ئەردۆغان هێرشی توند دەکاتە سەر جەهەپە: ئێوە تۆمەتبارن
راهۆز
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، هێرشێکی توندی کردە سەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و رایگەیاند کە تۆمەتباری سەرەکی لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا شارەوانەکانیانن. هاوکات باسی لە دەستکەوتە ئابورییەکانی وڵاتەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە رێژەی بێکاری بۆ 8.5% دابەزیوە.
لە پاش ئەوەی کە دوێنێ ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڤیدیۆیەکی نماییشکردبوو بە ناونیشانی "مەزڵومی دوێنێ، زالمی ئەمڕۆ".
سەرۆک کۆماری تورکیا هێرشی کردە سەریو بە دوڕوو فێڵباز ناوی بردن، هاوکات ئاماژەی بە کاری حزبەکەی خۆیکرد و وتی؛ بەپێی ئامارەکانی چارەکی سێهەمی ساڵی 2025، رێژەی بێکاری بۆ 8.5% دابەزیوە و ماوەی 29 مانگە رێژەکە لە یەک خانەدا (خوار 10%) ماوەتەوە. وتیشی، "ئێمە ئەنجامەکانی بەرنامە ئابورییەکەمان وەردەگرین. ئەم سەرکەوتنانەمان سەرەڕای ململانێ گەرمەکانی ناوچەکە و جەنگی بازرگانی بەدەستهێناوە."
ئەردۆغان بە توندی هێرشی کردە سەر جەهەپە و وتی: "لەکاتێکدا سەرۆکی جەهەپە و هاوڕێکانی تەنها درۆ و ململانێ بەرهەمدەهێنن، ئێمە رۆژانە 550 یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ دروست دەکەین. لەکاتێکدا ئێمە وەک دەسەڵات و هاوپەیمانێتی خەریکی خزمەتکردنی وڵاتین، ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی بەدوای حەز و ئارەزووەکانی خۆیدا دەگەڕێت."
وتیشی: "دوێنێ سەیرم کرد، دیسان لاسایی ئێمەیان کردۆتەوە. لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیاندا ڤیدیۆیەکیان نمایش کردووە. بێگومان کاتێک یەک بەرهەم و خزمەتگوزارییان نییە، تەنها دۆسیەی گەندەڵییان بەدەستەوە دەمێنێت. ئەگەر لەسەر ئەمە بڕۆن، هیچ کێشەیەکیان لە دۆزینەوەی کەرەستە بۆ دروستکردنی ڤیدیۆ نابێت. لە قوتوی بەقلاوەوە تا بورجی پارە، بەشی چەندین ساڵیان کەرەستە لایە."
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە جەهەپە هەوڵدەدات بە زۆر ئاکپارتی تێوەبگلێنێت لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا و وتی: "بەڕێز ئۆزێل با ئەوە لەبیر نەکات، ئێمە نە لایەنی شەڕی ناوخۆیی ناو پارتەکەیانین و نە لایەنی ئەم دۆسیەیەین کە پڕە لە تۆمەتی شەرمهێنەر."
ئەردۆغان بە تووندی وتی: "ئەم حیسابە بە فێڵبازیی سیاسی و شاردنەوەی تاوان داناخرێت. تۆمەتباری یەکەمی ئەم دۆسیەیە شارەوانەکەتان یان شارەوانەکانتانن. سکاڵاکار و دانپێدانەرانی ئەم دۆسیەیەش هەر پیاوی خۆتانن. ئێمە لە هیچ شوێنێکی ئەم دۆسیەیەدا نین و نەبووین."
لە کۆتاییدا وتی، "ئێمە لەگەڵ گەلەکەماندا دەبینین کە چۆن هەوڵی سیاسییکردن و شلکردنەوەی ئەم دۆسیەیە دەدەن. هێرشکردنە سەر ئەندامانی دەسەڵاتی دادوەری کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە."
ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت کە دوێنێ ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڤیدیۆیەکی نماییشکردبوو بە ناونیشانی "مەزڵومی دوێنێ، زالمی ئەمڕۆ".



