وەزیری دەرەوەی ئێران پێش خولی چوارەمی دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا سەردانی سعودیە و قەتەر دەكات
٩ی ئایاری ٢٠٢٥
پێش خولی چوارەمی دانوستانەكانیان لەگەڵ ئەمریكا، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سعودیە و قەتەر دەكات.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سەردانی سعودیە و قەتەر دەكات و بەشداری لە كۆنفڕانسی دیالۆگی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی دەكات كە بڕیارە لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ بەرێوەبچێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، سیاسەتی بنچینەیی ئێران بریتییە لە پتەوكردنی بەردەوامی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دراوسێكانی، لەو چوارچێوەیەشدا، عراقچی بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندیەكانیان رۆژی شەممە دەچێتە ریاز و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیە كۆدەبێتەوە، ئێوارەی هەمان رۆژیش بەمەبەستی بەشداریكردن لە دیداری گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی روو لە دەوحە دەكات.
سەردانەكەی عراقچی لە كاتێكدا دێت، بڕیارە رۆژی یەكشەممە خولی چوارەمی دانوستانەكانی تاران و واشنتۆن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی تارانەوە لە عومان بەڕێوەبچێت.