دوای 24 رۆژ لە جەنگ، وەزیرانی دەرەوەی پێنج وڵاتی عەرەبی، کە خۆیان زەرەرمەندی جەنگن، هەوڵەکانی هەماهەنگییان بۆ راگرتنی هەر جۆرە پەرەسەندنێک و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە هەنگاوێکی دیپلۆماسی هاوبەشدا، وەزیرانی دەرەوەی پێنج وڵاتی عەرەبی، کە پێکهاتبون لە (قەتەر، سعوودیە، کوەیت، ئیمارات و میسر) راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوای گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە پەیوەندییە چڕەکانی لەگەڵ هاوتاکانی لە وڵاتانی سعوودیە، کوەیت، ئیمارات و میسر، بە وردی باسیان لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی پەرەسەندنی رەوشەکە کردووە.

ئەم کۆبوونەوە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، کە ناوچەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە و بەردەوام هۆشداری دەدرێت لە فراوان بوونی جەنگەکە.

لەکۆتاییدا، وەزیرانی دەرەوەی ئەم پێنج وڵاتە جەختیان لەوە کردەوە کە تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان دوورکەوتنەوەیە لە کردەوەی توندوتیژانە و هانای بردنە بۆ گفتوگۆی سیاسی.