رۆژی یەکشەممە گەڕی چوارهەمی دانوستانی ئەتۆمی ئەمریکا و ئێران لە عوممان بەڕێوەدەچێت
محەمەد رزگار
٩ی ئایاری ٢٠٢٥
بڕیارە رۆژی یەکشەممە گەڕی چوارهەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکی تاران بەڕێوەبچێت، ئەمریکاش دەڵێت: دانوستانەکان بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەبێت.
ئاژانسی تەسنیم بە پشت بەستن بە ئەندامێکی وەفدی دانوستانکاری ئێران رایگەیاندووە گەڕی چوارهەمی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن ڕۆژی یەکشەممە لە عوممان بەڕێوە دەچێت.
ئەوەشی خستەڕوو، دانوستانەکان لە مەسقەتی پایتەختی عوممان دەبێت و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دەبێت.
لەلای خۆشیەوە عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا زۆر بەرەوەپێشچوون رۆیشتوە و چاوەڕوان دەکەین لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوو بگەینە ئەنجامێکی باشتر.
هاوکات ستیف ویکتۆف نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوڕاست ئاشکرایکرد، ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ وەفدی ئێران لە عوممان کۆدەبێتەوە، هەروەها کۆبوونەوەکان بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەبێت.