ئیسرائیل ژمارەیەک تەرمی فەلەستینی رادەستی غەززە کردووە و لەبەرانبەردا حەماس چوار تەرمی رادەستی ئیسرائیل کردەووە.
لێپرسراوانی تەندروستی لە غەززە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، یەکەم کاروانی تەرمی فەلەستینییەکان کە لە کاتی شەڕدا کوژراون لەلایەن ئیسرایلەوە رادەستکرانەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوو، تەرمەکان گەیشتوونەتە کۆمەڵگەی پزیشکی نەسڕ لە خان یونسی باشوری غەززە و ژمارەیان 45 تەرمە.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، ئیسرائیل هێشتا سەدان تەرمی فەلەستینییە کوژراوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی بەدەستەوەیە و لە نێویاندا تەرمی ئەو چەکدارانەی بەشدارییان لە هێرشەکە و شەڕی دواتردا کردووە.
دوێنێ ئیسرائیل رایگەیاند، هەر 20 بارمتە زیندووەکەی وەرگرتووە، لە کاتێکدا ئەمڕۆ ئاماژەی بەوەکرد، چوار تەرمیان دەستنیشانکراویان لە حەماسەوە وەرگرتووەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، لە بەرانبەردا ئیسرائیل ژمارەیەک بەندکراوی فەلەستینی ئازادکرد، کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنرابوو کە دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستگیرکرابوون.
دوابەدوای گرژییە سەرەتاییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەسەر گەڕانەوەی تەرمی بارمتە کوژراوەکان، رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل ئەمڕۆی بۆ حەماس دیاریکردووە، کەناڵی 13ی ئیسرائیلییش رایگەیاند؛ لە کاردانەوە رادەستنەکردنی تەرمەکان، ئیسرائیل بریاردا بە نەکردنەوەی دەروازەی رەفەح و کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە، کەناڵی 13ی ئیسرائیلی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان بڵاویکردوەتەوە، ناتانیاهۆ فەرمانیداوە بە هێزە ئەمنییەکان بە کەمکردنەوەی رێگەدان بە چوونی هاوکارییەکان و نەکردنەوەی دەروازەی رەفح.
رادەستکردنی تەرمی 28 بارمتە کوژراوەکە بەشێک بوو لەو رێککەوتنەی کە بووە هۆی ئاگربەست لە غەززە، بەڵام تا ئێستا تەنها چوار تەرم رادەست کراون و ئیسرائیلیش حەماس بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکات.
دوای ئەوەی دوێنێ حەماس چوار تەرمی رادەستی خاچی سور کرد، بە گوێرەی زانیارییەکان 24 ترەمی لابوە، وڵاتانی ناوبژیوان پێیان وایە حەماس لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی هەموو تەرمەکان، بەڵام تۆڕی کان بڵاویکردەوە، حکومەتی ئیسرائیل پێی وایە ئەو گروپە بە مەبەست هەندێکیان رادەگرن.
لای خۆیەوە ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداریدا بوو لەوەی رادەستنەکردنی تەرمەکان "پێشێلکردنی رێککەوتنەکە" دەبێت و دەرئەنجامەکانی لە ئەستۆی حەماسە، لە وەڵامدا حەماس رایگەیاند، پابەندە بە ئاگربەستەوە.
کۆمەڵەی بارمتەکان و خێزانی ونبووانی ئیسرائیل رایگەیاندووە؛ کە دەبێت وەڵامی ئەوە بدرێتەوە بۆچی تا ئێستا حەماس تەرمی بارمتەکانی رادەست نەکردوە و حکمەتی ئیسرئیلیش خەمساردە لەو پرسە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ میدیاکانی فەلەستین بڵاویان کردەوە سوپای ئیسرائیل 45 ترەمی فەلەستینیان رادەستی خاچی سورکردوە و گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی خان یونس
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەو درۆیە هەڵخەڵەتێندراوە کە گوایە؛ "پرۆگرامی ئەتۆمیی ئاشتییانەی ئێران لە بەهاری ئەمساڵدا لەسەر لێواری چەکداربوون بووە"، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەک نییە ئەمە پشت راستبکاتەوە.
عراقچی بە جەختەوە وتی؛ ترەمپ ناتوانێت لە یەک کاتدا سەرۆکی ئاشتی و سەرۆکی جەنگ بێت.
عراقچی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "زیاتر لە جاران رونە کە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (ترەمپ) خراپ بە درۆیەکی ساختە هەڵخەڵەتێنراوە کە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئاشتییانەی ئێران لە بەهاری ئەمساڵدا لەسەر لێواری چەکداربوون بووە. ئەمە بە سادەیی درۆیەکی گەورەیە و دەبوو ئاگادار کرابا کە هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەوە نییە، وەک چۆن دەزگا هەواڵگرییەکانی خۆیشی پشتڕاستیان کردووەتەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەدا کە "ترەمپ بەڵێنی بە ئەمریکییەکان و جیهان دا کە کۆتایی بە فێڵبازیی زنجیرەیی ئیسرائیل لە سەرۆکەکانی ئەمریکا دەهێنێت؛ ئەوەی کە سوپای ئەمریکا چیتر ناگلێنرێتە ناو جەنگە بێ کۆتاییەکان کە لەلایەن شەڕخوازانەوە پیلانی بۆ دادەندرێت، ئەوانەی بۆ چەندین ساڵ دیپلۆماسییەتی ئەتۆمیی ئەمریکایان لەگەڵ ئێران تێکداوە."
عراقچی راستەوخۆ روی قسەی لە ترەمپ کرد و وتی: "بەڕێز سەرۆک، گەورەترین زۆرداری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمان ئەو لایەنە مشەخۆرەیە کە ماوەیەکی زۆرە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆری لێدەکات و دەیدۆشێت."
عراقچی رایگەیاند: "کەس ناتوانێت خۆی بە سەرۆکی ئاشتی بناسێنێت لە کاتێکدا جەنگە بێ کۆتاییەکان دەوروژێنێت و لەگەڵ تاوانبارانی جەنگ هاوپەیمانە. بەڕێز ترەمپ یان دەتوانێت سەرۆکی ئاشتی بێت یان سەرۆکی جەنگ، بەڵام ناتوانێت لە یەک کاتدا هەردووکیان بێت."
لە ناوەراستی بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، داوای لە هەسەدە کرد کە تێکەڵ بە سوپای سوریا ببن.
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە کاتی گەڕانەوەی لە شەرم شێخ، ئەمڕۆ سێشەممە، ئەردۆغان رایگەیاند، تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ دیمەشق، هەنگاوەکانی گەشەپێدان لە وڵاتەکەدا خێراتر دەکات.
سەرۆکی تورکیا وتی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاگادار دەکەینەوە لە بەردەوامبوون لەسەر رێگا هەڵەکان، و داوایان لێدەکەین کە پشتگیری لە یەکێتی و یەکپارچەیی سوریا بکەن."
هەروەها هیواشی خواست کە "هەسەدە هەڵوێستێک بگرێتەبەر کە ببێتە هۆی یەکێتیی خاکی سوریا و داهاتوویەکی گەشاوە بۆ وڵاتەکە."
ئەردۆغان دووپاتیشی کردەوە کە پەیوەندییەکی گشتگیر و بەردەوام لەگەڵ حکومەتی سوریا لەسەر هەموو ئاست و بوارەکاندا بەڕێوەدەچێت. وتیشی: "ئێمە سورین لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نزیک بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی سوریا و ناوچەکە."
لە رۆژانی رابردوودا چەندین کۆبوونەوە لە نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریادا بەڕێوەچوو، بە ئامانجی تاوتوێکردنی تێکەڵکردنی ئەو هێزانە لە سوپا و دەزگا ئەمنییە رەسمییەکاندا. هەروەها هەردوو لا رێگاکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری رابردوویان تاوتوێ کرد، کە لە نێوان سەرۆکی سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی قەسەدە، واژۆ کرابوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، رەخنەی توندی لە بانگەوازی دۆناڵد ترەمپ بۆ گفتوگۆ گرت و واشنتنی بە "رەفتاری دوژمنکارانە و تاوانبارانە" تۆمەتبار کرد. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ترەمپ لەبەردەم کنێست رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی حوزەیران، شانبەشانی ئیسرائیل، دەستی کرد بە بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئەمەش دوای پێنج گەڕی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئەتۆمی لەگەڵ تاران کە بەهۆی کێشەکانی وەک پیتاندنی یۆرانیۆمەوە وەستابوو.
وڵاتانی رۆژاوا ئێران تۆمەتبار دەکەن بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام تاران ئەمە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی مەدەنییە.
رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکدا لەبەردەم کۆنگرێس دووپاتی کردەوە کە خوازیاری رێککەوتنێکی ئاشتییە لەگەڵ تاران، ئەوەش دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەمساڵدا شانبەشانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند ناوەندێکی ئەتۆمی لە ئێران.
ترەمپ وتی: "زۆر نایاب دەبێت ئەگەر بگەینە رێککەوتنێکی ئاشتی"، هەروەها وتیشی"ئەمە دڵخۆشتان ناکات؟ ئایا ئەمە جوان نابێت. پێم وایە ئەوانیش ئەوەیان دەوێت."
ناوبراو بەردەوام بوو: "ئێمە ئامادەین کاتێک ئێوە ئامادەبن" بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
وتیشی: "ئەگەر ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بووایە، ئەوا وڵاتانی عەرەبی بەو رێککەوتنەی ئێستامان قایل نەدەبوون."
ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، بەڵگەنامەی کۆتاییهێنانی شەڕی کەرتی غەززەیان لە لووتکەی ئاشتی شەرم شێخ ئیمزا کرد.
دوای رێوڕەسمی واژۆکردنی بەڵگەنامەکە، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی بەدەست هاتووە کارێکی نایابە و سوپاسی سەرجەم سەرکردە بەشداربووەکانی لووتکەکەی کرد. هەروەها دووپاتیکردەوە کە پێش کاندیدبوونیشی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، گرنگیی ئەم رێککەوتنەی دەزانی.
رێوڕەسمی ئیمزاکردنی بەڵگەنامەی رێککەوتنی غەززە لە میانەی دانیشتنی کردنەوەی لووتکەکەدا بەڕێوەچوو، کە بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی سیسی و ترەمپ و بە ئامادەبوونی سەرکردە و بەرپرسانی زیاتر لە 31 وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.
ئەم ئیمزاکردنە وەک کۆتاییهاتنی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان دادەنرێت کە لەلایەن میسر و ئەمریکاوە بۆ راگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە و کردنەوەی رێگایەکی نوێ بەرەو ئاشتی و سەقامگیری لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستیپێکردبوو.
پێشبینی دەکرێت ئەم بەڵگەنامەیە میکانیزمەکانی جێگیرکردنی ئاگربەست، دڵنیابوون لە بەردەوامیی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان و دەستپێکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی گشتگیری کەرتی غەززە دیاری بکات.
شەرم شێخ، گەورەترین شاری پارێزگای سینای باشورە لە میسر، خاوەنی شوێنێکی ستراتیژی ناوازەیە، کە دەکەوێتە نێوان چیاکانی نیمچە دوورگەی سینا و ئاوەکانی دەریای سور. ئەم شارە گەشتیارییە ناسراوە بە بوونی کەناراوێکی زەردی درێژ کە چەندین هۆتێل و ناوەندی غەواس و یاریگای گۆڵفی لەسەر دروستکراوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە بەناوبانگترین شارە گەشتیارییەکانی میسر.
لە شەڕی نسکۆی ساڵی 1967دا ئیسرائیل داگیری کرد و کۆمەڵگەیەکی بچوکی تێدا دروستکرد، بەڵام لە ساڵی 1982 میسر وەریگرتەوە و گرنگییەکی تایبەتی پێدا. شەرم شێخ میوانداری چەندین گەڕی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکانی کردووە و چەندین رێککەوتنیشی لە نێوان هەردوو لادا بەخۆوە بینیوە.
شوێن و کەشوهەوا:
شاری شەرم شێخ لە پارێزگای سینای باشور لە کۆماری میسری عەرەبیدا هەڵکەوتووە، بە دیاریکراوی لە نێوان چیاکانی نیمچە دوورگەی سینا و ئاوەکانی دەریای سور، لە خاڵی یەکگرتنەوەی کەنداوەکانی عەقەبە و سوێس. بەهۆی نزیکیی لە بیابانی سیناوە، کەشوهەوایەکی بیابانی هەیە و بارانبارینی کەمە، تێکڕای بارانبارین نزیکەی 4 ملم و تێکڕای پلەی گەرمای ساڵانە 23 پلەی سەدییە.
رووبەر و دانیشتوان:
روبەری شاری شەرم شێخ نزیکەی 480 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بە گەورەترین شاری پارێزگای سینای باشوور دادەنرێت. ژمارەی دانیشتوانی شەرم شێخ لە ساڵی 2024دا نزیکەی 28 هەزار کەس بووە، بەپێی دەزگای ناوەندیی ئامار و سەرژمێریی میسری.
ناونیشان:
چەندین گێڕانەوە هەیە سەبارەت بە هۆکاری ناونانی شارەکە بەم ناوە. وشەی "شەرم" لە زمانی عەرەبیدا بە واتای کەنداو یان گەرووی بچووک دێت، کە شێوە جوگرافییەکەی شارەکە دەردەخات. بەشی دووەمی ناوەکە "شێخ"، دەگەڕێتەوە بۆ شێخی هۆزێکی بێدەو کە لە سەردەمە کۆنەکاندا تێیدا نیشتەجێ بووە. گێڕانەوەیەکی دیکەش دەڵێت وشەی "شەرم" لە بنەڕەتدا عیبرییە و بە واتای درز لە شاخدا دێت.
مێژوو:
سەرچاوە مێژووییەکان دەریدەخەن کە شارەکە بیابانێکی وشک بووە و تەنها ژمارەیەکی کەم لە بەدەوییەکان تێیدا دەژیان. لە شەڕی حوزەیرانی 1967دا ئیسرائیل شارەکەی داگیرکرد و نیشتەجێگەی "عۆفێرا"ی تێدا دروستکرد و وەک بنکەی هێزی ئاسمانی خۆی بەکاری هێنا. ئیسرائیل گرنگییەکی زۆری بە شەرم شێخ دا بەهۆی سروشتە جوانەکەی و هەڵکەوتنەکەی لەسەر کەناراوەکانی دەریای سور. داگیرکاریی ئیسرائیل تا 21ی نیسانی 1982 لە شەرم شێخ بەردەوام بوو، بەپێی پەیماننامەی کامپ دەیڤد کە لە ساڵی 1979 لە نێوان میسر و ئیسرائیلدا واژۆکرا.
دوای گەڕاندنەوەی تەواوی سینا، حکومەتی میسر پلانێکی بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری لە وڵاتدا بە گشتی و لە سینای باشور بە تایبەتی دانا، شەرم شێخ یەکێک بوو لە گرنگترین شارەکانی ناوەڕاستی پلانەکە بەهۆی دەوڵەمەندیی سروشتییەوە. لەو کاتەوە شارەکە بە خێرایی گەشەی کرد و بووە یەکێک لە بەناوبانگترین شارە گەشتیارییەکانی میسر و جیهان، و بە یەکێک لە جوانترین شارەکانی جیهان پۆلێن دەکرێت.
شەرم شێخ بەهۆی گۆڕانکارییەکانی لە ژێر کاریگەری سیستەمە مۆدێرنەکانی بیناسازی، کات بەسەربردن و خزمەتگوزاری هۆتێلیدا، توانی خەڵاتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و کلتوور (یونسکۆ) بەدەستبهێنێت، وەک یەکێک لە پێنج باشترین شاری ئاشتی لە جیهاندا لە نێو 400 شاردا هەڵبژێردرا.
ئابووری:
گەشتیاری لە شاری شەرم شێخدا سەرچاوەیەکی گرنگی دراوی بیانییە بۆ گەنجینەی میسر. بەهۆی تواناکانی سروشتییەوە، نازناوی "ریڤێرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی" لێنراوە و خەڵاتی شارەکانی ئاشتی بۆ ساڵانی 2000 و 2001 بەدەستهێناوە. لە تەممووزی 2004، رۆژنامەی "سەندەی تایمز"ی بەریتانی ئامارێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا باشترین 15 شاری گەشتیاری لە جیهاندا پۆلێن کرابوو، شەرم شێخ پلەی چوارەمی بەدەستهێنا.
شوێنە دیارەکان:
شاری شەرم شێخ چەندین شوێنی مێژوویی و گەشتیاری دیاری تێدایە، کە گرنگترینیان بریتین لە:
سیسی ستایشی ترەمپ دەکات: ئەو تاکە کەسە دەتوانێت ئاشتی بێنێتە دی
سیسی، سەرۆکی میسر، ستایشی ترەمپی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی غەززە و بە "دەستکەوتێکی گەورە" ناوی برد، رایگەیاند ترەمپ تاکە سەرکردەیە کە دەتوانێت ئاشتی لە ناوچەکەدا بێنێتە دی.
هاوکات ترەمپیش رۆڵی سیسی لە پرۆسەی ئاشتیدا بە "زۆر گرنگ" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا حەماس رێز لە میسر دەگرێت.
لێدوانەکانی ترەمپ لە میسر:
ترەمپ رایگەیاند: "بە قۆناغێکی زۆر نایابدا تێدەپەڕین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سیسی رۆڵێکی زۆر گرنگی بینی لە پڕۆسەی ئاشتیدا، چونکە حەماس رێز لە میسر دەگرێت."
سەبارەت بە ئێران، ترەمپ وتی: "ئێران زەبرێکی زۆر سەختی بەرکەوتووە و پێویستی بە یارمەتییە و پەیوەست دەبێت (بە رێککەوتنەکە). ئێران ناتوانێت لە ژێر گەمارۆکاندا بەردەوام بێت و پێم وایە ئەوان دەیانەوێت رێککەوتنێک ئەنجام بدەن."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشبینی دەکەین پێشکەوتنێکی زۆر گەورە و بەرچاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینین" و جەختی لەوە کردەوە کە "گفتوگۆکانی قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکەی غەززە دەستیان پێکردووە."
لێدوانەکانی سیسی:
سیسی، سەرۆکی میسر، ستایشی ترەمپی کرد و وتی: "بەڕێز سەرۆک کارێکی نایابت ئەنجامدا." هەروەها رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ تاکە کەسە کە دەتوانێت رێککەوتنەکەی غەززە ئەنجام بدات و ئاشتی لە ناوچەکەماندا بەدی بهێنێت."
سیسی داوای کرد: "پێویستە پاشماوەی تەرمەکان بە زووترین کات رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە و هاوکارییەکان بگەیەنرێن و قۆناغەکانی دیکەی رێککەوتنەکە تەواو بکرێن."
ترەمپیش دووپاتی کردەوە کە "سیسی رۆڵێکی زۆر گرنگی لەگەڵ حەماسدا بینیوە و حەماس رێز لە میسر دەگرێت."
ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای سەردانێکی چەند کاتژمێری بۆ ئیسرائیل، گەیشتە شاری شەرم شێخی میسر بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ئاشتی شەرم شێخ.
فڕۆکەی ترەمپ لە چوونەژوورەوەی بۆ ئاسمانی میسر تاوەکو نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شەرم شێخ، لەلایەن ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی میسرییەوە یاوەریکرا، ئەوەش وەک پێشوازییەک لە سەردانەکەی ترەمپ و وەک رێزێک بۆ رۆڵی لە راگرتنی شەڕی غەززە.
لوتکەی ئاشتی بە سەرپەرشتی میسر و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت:
لوتکەی ئاشتی شەرم شێخ یان "لوتکەی نێودەوڵەتیی ئاشتی"، بە سەرپەرشتی هاوبەشی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەڕێوەدەچێت. ئامانجی لووتکەکە ئیمزاکردنی پلانێکی گشتگیرە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی زیاتر لە دوو ساڵەی غەززە، لەگەڵ تیشک خستنە سەر دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی هەرێمی، ئاوەدانکردنەوەی غەززە و دڵنیابوون لە سەقامگیریی ئاسایش و سیاسی لە ناوچەکەدا.
پلانی ترەمپ بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە، 20 خاڵ لەخۆدەگرێت، کە بە راگرتنی هەمیشەیی شەڕ، ئازادکردنی سەرجەم دیلەکان، ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەستپێدەکات، و تاوەکو دەگاتە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر سەقامگیریی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەشداربووان و خەڵاتکردنی ترەمپ لە میسر:
لە لووتکەکەدا سەرکردە و نوێنەرانی زیاتر لە 30 وڵات و رێکخراوی هەرێمی و جیهانی بەشدارن، لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ وڵاتانی وەک (فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، قەتەر، ئوردن، کوەیت، بەحرەین، ئیمارات، تورکیا و پاکستان).
سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاندووە کە سیسی بڕیاری داوە "قەڵادەی نیل" –کە بەرزترین خەڵاتی فەرمیی میسرە– پێشکەش بە ترەمپ بکات، ئەوەش وەک رێزێک بۆ رۆڵی دیاری لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاشتی، نەهێشتنی ململانێکان، و دوایین رۆڵی سەرەکیی لە راگرتنی شەڕی غەززە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارەکانیدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند؛هیچ کەسێکی نەبینیوە وەک سەرۆکی ئەمریکا، بەو خێرایی و یەکلاکەرەوانە گۆڕانکاریی لە جیهاندا بکات، جەختیشی کردەوە بە هۆی هاوکارییەکانی ئەمریکا و سوپای وڵاتەکەیەوە گەشتون بەم رۆژە مێژووییە.
لەبارەی روداوەکانی ڕابردوە شەوە وتی؛ هەموو سەرکردەکانی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر کوژران، لە نێویاندا سینوەر و هانیە، ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەدا کە دوو ساڵی رابردوو ساڵانی شەڕ بووە، ئێستاش ساڵانی ئاشتی هاتۆتە ئاراوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئاواتەخوازە "رێککەوتنی ئیبراهیم"ی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان بەدەستبهێنێت.
لە میانی وتارەکەیدا دوای سوپاسکردنێکی زۆری، بە ترەمپ راگەیاند؛ کە کاندید کراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئیسرائیل، کە یەکەم کەسە کە غەیرە ئیسرائیلەیە ئەو خەڵاتە وەربگرێت، پێشبینیش کرد کە ترەمپ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی ئایندەدا بباتەوە.
بە ترەمپیشی وت؛ کاتێک ئەوانی تر لاواز بوون، تۆ بەهێز بوویت؛ کاتێک ئەوانی تر دەترسان، تۆ بوێر بوویت؛ کاتێک ئەوانی تر وازیان لێهێناین، تۆ لە تەنیشتمانەوە وەستایت هەربۆیە تۆ گەورەترین دۆستی ئیسرائیلیت.
هەسەدە دەخرێتە سەر وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سوریا و مەزڵوم کۆبانێش دەڵێت: لە ئێستادا گفتوگۆکان لەو بارەیەوە بەردەوامییان هەیە.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس، رایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی لە دیمەشق گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی سەبارەت بە میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکانیان لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سوریا، هاوکات فەرماندەیەکی باڵای هەسەدەش جەختدەکاتەوە، هێزەکانیان دەبنە پارێزەری تەواوی جوگرافیای سوریا.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرایکرد: "لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی گەیشتووینەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی سەبارەت بە میکانیزمی تێکەڵکردنی هەسەدە لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا."
مەزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا گفتوگۆکان لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی لە دیمەشق بەردەوامییان هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆهلات عەفرین فەرماندەی گشتیی یەپەژەو ئەندامی فەرماندەیی هێزهكانى سوریاى دیموكرات رایگەیاند: "هەسەدە دەبێتە ئەو هێزەی کە پارێزگاری لە تەواوی جوگرافیای سوریا دەکات."
وتیشی: "مۆدێلی سەربازیی هەسەدە ئەزموونێکی پێشکەوتوو لە رێکخستن و دیسپلین پێکدەهێنێت، دەکرێت پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای سوپایەکی نیشتمانیی گشتگیر."
رۆهلات عەفرین جەختی لەوەشکردەوە، ئەو رێکارە ئەمنی و سەربازییانەی هەسەدە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا گرتوویەتیەبەر، رێگەیان لە تەشەنەسەندنی پشێوی و ناسەقامگیری گرتووە.
بە وتەی ئەو فەرماندەیەی هەسەدە، "ئەم رێکارانە هەموو پێکهاتەکان لە عەرەب و کورد و سریان دەپارێزن و پێکەوەژیانی هاوبەشی نێوانیان دەستەبەر دەکەن."
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە ئێستادا هیچ بارمتەیەکی زیندوو لەلای حەماس نەماوە و بڕیاریشە تەرمی 28 بارمتەش رادەستبکاتەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، حەماس هەر 20 بارمتە زیندووەکەی رادەستی خاچی سوری نێودەوڵەتی کردووەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، بڕیارە تەرمی 28 بارمتەش رادەست بکاتەوە و لە بەرانبەردا ئیسرائیل هەزار و 716 زیندانیكراوی فەلەستینی ئازادكردووە.
جێگەی ئاماژەیەوە، لە ئێستادا سەرۆکی ئەمریکا لە ئیسرائیلە و دواتریش سەردانی میسر دەکات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی شەرم شێخ بۆ ئاشتی.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە تەلئەبیب و لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە پێشوازی لێکرا.
بڕیارە لە سەردانەکەیدا دۆناڵد ترەمپ سەردانی کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان بکات.
هاوکات، دوای ئیسرائیل سەرۆکی ئەمریکا سەردانی میسر دەکات، بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی شەرم شێخ بۆ ئاشتی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەرانبەر بە دەستگیرکراوە فەلەستینییەکان دەستیپێکرد و حەماس حەوت بارمتەی ئازادکرد، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هەزار و 716 زیندانیكراوی فەلەستینی لە كۆمەڵگەی ناسریە ئازادكرد
بزوتنەوەی حەماس ناوی 20 بارمتەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.
لیستی بارمتە زیندووەکان، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لەلایەن حەماسەوە بڵاوکراوەتەوە، بریتییە لە:
1. ماتان ئەنگریست
2. زیڤ بێرمان
3- ئالۆن ئۆهێل
4. یوسف حەیم ئۆهانا
5. ئاڤیتان ئۆر
6. ئاڤیتار دەیڤد
7- ئێلکانا بۆهبۆت
8. گالی بێرمان
9- سێگێڤ کالفۆن
10- رۆم برێسلاڤسکی
11- گای گیلبۆا
12. ماتان زینگاوکەر
13- ئیتان هۆرن
14- ماکسیم هارکین
15. نەمرود کۆهین
16. بار کوپەرشتاین
17. ئیتان مۆر
18. ئۆمری میران
19- دەیڤد کۆنیۆ
20- ئاریێل کۆنیۆ
ئازادكردنی بارمتەكانی غەززە لە بەرانبەر زیندانییە فەلەستینییەكان بەڕێوەچوو، لە قۆناغی یەكەمدا حەوت بارمتە ئازادكران.
سوپای ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، ئاڵوگۆڕی زیندانیانی فەلەستینی و بارمتەكانی ئیسرائیل لە ، لە سەعات 8ی بەیانی بە كاتی ناوخۆ لە دەروازەی نەتسەریمەوە دەستپێكرد، و لە قۆناغی یەكەمدا حەوت بارمتە ئازادكران، بڕیاریشە ئەوانی دیكە سەعات 10ی بەیانی لە خان یونس ئازادبكرێن.
بەپێی رێككەوتنەكە، حەماس 20 بارمتە ئازاد دەكات و تەرمی 28بارمتەش رادەست دەكات.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل 250 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەكات كە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە و هەزار و 700 زیندانی دیكەش ئازاد دەكات كە لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕەوە دەستبەسەركراون.
بنیامین ناتانیاهۆ، رایگەیاند؛ گەڕانەوەی بارمتەکان روداویكی مێژوویە بۆ ئیسرائیل و جەختیشیکردەوە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، بەڵام شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە و روبەڕووی ئاڵنگاری گەورەی ئەمنی دەبنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە پەیامێکی دا بۆ هاووڵاتیانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند، “ئەمشەو شەوێکی سۆزدارییە، تێکەڵ بە فرمێسک و شادییە، چونکە سبەینێ منداڵەکانمان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئەمە روداوێکی مێژووییە کە خەمی ئازادکردنی بکوژەکان لەگەڵ خۆشی گەڕانەوەی بارمتەکان تێکەڵ دەکات، روداوێک کە هەندێک باوەڕیان نەبوو روبدات، بەڵام سەربازەکانیان باوەڕیان هەبوو، زۆر کەس باوەڕیان هەبوو، منیش باوەڕم هەبوو.
جەختیشیکردەوە کە ئەم سەرکەوتنەی بەدەستیان هێناوە جیهانی سەرسامکردوە، ئەوان لە هەر شوێنێک شەڕیان کردبێت سەرکەوتوبوون.
دەشڵێت؛ دوای ئەو سەرکەوتنەی بەدەستیانهێناوە، ئێستا دەرفەتی گەورەترلەبەردەمماندایە؛ دەرفەتێک کە پێشتر ئەزموونیان نەکردووە.