ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات؛ نەخشەی 15 شوێنی بڵاوکردوەتەوە کە دەیانکاتە ئامانج
بڵند
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسداران، نەخشەیەکی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی ئەوەیان کردوە، ئەگەر ئەو وڵاتە جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر ئێران، 15 لە ناوەندە هەستیارەکانی ئیسرائیل بە مووشەکی ئێران تەخی زەوی دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای پاسداران بە دانانی نەخشەیەک، پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی ئیسرائیل کردوە، لە ئەگەری دووبارە هێرشکردنەوە بۆسەر ئێران، ئەو شوێنانە کە ستراتیژین، لە لایەن موشەکەکانیانەوە دەکرێنە ئامانج.
ئەو شوێن و ناوەندانەی سوپای پاسداران بڵاوکیکردوەتەوە بریتین لە پاڵاوگەکانی سوتەمەنی، وێستگەکانی کارەبا و کێڵگە غاز و نەوتییەکان.
سوپای پاسداران ناوی شوێنەکانیشی بڵاوکردوەتەوە، کێڵگەی غازی کاریش، کێڵگەی غازی تەمار، پاڵاوگەی نەوتی حەیفا، پاڵاوگەی نەوتی ئەشدۆد، وێستگەی کارەبای هاگیت، کێڵگەی نەوتی هاڵتز، تێرمیناڵی نەوت و کۆگای نەوتی ئەشقەلۆن، تێرمیناڵی نەوت و کۆگای نەوتی ئیلات ئەو شوێنانەن کە سوپای پاسداران دەڵێت؛ بە موشەکەکانیان تەختی زەوی دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە لە دوای شەڕی 12رۆژەی نێوانیان، بەردەوام ئیسرائیل و ئێران هەڕشە لە یەکتری دەکەن و پەیامی هەڕەشە ئامیز ئاراستەی یەکدی دەکەن.



