سوپای ئیسرائیل: موشەکە بالیستییەکانی ئێران گەیشتوونەتە "دیێگۆ گارسیا" و پایتەختەکانی ئەوروپا لە مەترسیدان
محەمەد رزگار
٢٢ی ئازاری ٢٠٢٦
هێرشە موشەکییەکەی تاران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە زەریای هیندی مەترسییەکانی بۆ سەر ئاسایشی پایتەختە گرنگەکانی ئەوروپا زیاتر کردووە.
ئەیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیا لە دوورگەی "دیێگۆ گارسیا"، سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە ئێستا پایتەختە ئەوروپییەکانی وەک بەرلین، پاریس و رۆما کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی راستەوخۆی موشەکەکانی تاران.
ئاشکرایکرد، ئێران موشەکێکی بالیستیی "کیشوڕبڕ"ی دوو قۆناغی بە مەودای چوار هەزار کیلۆمەتر ئاراستەی ئامانجێکی ئەمریکی کردووە، ئەمەش نیشان دەدات کە ئەو موشەکانە تەنها بۆ ئیسرائیل دروست نەکراون، بەڵکو مەوداکەیان هەموو ئەوروپا دەگرێتەوە.
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، دوای سێ هەفتە لە جەنگ، ئێران لاواز بووە و ئیسرائیل نیوەی رێگەی بڕیوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، زامیر باسی لەوەکرد، تێکشکاندنی ئێران بە واتای لاوازکردنی حزبوڵای لوبنان دێت و سوپای وڵاتەکەشی لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک لە سنورەکانی باکور و پاراستنی ناوچە مەدەنییەکان.



