لە هەڕەشەیەکی بێپێشینە و هێرشبەرانەدا، ترەمپ زەنگی هێرشێکی وێرانکەر و کەمەرشکێنی بۆ سەرانسەری ئێران لێدا و دەڵێ؛ ئەمشەو کۆتایی بە پاشماوەی توانای بەرگریی تاران دەهێنن و لە داهاتووشدا بە زەبری هێز دەست بەسەر تەواوی کێڵگە نەوتییەکان و بازاڕی وزەی ئەو وڵاتەدا دەگرن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی بەپەلە و تونددا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئەمشەو هێرشێکی بەهێز دەکاتە سەر ئێران و لە داهاتووشدا کۆنتڕۆڵی کەرتی وزەی ئەو وڵاتە دەکەن.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس بڵاویکردوەتەوە، ئەمریکا ئەمشەو بە توندی لە ئێران دەدات، وڵاتێک کە هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی، رادار، سیستمی دژەفڕین و سەرجەم شێوازەکانی تری بەرگری، لەگەڵ زۆربەی توانای هێرشبەرییەکەی لەناوچوون و نەماون.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە پلانەکانی داهاتووی واشنتۆن کرد رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نێزیکدا، دەست بەسەر دورگەی 'خارک' و بنکەکانی تری ژێرخانی نەوتی ئێراندا دەگرن.
ئەوەشی خستەڕوو، کۆنتڕۆڵی تەواوی بازاڕەکانی نەوت و غازی ئێران دەکەن، رێک هاوشێوەی ئەو کارەی لەگەڵ ڤەنزوێلا کردیان، کە ئەنجامەکەی هەم بۆ ڤەنزوێلا و هەم بۆ ئەمریکا زۆر نایاب و سەرکەوتوو بوو.