دۆناڵد ترەمپ: گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی 15 خاڵی و راگرتنی جەنگ بەردەوامن
ساکۆ
٢٣ی ئازاری ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشکەوتنێکی بەرچاو لە گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران بەدەستهاتووە و ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کۆشنەر ڕاوێژکاری سەرۆک، لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی 15 خاڵی و راگرتنی جەنگ لە پەیوەندیدان.
وتیشی، ئێرانییەکان خۆیان دەسپێشخەرییان کردووە و دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن، هەر بۆیە فەرمانی کردووە بۆ ماوەی پێنج رۆژ هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران دوابخرێن، تاوەکو دەرفەت بە دانوستانەکان بدرێت، پێشدەچێت هەر ئەمڕۆ لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان هەردوولا ئەنجامبدرێت.
ئەوەشی روونکردەوە، ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای دەستبەرداربوونی تاران لە چەکی ئەتۆمی و یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو بنیات دەنرێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەکی ئەرێنی بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە و دابەزینی نرخی نەوت لەڕێگەی کردنەوەی خێرای گەروی هورمزەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، فۆرمی گۆڕانکارییەکان لە دەسەڵاتی ئێراندا جددی دەبێت و دەکرێت هاوشێوەی ڤەنزوێلا سەرکردەیەکی دیکە بدۆزنەوە بۆ وڵاتەکە، چونکە ئامانجی سەرەکی ئەوان رێگریکردنە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی درێژخایەن و گەرەنتیکراوە بۆ ئیسرائیل و هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.



