لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە ئیمارات بە نهێنێ دەستیكردووە بە نێوەندگیری لە نێوان سوریا و ئیسرائیل بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە و لە ئێستاشدا گفتوگۆكان تایبەتن بە دۆسییە ئەمنییە و هەواڵگرییەكان.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی رابردووەوە، ئیمارات بە نهێنی دەستیكردووە بە نێوەندگیری لە نێوان سوریا و ئیسرائیل بە مەبەستی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە و دروستكردنی متمانە لەنێوانیاندا.

راشیگەیاندووە، لەئێستادا گفتوگۆكانی نێوان سوریا و ئیسرائیل تیشكی خستووەتەسەر دۆسییە ئەمنی و هەواڵگرییەكان.

ئەوەش لە كاتێكدایە، سەرەتای ئەم مانگە سوپای ئیسرائیل ئامانجێكی لەنزیك كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بۆردومانكرد، وەك هۆشدارییەك بۆ ئیدارەی سوریا دژی ئەو هێرشانەی دەكرانە سەر دروزەكان، سەرۆكایەتی كۆماری سوریاش ئیدانەی هێرشەكەی كرد و بە پێشلكاری سەروەریی و یەكپارچەیی وڵاتەكەی ناویبرد.