەی بە جیا لەگەڵ سەرۆکی کاتیی سوریا کۆببێتەوە دەستیان پێ کرد و دواجار ئەمڕۆ کۆبوونەوەکەیان ئەنجامدا.