ناتانیاهۆ بۆ ئەوروپا: کاتی ئەوە هاتووە بە تەواوی بەشداری جەنگی دژ بە ئێران بکەن
محەمەد رزگار
٢٢ی ئازاری ٢٠٢٦
ناتانیاهۆ داوا لە ئەوروپا دەکات بچێتە نێو جەنگی دژ بە ئێران و هۆشداریی داخستنی گەرووی هورمز دەدات.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوایەکی بەپەلە ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپا دەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لە جەنگی دژ بە تاران بکەن، ئەم داوایەی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەوروپا تا ئێستا دوودڵن لە تێوەگلان لەو ململانێیە و یەکێتیی ئەوروپاش داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ دەکات.
ناتانیاهۆ لە کاتی بەسەرکردنەوەی ناوچەی "عاراد" لە باشوری ئیسرائیل، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ موشەکێکی ئێرانی لێکەوتە خوارەوە، رایگەیاند: "داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە و سەلماندنی ئەوەی کە تاران خاوەنی موشەکی وایە دەگاتە قووڵایی ئەوروپا، مانای ئەوەیە کە کاتی ئەوە هاتووە سەرجەم هاوپەیمانەکانمان بە تەواوی بچنە نێو ئەم جەنگەوە."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەکردەوە، هەڕەشەکانی ئێران تەنها مەترسی نین بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا، بەڵکو ئێستا ئاسایشی پایتەختە ئەوروپییەکانیشی خستووەتە مەترسییەکی راستەوخۆوە.



