رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بە نێوەندگیریی عوممان ترەمپ خۆبەدەستەوەدانی حوسییەكانی لە بەرانبەر هێرشەكانی ئەمریكا راگەیاند و دەڵێت، حوسییەكان داوایان لە كۆشكی سپی كردووە بۆردومانەكانیان بۆ سەر یەمەن رابگرن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی و لە پەراوێزی كۆبوونەوەی لەگەڵ مارك كارنی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا رایگەیاند، حوسییەكانی یەمەن چیتر نایانەوێت دژی ئەمریكا لە شەڕدا بن، بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە ئەمریكا كردووە هێرشەكانی بۆ سەر یەمەن رابگرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریكا چیتر هێرش ناكاتە سەر حوسییەكان و ئەوانیش بەڵێنیانداوە لەمەودوا، هێرش نەكەنە سەر كەشتییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هاوكات، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزی ئاسمانی وڵاتەكەی بە توندی پێگەی حوسییەكانی لە یەمەن كردووەتە ئامانج، جەختیلەوەشكردەوە، رێگەنادەن حوسییەكان ببنە هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل. .

رۆژی 15 ی ئاداری رابردوو ئەمریكا هەڵمەتێكی فراوانی بۆ بۆردومانكردنی حوسییەكانی لە سەرتاسەری یەمەن دەستپێكرد و بەشێكی زۆر لە سەركردە دیارەكانی ئەو گروپە چەكدارەی كردە ئامانج.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بڵاویکردەوە، حوسییەکان پاپەندبوونە هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییەکان رابگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسرائیل ئاشکرایکرد؛ غەززە بە تەواوی لە ناودەچێت و لەشەش مانگی داهاتووشدا حەماس لە ناوچەکە نامێنێت.

بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند: دانیشتوانی غەززە دەست دەکەن بە "رۆیشتن بۆ وڵاتی سێهەم" دوای ئەوەی گواستراونەتەوە بۆ بەشی باشووری کەرتی غەززە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای شەش مانگ حەماس لە غەززە نامێنێت و من باوەڕم وایە لە ماوەی چەند مانگێکدا دەتوانین بە شێوەیەکی دوور لە دوو دڵی سەرکەوتنی خۆمان رابگەیەنین.

وەزیری دارایی ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو، دواجار هەموو هاوکارییە مرۆییەکان کۆنتڕۆڵ دەکەین بۆ ئەوەی نەبنە پێداویستی بۆ حەماس، ئێمە حەماس لە دانیشتووان جیادەکەینەوە و کەرتەکە پاک دەکەینەوە، بارمتەکانیش دەگەڕێنینەوە و حەماس دەشکێنین.

جێگەی ئاماژەیە لە لێدوانەکانی پێشودا سمۆتریچ رایگەیاندبوو،  ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ناکشێتەوە تەنانەت ئەگەر رێککەوتنێکی دیکە سەبارەت بە بارمتەکان بکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، دواجار کەرتی غەززە داگیر دەکەین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دوای ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان ودانیشتوانی نزیک فرۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن، چەندین هێرشی بۆ سەر فرۆکەخانەکە ئەنجامدا.

ئەمڕۆ میدیاکانی یەمەن ئاشکرایانکرد، ئیسرائیل لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانیەوە چەندین هێرشی توندیان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی سەنعا ئەنجامداوە و لەوانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز پایتەختی یەمەنی هەژاندووە و هەواڵەکان باس لە ئامانجگرتنی وێستگەی کارەبای حەزیز لە باشووری پایتەخت دەکەن، هەروەها هێرشەکان کارگەی چیمەنتۆی عەمرانیشیان کردوەتە ئامانج.

دوای ماوەیەکی کەم، سوپای ئیسرائیل ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە ناوچەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعان بۆ چۆڵکردنی دەستبەجێی ناوچەکە، کە یەکەمجارە ئاگادارکردنەوەی لەو جۆرە سەبارەت بە یەمەن دەرکرێت.

هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکانمان بەسەرکەوتوی ئەنجامدا و فرۆکەخانەی سەنعا بە هۆی هێرشەکانمانەوە بەتەواوەتی پەکی کەوتووە.

دوێنێ دووشەمە، سوپای ئیسرائیل لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیران، چەندین هێرشی ئاسمانی چڕی کردە سەر چەندین شوێن لە یەمەن، وەک وەڵامێک بۆ ئەو موشەکەی کە حوسییەکان لە چواری ئایار ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد و لە نزیک فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەل ئەبیب کەوتە خوارەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

داعش لە رۆژئاوای كوردستان چالاككراوەتەوە و هەسەدەش رایگەیاند، لە دێرەزوور شكستیان بە دوو هێرشی ئەو تیرۆریستانە هێناوە.

هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە ، بۆ رۆژی دووهەم لەسەر یەك ، دوو هێرشی شانە نوستووەكانی داعشیان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی هەسەدە لە هەردوو شارۆچكەی زیبان و شحێل لە دەوروبەری دێرەزوور شكستپێهێناوە .

لە چەند رۆژی رابردووشدا ، هەسەدە دەستگیركردنی تیرۆریستێكی مەترسیداری داعشی لە ئۆپراسیۆنێكدا بە پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ریفی دێرەزوور ڕاگەیاند. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرپرسانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئەکسیۆس رایانگەیاند کە تەلئەبیب سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەفتەی داهاتوو وەک دوا وادە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ دیاری کردووە، هەروەها هۆشداریشیان لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەرفراوان داوە.

ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل پلانێکی پەسەند کردووە تا کەرتی غەززە داگیر بکات و تا کاتێکی نادیار لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا بمێنێتەوە، ئەوەش ئەگەر تا 15ـی ئایار رێککەوتن نەکرێت.

لە راپۆرتەکەی ئەکسیۆسدا هاتووە؛ بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە لێدوانێکدا رونی کردەوە: "بژاردەی دیکەی بەردەستی فەلەستینییەکان ئەوەیە کەرتی غەززە جێ بهێڵن، بەڵام ئەستەمە دانیشتووان لە کەرتەکە بڕۆن، بە تایبەت تا ئێستا هیچ وڵاتێک رازی نەبووە فەلەستینییەکان وەربگرێت؛ بەڵام دانوستان لەگەڵ ژمارەیەک وڵات لەم بارەیەوە لە ئارادایە".

هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێن ئەم پلانە نوێنەرایەتی بژاردەیەکی "ئەتۆمی" دەکات و جەختیان لەوە کردەوە: "پێمان باشە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بگەینە رێککەوتن بۆ ئەوەی خۆمان لە بەکارهێنانی بژاردەی ئەتۆمی بەدوور بگرین".

بەپێی وتەی هەمان ئەو بەرپرسانە، دۆناڵد ترەمپ لە ئێستادا رۆڵی راستەوخۆ لە نێوەندگیریدا ناگێڕێت، ئەمەش بە شێوەیەک گڵۆپی سەوزی بۆ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵکردووە تاکوو بەو شێوەیە مامەڵە بکات کە بە پێویستی دەزانێت.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە بەرپرسانی ئیسرائیل هیوادارن هەڕەشەی لەشکرکێشییەکی بەرفراوان پاڵ بە حەماسەوە بنێت بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان.

بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، ترەمپ سەردانێکی سێ رۆژە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ بکات و بچێتە سعودیە، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی، بەڵام هێشتا دیار نییە ئایا سەردانی ئیسرائیلیش دەکات یان نا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر بەندەری حودەیدەی یەمەن و ناوچەکانی دەوروبەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "ئامانجە تیرۆریستییەکانمان تێکشکاند."

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئامانجە تیرۆریستیەکانی رژێمی تیرۆریستی حوسی لە بەندەری حودەیدە و دەوروبەری لە یەمەن، کە نزیکەی 2000 کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورە".

هەروەها رایگەیاند کە "ژێرخانی حوسییەکانی لە ناوچەی کەناراوی یەمەن کردووەتە ئامانج".

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم هێرشانە "وەڵامێکە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل، کە تێیدا مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان تیادا بەکاردێت".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە: "هێرش کرایە سەر کارگەی چیمەنتۆی باجل لە رۆژهەڵاتی حودەیدە، کە وەک دامەزراوەیەکی ئابووری گرنگ بۆ حوسییەکان بەکاردەهێنرێت و بۆ دروستکردنی تونێل و ژێرخانی سەربازی سەر بە ڕژێمی حوسی کەڵکی لێوەردەگیرێت".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل بڕیاری داوە بەهێزەوە بەردەوام بێت لە کارکردن دژی هەر هەڕەشەیەک لە سەر هاووڵاتیان و دانیشتوانی ئیسرائیل لە هەر مەودایەکدا کە پێویست بکات".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ، لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەی لە کەرتی غەززە پەسەند کرد، هاوکات پلانی راگواستنی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیلدا بڕیار دراوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە کەرتی غەززە فراوانتر بکرێن بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکە.

ئەو پلانەی بە دەنگی زۆرینە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کراوە، تیایدا جەخت لەسەر راگواستنی دانیشتووانی غەززە بەرەو باشوری کەرتەکە کراوەتەوە، هەروەها چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر چەکدارانی حەماس لەخۆ دەگرێت.

بەپێی سەرچاوەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە “ئەم پلانە دەبێتە ئامانجێک بۆ رزگارکردنی بارمتەکان و تێکشکاندنی تەواوەتی حەماس”.

نەتانیاهۆ هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل کار دەکات بۆ سەرخستنی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە راگواستنی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ چەند وڵاتێک گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی پێشوازی لە وەرگرتنی دانیشتوانی غەززە بکەن.

لەلایەکی ترەوە، دەستەی گشتیی میدیای ئیسرائیل (کان) بڵاوی کردووەتەوە کە پلانەکەی ئەنجوومەنی وەزیران هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت و وردەکارییەکانی بە نهێنی پارێزراون.

شایەنی باسە، ئەم بڕیارەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە شەڕی غەززە نزیکەی حەوت مانگە بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و سەدان هەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا راستگۆ بێت لەوەی نەیەوێت ئێران بۆمبی ئەتۆمی هەبێت، ئەوا زۆر پرس چارەسەر دەبن.

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی دوایین قۆناغەکانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا باسی لەوەکرد، چاوەڕێی عومان دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان.

وتیشی، داوا لە فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا دەکەن کە رۆڵی بنیاتنەر لە پڕۆسەی دانوستانەکاندا بگێڕن.

دەشڵێت: هەڵوێستە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر ئیرادە و پرەنسیپە جێگرەکانی ئێمە نابێت.

ئەوەشی خستە روو، "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستووەتە روو و لەو رووەوە جێگیرین. ئەگەر خواستی لایەنە ئەمریکییەکان ئەوە بێت کە ئێران بۆمبی ئەتۆمی نەبێت، پێموایە ئەگەر راستگۆ بن زۆر پرس چارەسەر دەبێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای ساڵی 2018 و کشانەوەی سەربەخۆیانەی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان لەگەڵ ئێران، بۆ یەکەمجار لەمساڵدا ئەو دوو وڵاتە دەستیان بە دانوستان کرد لەسەر پڕۆگرامییە ئەتۆمییەکەی ئێران و تاوەکو ئێستاش دوو گەڕی دانوستانەکان بەڕێوەچوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەسەر تەقینەوەكەی بەندەری رەجائی لە ئێران، دوو كەس دەستگیركران كە یەكێكیان لێپرسراوێكی حكومییە. 

میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، دوو كەس دەستگیركراون لەسەر تەقینەوەكەی بەندەری رەجائی كە 26ی نیسان رویدا، كە یەكێكیان لێپرسراوێكی حكومییە، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بخرێتەڕوو.

پێشتر لێپرسراوانی ئێران هۆكاری تەقینەوەكەیان بۆ كەمتەرخەمی و پابەند نەبوون بە رێكارە ئەمنییەكان گەڕاندەوە، بە تایبەت كە ئەو تەقینەوەیە لە ناوچەیەك بووە كە جموجوڵی بازرگانی زۆری ئێرانی لێدەكرێت و هەروەها نزیك گەرووی هورمز بووە كە پێنج یەكی بەرهەمی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

رۆژی شەممەش، مانگی سوری ئێرانی كۆتاییهاتنی هەڵمەتی گەڕانی لە شوێنی تەقینەوەكە راگەیاند.

بەپێی ئەو ئامارانەی ئێران بڵاویكردووەتەوە، لەو تەقینەوەدا، 57 كەس كوژران و چەند سەرچاوەیەكیش دەڵێن، ئامارەكە زۆر لەوە زیاترە كە بڵاوكراوەتەوە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حوسییەکانی یەمەن، رایانگەیاند کە گەمارۆیەکی ئاسمانی تەواویان خستووەتە سەر ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک بۆ بڕیاری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەزە.

یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکان، لە راگەیاندنێکی ڤیدیۆییدا وتی: "وەک کاردانەوەیەک بۆ زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایدەگەیەنن کە کار دەکەن بۆ سەپاندنی گەمارۆیەکی ئاسمانی تەواو لە رێگەی بە ئامانج گرتنی بەردەوامی فرۆکەخانەکانیەوە.  بە تایبەتی 'فڕۆکەخانەی لۆد' کە بە ئیسرائیلی ناوی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنە."

لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند: "داوا لە هەموو کۆمپانیا فڕۆکەوانیەکانی جیهان دەکەین، لە پاش ئەم راگەیەندراوەوە ئەم بابەتە لە بەرچاو بگرن و  هەموو گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل لە پێناو پاراستنی فڕۆکەکانیان هەڵبوەشێننەوە."

وتەبێژەکە جەختی کردەوە کە "یەمەن رازی نابێت بە بەردەوامبوونی دۆخی دەستدرێژی و خۆ سەپاندنی دوژمن لە رێگەی بە ئامانجگرتنی وڵاتانی عەرەبی وەک لوبنان و سوریا، و دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم ئوممەتە لە روبەروبوونەوە ناترسێت و ملکەچبوون رەتدەکاتەوە."

پێشتر، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کە موشەکێک کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەل ئەبیب کەوتووەتە خوارەوە.

هاوکات؛ رادیۆی سوپا لە سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایگەیاند؛ کە سیستەمەکانی "پاد"ـی ئەمریکی و "حیتس"ـی ئیسرائیلی شکستیان هێنا لە راگرتن و خستنە خوارەوەی مووشەکە یەمەنییەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری بەرگری ئێران وەڵامی هەڕەشەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل دەداتەوە و دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشبکەنە سەر ئێران، ئەوا سەرجەم بەرژەوەندی و سەربازگەکانی ئەو دوو وڵاتە لە هەر شوێنێک بن دەیکەنە ئامانج.

عەزیز نەسڕزادە، وەزیری بەرگری ئێران رایگەیاند، ئەگەر هێرشبکرێتە سەر ئێران یاخود جەنگ بەسەر وڵاتەکەیاندا بسەپێنرێت وەڵامی توندیان دەبێت و بەرژەوەندی و سەربازگەکانی وڵاتانی دوژمنیان دەکەنە ئامانج.

ئەوەشی خستەڕو، هیچ دوژمندارییەکیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیان نییە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا هێرشبکاتە سەر ئێران، سەربازگەی ئەو وڵاتە لە هەر شوێنێک بێت دەیکەنە ئامانج.

وەزیری بەرگری ئێران جەختیلەوەشکردەوە، لە ئەگەری هێرشکردنەسەر ئێران، هیچ بەرژەوەندی و سەربازگەیەکی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە پارێزراو نابن و دەکرێنە ئامانج.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: چالاکیەکانمان دژی حوسییەکان زیاتر دەکەین و بەڵێن دەدات بەچەند قۆناغێک وەڵامیان بداتەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: هەنگاوەکانمان دژی حوسییەکان بەردەوام دەبێت، وەک چۆن پێشتر مامەڵەمان بەرانبەر حوسییەکان کردووە و بەچەند قۆناغێک وەڵامیان دەدەینەوە.

ناتانیاهۆ وتیشی، هێرشی زیاتر لە دژی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجام دەدەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا چالاکییەکان دژی حوسییەکان زیاتر دەبێت.

جێگەی ئاماژەیە دوای ئەوەی موشەکێک لە یەمەنەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کرا و  لە نزیک فڕۆکەخانەی بن گوریون کەوتەخوارەوە، بۆ ماوەیەک هاتوچۆی ئاسمانی راگرت، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەم پەیامەی دژی حوسییەکان بڵاوکردەوە و هەڕەشەی زیاتر دەکات .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەزڵوم کۆبانێ، هاوسەرۆکی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەیامێکدا سەبارەت بە کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، سیاسەتمەدار و ئەندامی وەفدی ئیمراڵی، خەمباری خۆی دەربڕی.

لە پەیامەکەی مەزڵوم کۆبانێ دا هاتووە؛ "بە خەمێکی گەورەوە هەواڵی کۆچی دوایی بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر، سیاسەتمەدار و ئەندامی وەفدی ئیمراڵیمان پێگەیشت."

هاوسەرۆکی هەسەدە جەختی کردووەتەوە کە "ماندووبوون و کار و خەباتی ئەو لە پێناو ئاشتی، چارەسەر و پێکەوەژیانی لە دڵ و بیری گەلاندا جێگەی خۆی گرتووە."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵوم کۆبانێ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێیانی سری سورەیا ئۆندەر و هەروەها پارتی دیموکراتیک (دەم-پارتی) و هەموو ئاشتیخوازان کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەبۆنەی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەرەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت؛ "سڕی سورەیا ئۆندەر تێکۆشەری راستەقینەی ئاشتی بوو".

لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە: "بە کۆچی دوایی برای خۆشەویستم سری سورەیا ئۆندەر، خەمێکی قووڵ چووە دڵمەوە. ئەو مرۆڤێکی زۆر بەنرخ و کوڕی راستەقینەی گەل بوو. نەریتی ئەنادۆڵ و تورکمانی کوڕێکی گەورەی خۆی لەدەستدا، هەموو کۆمەڵگەکانی ناوچەکەمان و گەلەکەمان هاوڕێیەکی گەورەیان لەدەستدا".

لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان ئاماژەی بە دوا دیداری خۆی لەگەڵ ئۆندەر کردوە لە 27ـی شوباتدا و دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەماندا، ئەو دوا رستەی بانگەوازەکەمانی بە دەستی خۆی تۆمارکرد و دەیویست خۆی بیخوێنێتەوە. ئەو کەسێکی ماندوونەناس و کرێکارێکی بێوێنە بوو لە پێناو پێکەوەژیانی ئاشتیانەدا".

رێبەری پەکەکە جەختیشی کردەوە کە ئۆندەر "ئەو تواناییەی هەبوو کە هەموو نەرێنییەکان بگۆڕێت بۆ ئەرێنی. ئەو بە باشی دەیزانی کە پرۆسەی ئاشتی چەندە بە سوودە بۆ هەموو لایەک و ئەمەش گەورەترین خەونی ئەو بوو".

ئۆجەلان لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئەم هیوایە هەرگیز ناکرێت نیوەچڵ بەجێبهێڵدرێت. ئەرکی هەموومانە کە ئەم ڕۆحە بەرەو ئاشتی ببەین و بە ناوی سری سورەییا ئۆندەرەوەی بکەین".

ئەمڕۆ شەممە، 03-05-2025، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات شاندی دەم پارتی بوو بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی، کۆچی دوایی کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی رۆژنامەوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند کە تورکیا  ئاسمانی خۆی لەبەردەم فڕۆکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە بەنیازە لەوێوە بۆ ئازربایجان بروات، ناکاتەوە.

تورکیا لە ماوەیەک بەر لە ئێستاوە، ئاسمانی خۆی بەڕوی فڕۆکە ئیسرائیلییەکاندا داخستووە و بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیاش بەنیاز نییە لە سەردانی نەتەنیاهۆ بۆ ئازەربایجان چاوپۆشی لەکردنەوەی بکات.

بەپێی ئەوەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو بڕیارە نەتەنیاهۆ لە ماوەی نێوان 7 تاکو 11ی ئایاری ئەمساڵ سەردانی ئازەربایجان بکات.

چەندین کەناڵی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لەوە کردبوو کە تورکیا رێگە بە فڕۆکەی نەتەنیاهۆ دەدات کە بە ئاسمانەکەیدا بفڕێت، بەڵام تا ئێستا بێ لەو راگەیەندراوەی نوسینگەی ئەردۆغان حکومەت هیچ لێدوانێکی رەسمی نەبووە.

نووسینگەکە رایگەیاندوە "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەکەن کە ئاسمانی تورکیا بەروی فرۆکەکەی نەتەنیاهۆدا کرابێتەوە دورە لە راستیەوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەو جۆرە نیە". 

هەروەها لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "تورکیا ئاسمانی خۆی بەڕوی فڕۆکە ئیسرائیلییەکاندا داخستووە بەهۆی سیاسەتی جینۆسایدی ئیسرائیل بەرامبەر غەززە و تورکیا بەردەوامدەبێت لە پشتیوانیکردنی دۆزی رەوای گەلی فەلەستین".

لەلایەکی ترەوە، ئۆنجو کیتشیلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە میدیاکانی وت، کە "ئەنقەرە هیچ داواکارییەکی لەو جۆرەی پێ نەگەیشتووە".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی بە بۆنەی کۆچی دوایی، سری سورەیا ئۆندەر پەرلەمانتاری دەمپارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵیەوە پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت؛ پێش دوو مانگ بە دڵێکی پڕ لە هیوا و سیمایەکی سەرڕێژ لە گەشبینییەوە دەیڕوانییە پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی گەلی کورد لە تورکیا و ناوچەکەدا. بە داخەوە مەرگ مەودای بەو دڵە پڕ هیوایە نەدا تا ئەو داهاتووە پرشنگدارەی پێکەوەژیان کە تەمەنێک لەپێناویدا خەباتی کردبوو، بە چاوی خۆی ببینێت.

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:

پێش دوو مانگ بە دڵێکی پڕ لە هیوا و سیمایەکی سەرڕێژ لە گەشبینییەوە دەیڕوانییە پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی گەلی کورد لە تورکیا و ناوچەکەدا. بە داخەوە مەرگ مەودای بەو دڵە پڕ هیوایە نەدا تا ئەو داهاتووە پرشنگدارەی پێکەوەژیان کە تەمەنێک لەپێناویدا خەباتی کردبوو، بە چاوی خۆی ببینێت.

هەواڵی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەمپارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی هەموومانی دڵگران و تازیەبار کرد. لە دڵەوە سەرەخۆشی لە هەڤاڵەکانی لە دەمپارتی و هەموو ئاشتیخوازانی کورد و تورک دەکەم و هیوادارین هەرچی زووترە ئاواتە مەزنەکەی بە هەوڵ و هیممەتی ئاشتیخوازان بێتەدی.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...8990919293...116