پۆلیسی هاتووچۆی سعودیە رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، پاسێکی گواستنەوەی عومرەکاران لەگەڵ بارهەڵگرێکی سوتەمەنیدا لە نزیک شاری مەدینە پێکیدا داوە. هاوکات، پۆلیسی هیندستان گیانلەدەستدانی 45 هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە رووداوەکەدا پشتڕاستکردەوە.

پۆلیسی هیندستان رایگەیاند، پاسەکە عومرەکاری هیندی هەڵگرتبوو کە لە رووداوێکی دڵتەزێندا 45 سەرنشینی گیانیان لەدەستداوە.

ڤی. سی. ساگانار، کۆمسیاری گشتیی پۆلیسی حەیدەر ئاباد—کە زۆربەی قوربانییەکان خەڵکی ئەو شارەن— رایگەیاند: "رووداوی پاسە دڵتەزێنەکەی عەمرەکارە هیندییەکان لە سعودیە زۆر ئازاربەخشە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، 46 کەس لەناو پاسەکەدا بوون و بەداخەوە تەنها یەک کەس رزگاری بووە."

ناریندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی قوربانیان کرد و دووپاتیکردەوە کە باڵیۆزخانەی هیندستان لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە لە هەماهەنگیی بەردەوامدایە.

مۆدی لەسەر تۆڕی "ئێکس" نوسیویەتی: "زۆر دڵگرانم بەو رووداوەی لە مەدینە روویدا و هاووڵاتیانی هیندیی تێدا بوونە قوربانی. پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی ئەو خێزانانە دەکەم کە ئازیزانیان لەدەستداوە. هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازم. باڵیۆزخانەکەمان لە ریاز و کونسوڵخانەکەمان لە جەدە هەموو هاوکارییەکی پێویست پێشکەش دەکەن."